مەلا بەختیار: بەهۆی پۆستێكی سیادی بەغدا هەموو شتێك تێكدرا

:: PM:03:50:23/10/2018 ‌
لێپرسراوی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات بەهۆی پۆستێكەوە كە مەبەستی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقە یەكڕیزی نێوان حزبەكان تێكچوو لە كاتێكدا بڕیاربوو پێكەوە بچینەوە بۆ بەغدا. هاوكات ئاماژە بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆی كوردستان دەكات.

مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لەمیانەی بەشداری كردنی لە دیداری مێری گوتی، لە كوردستان بڕیارمان وابوو پێكەوە بچینە بەغدا و پاكێجەكانمان پێشكەشی دەسەڵاتداران بكەین، بەڵام بەهۆی پۆستێكی سیادی هەموو شتێك تێكدرا و لایەنەكان بەجیا دانووستان دەكەن.

هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كێشەی كورد ئەوە نییە دەریای نییە و پێش ئەوەی فڕۆكەخانە درووست بێت ئێمە نەمان بووبێت، بەڵكو كێشەی سەرەكی كورد ئەوەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و عەرەب و فارس و توركیش بە رواڵەت دیموكراسییەتیان دەوێت.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا مەلا بەختیار ئاماژەی بە ڕٍیفراندۆمی سەربەخۆی بۆ كوردستان كرد كە بە ڕێبەرایەتی سەرۆك بارزانی لە 25ی ئەیلوولی ساڵی 2017 ئەنجام درا و گوتی، ئێمە تاوانێكمان نەكرد كە گوتمان با ریفراندۆم بكەین، هیچ تاوانێكمان نەكردووە، بەڵكو ئەو عەقڵیەتانەی لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست حوكم دەكەن، عەقڵیەتێكە كە سنووری مافەكانی تۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆیەتی و هەر كاتێك ویستت دەسەڵاتی ئەو تێپەڕێنیت، بۆ ئەسڵی خۆی دەگەڕێتەوە و هێز و تۆپ و تەیارە بەكار دەهێنێت.

قسەكانی مەلا بەختیار لەبارەی ڕیفراندۆم هەڵوێستێكی نوێ‌ نییە پێشتریش ئەو بەردەوام پشتیووانی ڕیفراندۆمی دەكرد، هاوكات خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەری بە فەیسبووكباز و كاڵفام ناوبرد كاتێك بە خیانەتەكەیان دەسكەوتەكانی ڕیفراندۆمیان لەباربرد.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم