بێكه‌س دیوانى "كه‌ مردم له‌ دڵى ژنێك ده‌مدۆزنه‌وه‌" بڵاو ده‌كاته‌وه‌

:: PM:03:01:23/10/2018 ‌
 بێكه‌س حه‌مه‌قادر: له‌م دیوانه‌دا سوپرایزم بۆ خوێنه‌ران هه‌یه‌

"كه‌ مردم له‌ دڵى ژنێك ده‌مدۆزنه‌وه‌" ناونیشانى دوایین كتێبى بێكه‌س حه‌مه‌قادر كه‌ شاعیرێكی ناسراوی كوردستانه‌، بڕیاره‌ به‌منزیكانه‌ بڵاو بكرێته‌وه‌ و بێكه‌س ده‌ڵێ، "ئه‌مجاره‌ له‌ كاتى بڵاوكردنه‌وه‌ى سوپرایزم بۆ خوێنه‌ران ده‌بێت".

 بێكه‌س حه‌مه‌قادر كه‌ تا ئێسته‌ 13 كتێبى بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، له‌م چه‌ند رۆژه‌ى داهاتوودا كتێبێكى ترى بڵاو ده‌كاته‌وه‌ كه‌ دیوانێكى شیعرییه‌ به‌ناونیشانى "كه‌ مردم له‌ دڵى ژنێك ده‌مدۆزنه‌وه‌". بێكه‌س له‌ دیمانه‌یه‌كى كورتى له‌گه‌ڵ "وشه‌"دا، وێڕاى باسكردن له‌ ناوه‌ڕۆكى ئه‌م كتێبه‌ى، چه‌ندان تێبینیش له‌سه‌ر شیعر و ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى كوردى ده‌خاته‌ ڕوو.

 سه‌ره‌تا له‌باره‌ى دیوانه‌ نوێییه‌كه‌ى گوتى، "ئه‌و دیوانه‌م دوایین كارمه‌، له‌ تاران چاپ كراوه‌ و له‌ نزیكترین كاتدا به‌ تیراژى هه‌زار دانه‌ بڵاو ده‌بێته‌وه‌". ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، ئه‌و ده‌قانه‌ى نه‌ژماردووه‌ كه‌ له‌ كتێبه‌كه‌دا بڵاو كراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام دووپاتى كرده‌وه‌، سه‌رجه‌م ده‌قه‌كان له‌ ماوه‌ى كه‌متر له‌ ساڵێك نووسراون. ئه‌و گوتى "واته‌ دواى بڵاوكردنه‌وه‌ى دیوانى راكردن له‌ مردن" بڵاوم كردووه‌ته‌وه‌.

 بێكه‌س حه‌مه‌قادر كاتێك هاته‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆكى شیعره‌كانى باسى له‌وه‌ كرد، هه‌موو كۆششێكى كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ناوه‌ڕۆك و شێواز و ته‌كنیكى شیعره‌كانى له‌ دیوانه‌كانى پێشترى جیاواز بێت،  خۆی ده‌ڵێ، "جیا له‌ كاره‌كانى خۆم، هه‌وڵم داوه‌ له‌ هیچ شاعیرێكى تر نه‌چم، له‌ڕووى ناوه‌ڕۆك و شێواز و ته‌كنیك و هه‌موو شته‌كان، هه‌وڵم داوه‌ كارى نوێ بكه‌م، ئه‌وه‌ى كردوومه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ شیعره‌كانى پێشووى خۆم و كه‌سانى پێش خۆم ناچێت".

 بێكه‌س ئاماده‌ نه‌بوو ناوى ئه‌و گرووپه‌ بهێنێ كه‌ ئه‌ركى له‌ چاپدانى كتێبه‌كه‌ى له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌، وێڕاى ئه‌وه‌ش باسى له‌وه‌ كرد كه‌ زۆربه‌ى كتێبه‌كانى له‌سه‌ر ئه‌ركى خۆى چاپ كردووه‌. زیاتر گوتى "من تا ئێسته‌ 13 كتێبم بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، ته‌نیا یه‌كێكیان نه‌بێت مێژوویییه‌، جیا له‌مه‌ش سه‌رجه‌م كتێبه‌كانم له‌سه‌ر ئه‌ستۆى خۆم چاپ كراون، ته‌نیا دوو دانه‌یان نه‌بێت".

 بێكه‌س هه‌ر كه‌ كتێبێك بڵاو ده‌كاته‌وه‌، رێوڕه‌سمێكى تایبه‌تى بۆ ئه‌نجام ده‌دات، بۆ ئه‌مجاره‌ش ده‌ڵێ "له‌ رێوڕه‌سمى بڵاوكردنه‌وه‌ى كتێبه‌كه‌م سوپرایزم ده‌بێت". له‌و رووه‌وه‌ گوتى "من رێز له‌ خوێنه‌ر و شیعرى خۆم ده‌گرم، بۆیه‌ هه‌ر كه‌ كتێبێك چاپ ده‌كه‌م، حه‌ز ده‌كه‌م رێوڕه‌سمى بۆ بكه‌م، دۆست و خوێنه‌رانى خۆم داوه‌تى رێوڕه‌سمه‌كه‌ ده‌كه‌م، ئه‌مجاره‌ كار له‌سه‌ر بیرۆكه‌یه‌كى نوێ ده‌كه‌م، ئه‌ویش تا رۆژى رێوڕه‌سمه‌كه‌ ئاشكراى ناكه‌م".

 له‌ قسه‌كانى ئه‌م شاعیره‌ به‌شێكی كه‌م له‌ بیرۆكه‌ى رێوڕه‌سمه‌كه‌ى ده‌رخست، "با رێوڕه‌سمی كتێب ته‌نیا واژووكردنى كتێب نه‌بێت، ئێمه‌ ئه‌مجاره‌ بیرۆكه‌یه‌كى وامان هه‌یه‌ كه‌ كه‌سێك له‌ رێوڕه‌سمه‌ خه‌ڵات بكرێت، له‌به‌ر خزمه‌ته‌كانى، به‌دڵنیایییه‌وه‌ خۆم نیم، به‌ڵكو كه‌سێكى تره‌، له‌وانه‌یه‌ خوێنه‌رێك بێت، له‌وانه‌یه‌ كرێكارێك بێت، به‌ڵام خزمه‌تى كردبێت، ئه‌م كاره‌ له‌ پاڵ بڵاوكردنه‌وه‌ى كتێبه‌كه‌، كارێكى نوێ و جوان ده‌بێت".
بێكه‌س حه‌مه‌قادر به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ كه‌سێكى یاخییه‌، به‌ڵام له‌ قسه‌كانى كاتێك باسى ره‌خنه‌گرانى كوردى كرد، به‌ر له‌ هه‌موو شتێك گوتى، "من له‌م بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نیم گوێ به‌ ره‌خنه‌ى ئه‌وان نه‌ده‌م، رێزم بۆ هه‌ر ره‌خنه‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ له‌باره‌ى منه‌وه‌ بنووسرێت، من كارم ته‌نیا نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌یه‌، ئیتر موڵكى من نییه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێم وایه‌ ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى كورد وێرانه‌یه‌".

له‌ درێژه‌ى قسه‌كانى مه‌به‌ستى خۆى له‌ "وێرانه‌" روون كرده‌وه‌ و گوتى، "نزیكه‌ى 20 ساڵه‌ به‌سه‌دان كتێب بڵاو كراونه‌ته‌وه‌، كه‌چى چوار كتێبى ره‌خنه‌یى له‌باره‌ى ئه‌م ئه‌ده‌به‌ نه‌نووسراوه‌، من له‌وه‌ ناگه‌م ره‌خنه‌گرى ئێمه‌ كارى چییه‌؟ بۆ پێمان ناڵێن شیعره‌كانى ئێمه‌ له‌سه‌ر ئاستى دنیا بۆ ناخوێنرێته‌وه‌، بۆ پێمان ناڵێن هۆكار چییه‌ شاعیرانى به‌رده‌ڕه‌ش و دهۆك شیعرى هه‌ولێر ناخوێننه‌وه‌، به‌هه‌مانشێوه‌ هه‌ولێریش ئاگاى له‌ شیعرى به‌رده‌ڕه‌ش نییه‌، بۆچى قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ناكه‌ن، وه‌رگێڕه‌كانى كورد، ئه‌ده‌بى كوردى وه‌رناگێڕنه‌ سه‌ر زمانه‌كانى تر".

 بێكه‌س دووپاتى كرده‌وه‌، ره‌خنه‌گرانى كورد به‌ ئه‌ركى خۆیان هه‌ڵنه‌ستاون، بۆیه‌ به‌وه‌ ناڵێم ره‌خنه‌ كه‌ گرووپ و میزاج و براده‌رێتى زاڵ بێت، ره‌خنه‌گر ده‌بێت ئه‌وه‌ دیار بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ى ئێمه‌ ئه‌ده‌ب نه‌بێت، ئه‌ى ئه‌م ژاوه‌ژاوه‌ چییه‌؟.

 له‌ كۆتایى قسه‌كانیشى بێكه‌س حه‌مه‌قادر جارێكى تر به‌ چه‌ند رسته‌یه‌ك گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر كتێبه‌ نوێیه‌كه‌ى و گوتى، "هه‌وڵم داوه‌ كارێكى نوێ بكه‌م، چونكه‌ حه‌زم له‌وه‌ نییه‌ كتێب چاپكردنم وه‌ك ئه‌وه‌ بێت بلۆك له‌سه‌ر یه‌ك دابنێم".


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل