سەرۆك بارزانی: عەفرین درێژكردنەوەی ئەو زنجیرە زوڵمەیە كە لە كورد دەكرێت

:: PM:02:10:23/10/2018 ‌
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی ئەنجوومەنی ڕزگاری عەفرین كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا ڕای گەیاند، ئێستە عەفرین درێژكردنەوەی ئەو زنجیرە زوڵمەیە كە لە كورد دەكرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 23ـی تشرینی یەكەم، سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی ئەنجوومەنی مەدەنیی رزگاریی عەفرین كرد.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان پیرۆزبایی سەركەوتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانیان لە هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان لە سەرۆك بارزانی كرد و رایان گەیاند كە بە سەركەوتنی پارتی سەربەرزن و سەركەوتنی پارتی جێی ئومێدی هەموو لایەكە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسی و مرۆیی عەفرین و گوزەرانی دانیشتووانی عەفرین و ئاوارەكان و هەروەها هەڕەشەكانی گۆڕینی دیموگرافیی ئەو شارە لە لایەن هێزە جۆراوجۆرەكان تاوتوێ كرا و شاندی میوان سەرۆك بارزانیان لە وردەكاریی ئازاردانی خەڵك و پێشێلكارییەكان لە دژی كورد لەو ناوچەیە ئاگەدار كردەوە و گلەییشیان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە چاوپۆشیان لەو پێشێلكارییانە كردووە كە دەرهەق بە خەڵك و سرووشتی عەفرین دەكرێت.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی، نیگەرانیی قووڵی خۆی لەمەڕ ئاییندەی رۆژئاوای كوردستان و بارودۆخی عەفرین نیشاندا و ئەوەیشی خستەڕوو كە عەفرینیش درێژكراوەی ئەو زنجیرە كارەسات و زوڵمەیە كە دەرهەق بە گەلی كوردستان لە رابردوودا كراوە، هەروەها بەرچاوڕوونیی پێویستی لەبارەی هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكە و داهاتووی سووریا و عەفرین بۆ شاندی میوان خستەڕوو.



وشە - رامیار جەواد