بزووتنەوە: یەكگرتوو ناتوانێت بەناوی ئێمەوە هەڵوێست دەرببڕێت

:: PM:01:58:23/10/2018 ‌
بەرپرسێكی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان ئاشكرای كرد، فڕاكسیۆنەكەی یەكگرتوو هیچ كاندیدێكی ئێمە تێدا نییە، بۆیە ناكرێت بەناوی ئێمەوە هەڵوێست دەرببڕێت و هەڵوێستەكانیان پێوەستە بە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان.

ئەمڕۆ سێشەم 23ـی تشرینی یەكەم، كامیل مەحموود گوتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان لە لاپەڕی تایبەتی خۆی بڵاوی كردۆتەوە، ناكرێ لەمەودوا یەكگرتوو بەناوی بەرەی ئیسلاحەوە هەڵوێست دەربڕێت و بڕیار بدات، چونكە ئەو لیستە ئێستە فراكسیۆنەكەی هیچ كاندیدێكی بزووتنەوەی تیا نییە و تەنیا لە یەكگرتوو پێك هاتووە.

ئەو بەرپرسەی بزوتنەوەی ئیسلامی ئاماژەی داوە، بۆ یەكگرتوو ناكرێ بەناوی هەردوو حزبەوە هەڵوێست بنوێنێت، لەئاییندەشدا پێشهاتی تر دێتە ڕێی ئەو فراكسیۆنە كە هەڵوێستی دەوێت و هەڵوێستەكەش دەبێتە هەڵوێستی یەكگرتووی ئیسلامی نەك بزووتنەوە.

ئاشكرای كردووە،  سەرجەم ئەندامانی فڕاكسیۆنەكە بەحوكمی پەرلەمانتارەكانی یەكگرتوون، بۆیە دەكرێت لەوێستگەكانی ئاییندەدا وەك حزب بزووتنەوە و یەكگرتوو لەگەڵ ئیسلامییەكانی تریشدا هەماهەنگ بن و هەوڵ بدەن لەمەڕ بارودۆخی كوردستان و ناوچەكە هاوهەڵوێست بن یان هەڵوێستەكانیان لەیەكەوە نزیك بێت.

بزوتنەوەی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی 30ـی ئەیلوول بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنەكانیان كرد، بەڵام كاندیدانی بزوتنەوە نەیان توانی هیچ كورسییەك بەدەستبهێنن.



وشە - رامیار جەواد