مەسروور بارزانی: لەسەر بنەمای ئەنجامەكانی هەڵبژاردن حكوومەتێكی بەهێز دروست دەكەین

:: PM:05:00:23/10/2018 ‌
ئەمڕۆ 23ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە رامۆن بلاكوا باڵوێزی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق كرد.

لە دیدارێكدا، وێڕای تاوتوێكردنی هەوڵ و هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق و پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییەكانی ناوچەكە گفتوگۆ لەبارەی‌ پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و یەكێتی ئەوروپا و هەڵبژاردنی ئەم دواییەی هەرێمی كوردستان كرا. 

پێوەست بە هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ لە بەغدا، مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوەدا، پشتگیری لە هەنگاوەكانی عادل عەبدولمەهدی دەكەین و لەسەر بنەمای بەشداریكردنی یەكسان لە نێوان پێكهاتە سەرەكییەكان لە گفتوگۆكانماندا بەردەوامین و رای گەیاند، دەبێت هەرێمی كوردستان رۆڵی بەشداری راستەقینەی لە بڕیارە سیاسی و سەربازی و تەناهییەكان هەبێت.

لە بەشێكی تری دیدارەكەدا باس لە رۆڵی دەستوور لە چارەسەركردنی كێشەكان، بەتایبەتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان كرا، لەوبارەوە راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، مادەی 140ی دەستوور كلیلی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستانە‌ و گوتی، ئەم چارەسەرە دەبێتە بنەمایەك بۆ چارەسەركردنی پرسە هەڵواسراوەكانی وەك یاسای نەوت و غاز و بودجەی پێشمەرگە.

لە بارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان مەسروور بارزانی روونی كردەوە، كە دەخوازن لەسەر بنەمای ئەنجامەكانی هەڵبژاردن حكوومەتێكی بەهێز دروست بكەن.

لەلای خۆیەوە باڵوێزی یەكێتی ئەوروپا پیرۆزبایی سەركەوتنی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی لە مەسروور بارزانی كرد و رای گەیاند، ئەنجامەكان دەبنە چوارچێوەیەكی یاسایی بۆ كوردستانێكی بەهێز و سەقامگیر. هەروەها ئاماژەی بە هەوڵەكانی یەكێتی ئەوروپا بۆ یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان دا و رای گەیاند، ‌ یەكێتی ئەوروپا لە گفتوگۆی بەردەوام دایە بۆ هاوكاری كوردستان لە رووی پرۆسەی چاكسازی و رێكخستنەوەی هێزە سەربازی و تەناهییەكانی كوردستان.  



وشە - سه‌رخێڵ هاشم