ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی لەوە كردەوە بە كارهێنانی هێز بەرانبەر هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە نایاسایی بوو.
ئەمڕۆ سێشەم 24ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانەی بەشداری لە دیداری مێری رای گەیاند، بەكارهێنانی هێز لە لایەن بەغدا دژی پێشمەرگە نایاسایی بوو.
یاوەر گوتی، زۆرجار كێشەی دەسەڵاتەكان لە رووی دارایی و ئابووری و دەسەڵاتەكانی هەرێم و پێوەندییەكانی دەرەوە و هێزی پێشمەرگە بوونەتە كێشەی سیاسی، ئەگەرنا لە بنەڕەتدا كێشەكان سیاسی نین.
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەیشی خستەڕوو، لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان حكوومەتی عێراق دژی مادەی نۆ هەڵسووكەوتی كرد و هێزی هێنایە سەر خەڵكی كوردستان كە هاووڵاتی خۆیەتی.