یەكێتی لەپێناو پۆستێك سازشی بەردەوام بۆ توركمان و عەرەب دەكات

:: PM:02:48:23/10/2018 ‌
یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پێناو بە دەستهێنانەوەی پۆستی پارێزگاری كەركووك لە كۆبوونەوەكانی لەگەڵ عەرەب و توركمان بەردەوامە و بەپێی زانیارییەكانیش ئامادەی هەموو سازشێكە لەپێناو وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە.

ئەمڕۆ سێشەم 23ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبوونەوەكانی یەكێتی لە كەركووك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، یەكێتی لە ڕێی ئاسۆ مامەند بەرپرسی مەڵبەندی دووی یەكێتی لە كەركووك و بافڵ تاڵەبانی كوڕی جەلال تاڵەبانی بەردەوام لەگەڵ توركمان و عەرەبەكان لە پێوەندیین بۆ ئەوەی لەگەڵیان ڕێكبكەون و پۆستی پارێزگاری شارەكە بەدەست بێننەوە.

سەرچاوەكە دووپاتی لەوە كردەوە كە یەكێتی لەكۆبوونەوەكانی لەگەڵ عەرەب و توركمان ئامادەیی بۆ هەموو شتێك دەربڕیوە لەپێناو ڕازی كردنیان، بەڵام تا ئێستە لەوبارەیەوە هیچ ڕێككەوتنێك نەكراوە.

ئەوە لەكاتێكدایە پێشتر ئازاد جەباری ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بۆ "وشە"ی ئاشكرا كردبوو كە توركمانەكانی كەركووك كێشەیان بۆ هەوڵەكانی یەكێتی دروست كردووە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگای كەركووك و هەر ڕۆژە و داواكارییەكیان هەیە.

كەركووك لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017ەوە لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چاوساغی چەند كەسێكی ناو یەكێتی داگیر كراوە و ئێستە خیانەتكاران دەیانەوێ‌ جارێكی تر بە ڕێككەوتنی ژێر بەژێر لەگەڵ عەرەب و توركمان پۆستە ئیدارییەكانی شارەكە وەربگرنەوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم