دەستكەوتەكانی ترەمپ رێگە بۆ كۆنترۆڵكردنی كۆنگرێس خۆش دەكەن

:: PM:06:00:23/10/2018 ‌

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نوێبوونەوەی نیوەیی كۆنگرێسی ئەمەریكا كە لە تشرینی دووەمی داهاتوو بەڕێوە دەچێت، ئاستی ململانێی و سوودوەرگرتنی هەردوو پارتی كێبەركێكار، پارتی دیموكرات و پارتی كۆماری، لە چوارچێوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە هەڵكشاندایە، لەو كاتەی دۆناڵد ترەمپ و كاندیدانی پارتەكەی سەرقاڵی باسكردنی دەستكەوتەكانیان لە ماوەی رابردوودا، دیموكراتەكان باسی نەرێنییەكانی ماوەی دەسەڵاتی ترەمپ دەكەن.

پرسە دەرەكییەكان و پێوەست بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا كە كۆمارییەكان پێی دەناسرێن، بووەتە بەشێكی گەورەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەمجارە و دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و كاندیدانی پارتی كۆماری گرنگی بە گرێبەستە سەركەوتووەكانی دەسەڵاتی كۆمارییەكان لە ماوەی رابردوو دەدەن لەگەڵ كۆریای باكور و توركیا و كۆتاهێنانی بە رێككەوتننی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و دووبارە گفتوگۆكردن لەبارەی رێككەوتننی بازرگانی ئازاد لەگەڵ كەنەدا و مەكسیك و بەرپەرچدانەوەی فرەوانخوازی بازرگانی چین و ئازادكردنی گیراوەكانی ئەمەریكا لە دەرەوەی وڵات، هاوكات پارتی دیموكرات و كاندیدانی رەخنە لە كەمكردنەوەی بودجەی وەزارەتی دەرەوە و كەمكردنەوەی نێردەی دیپلۆماسی ئەمەریكا لە دنیا و دەستلەكاركێشانەوەی دواییەكی كارمەندانی دیاری سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەگرن، جیا لە زیادبوونی ئاڵۆزی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا بەتایبەتی هاوپەیمانی ناتۆ و گرووپی حەوت هێزی پیشەسازی.    

سەرەڕای ئەوەی پێویستە كاندیدانی هەردوو پارت بۆ هەڵبژاردنی مانگی داهاتوو گرنگی بە پرسە ناوخۆییەكان بدەن كە راستەوخۆ كاریگەری بۆ سەر دەنگدەری ئەمەریكایی هەیە، بەڵام پێ دەچێت لەو هەڵبژاردنە سوودوەرگرتن لە پرسە دەرەكییەكان بۆ كارتێكردنی بۆچوونی دەنگدەرانی ئەمەریكایی وەك بەشێك لە ئاسایشی نەتەوەیی ئەوان زیاتر ببێت و بۆ ئەوەیش چەند هۆكارێك رێگەی بۆ ئەو كارە خۆش كردووە لەوانە، بوونی یاساكانی رێگە بە پاڵپشتی دەرەكی بۆ هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن دەدات، رۆڵی لۆبی و گرووپەكانی پاڵەپەستۆ كە بەرژەوەندی ئەوان راستەوخۆ بە سیاسەتی دەرەوەی وابەندە.

لەو چوارچێوەیە كاندیدانی پارتی كۆماری هەوڵ دەدەن كە سوود لە سیاسەتەكانی دەرەوەی ترەمپ وەربگرن بەو پێیەی لە سۆنگەی پێوەندیان بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا پێوەستن بە دۆخی ناوخۆیی وڵات و شارەزایی پێشتر ئاماژە دەكەن كە زۆرجار پرسەكانی سیاسەتی دەرەوە دۆخەكە بۆ یەكێك لەو دوو حزبە لاسەنگ دەكەن، بۆ نموونە پێشتر ئیدارەی جۆرج بۆش سوودی لە هەڵمەتی نەهێشتنی تیرۆر بینی لە هەڵبژاردنی نیوەیی نوێكردنەوەی كۆنگرێس لە 2002، كە ئێستەیش ترەمپ هەمان هەوڵ دەدات بۆ دەنگدان بە پارتی كۆماری بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی لە دوو ساڵی رابردوو بەدەستی هێناوە، وەك چۆن لێدوانی داوە بەوەی لەكاتی دۆڕاندنی پارتەكەی، دیموكراتەكان دەستكەوتەكانی بەتایبەتی لە جەنگی بازرگانی لەگەڵ چین و كەنەدا و مەكسیك و یەكێتی ئەوروپا لەناودەبەن. 

هەڵبژاردنی مانگی داهاتوو گرنگییەكی تایبەتی بۆ ترەمپ هەیە بەوەی دەبێتە راپرسییەك بۆ سیاسەتەكانی كە لەوەتەی لە سەرەتای 2017ەوە هاتووە بۆ دەسەڵات پێڕەویان دەكات، جیا لەوە هەلێكیشە بۆ تاقیكردنەوەی بنكەی جەماوەرییەكەی بۆ هەڵبژاردنی 2020، بۆیە دەتوانین گرنگی ئەو هەڵبژاردنە بۆ ترەمپ لەو خاڵانە كورت بكەینەوە:

1-سیاسەتی دەستەوارەكان، سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ بەرجەستەی هەوڵەكانیەتی بۆ سەلماندنی براگماتی و تواناكانی بۆ سازكردنی دەستەوارەكان لەسەر ئاستی دەرەكییەوە، ئەو لە هەڵمەتی هەڵبژاردن باسی دەستكەوتەكانی خۆی پێوەست بە گۆڕینی نەخشەی بازرگانی لەگەڵ چین و كەنەدا و مەكسیك و یەكێتی ئەوروپا بۆ بەرژەوەندی ئەمەریكا كرد، هەروەها ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ كۆریای باكور و توركیا و پابەندبوونی بە درووشمی "دووبارە بە زلهێزكردنەوەی ئەمەریكا ".  

2-بەدەستهێنانەوەی بنكەی جەماوەری، لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن ترەمپ هەوڵی دا باسی پرسەكانی پێوەست بە بەرژەوەندی دەنگدەری ئەمەریكایی بكات و سەركەوتنیشی دەبێتە مایەی  بەهێزبوونی بنكە جەماوەرییەكەی، ئەوەیش دوای كەمبوونەوەی بنكەی جەماوەری بەهۆی تۆمەتەكانی ئاراستەی گەورە یاریدەرانی لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی پێشوو كران و پاڵپشتی زۆرێك لە ژنان و كەمینەكانیشی لەدەست دا. 

3- راپرسی جەماوەری، ترەمپ ئەو هەڵبژاردنە وەك تاقیكردنەوەیەكی راستەقینەی سیاسەتەكانی دادەنێت، بەتایبەتی لە سایەی راپرسییەكانی رای گشتی كە ئاستی دەستكەوتەكانی كەم دەكەنەوە و بە خراپترین سەرانی ئەمەریكای دادەنێن، بۆیە ئەو هەڵبژاردنە بۆ ترەمپ وەك راپرسییەكە بۆ سیاسەتەكانی لەسایەی درووشمی "سەرەتا ئەمەریكا".

ترەمپ لە میانی بەشداریكردنی لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن هەوڵ دەدات دەستكەوتەكانی زەق بكاتەوە بەتایبەتی پێوەست بە بەدیهێنانی ئەو بەڵێنانەی لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە 2016 دابووی، بۆیە ئەوەی خوارەوە گرنگترین ئەو پرسانەن كە كۆمارییەكانی سوودی لێ دەبینن.  

1-ئازادكردنی گیراوانی ئەمەریكایی لە دەرەوە، ترەمپ دەڵێت ئامادەیە قوربانی بە گرێبەست و دەستەوارەی بازرگانی و بەرژەوەندی سیاسی بدات لە بەرانبەر پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی ئەمەریكا، بۆیە تا كۆریای باكور سێ هاووڵاتییە ئەمەریكاییەكی ئازاد نەكرد، گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەڵ نەكرد و بۆ كرانەوە بەرووی ئێرانیش مەرجی ئازادكردنی گیراوانی ئەمەریكایی لە سەرەتا دانا، جیا لە سوودوەرگرتن لە هەوڵەكانی بۆ ئازادكردنی قەشە برانسۆن كە لەلایەن توركیا گیرابوو، كە ئازادكردنی ئەو قەشەیە وا دەكات ترەمپ دەنگی ئینجیلییەكانی ئەمەریكا مسۆگەر بكات، كە زۆرینەی دانیشتوانی ئەمەریكا پێك دێنن، ئەوەیش دوای ئەو زنجیرە ئابڕووچوونانەی لە ترەمپ ئاشكرا بوون. 

2-دەستلەكاركێشانەوەی نیكی هایلی نوێنەری ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان كە سوپرایزێك بوو لە ناوەندی سیاسی ئەمەریكا لەوكاتەی پاڵپشتێكی سەرسەختی ترەمپ بوو لە نەتەوە یەكگرتووەكان، بەڵام دەتوانرێت وەك گوتارێك بۆ ناوخۆی ئەو وڵاتە بەر لە هەڵبژاردنەكان دابنرێت.

3- هەموواركردنەوەی رێككەوتننی نافتا، واتە رێككەوتننامەی بازرگانی ئازاد بۆ ئەمەریكای باكور كە ترەمپ بە رێككەوتننامەیەكی خراپ و ستەمی بۆ ئەمەریكا لەقەڵەم دا. بۆیە ئەو هەنگاوە وەك كارتێكی براوەی ترەمپە بەر لە هەڵبژاردنەكان كە كار دەكاتە سەر دەستی كاری ئەمەریكا لە كەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ.

4- گفتوگۆكان لەگەڵ كۆریای باكور، ترەمپ بانگەشەی ئەوە دەكات كە لەوەی سەرانی پێشوو شكستیان هێنا، ئەو سەركەوتوو بوو و توانی پاڵ بە كۆریای باكور بنێت بۆ دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ و وەستاندنی تاقیكردنەوەكانی ئەتۆمی بیۆنگیانگ و رێكخستنی لووتكەی راستەوخۆ لە نێوان سەرانی هەردوو كۆریا. 

5- جەنگی بازرگانی لەگەڵ چین، ترەمپ لەو بارەوە دەڵێت كە مەبەستی لە هەڵگیرساندنی جەنگی لەگەڵ پەكین بەهۆی ئەوە بووە كە كورتهێنانی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات لە كۆتایی 2017 گەیشتووەتە 375.5 ملیار دۆلار بۆ بەرژەوەندی چین، بۆیە ئەو كاری كردووە بۆ كەمكردنەوەی لە رێگەی سەپاندنی رسووماتی گومرگی.

6-رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا، دوای سەركەوتنی لە جەنگی بازرگانی لەدژی چین و وڵاتانی نافتا، ترەمپ سەركەوتوو بوو لە سازكردنی رێككەوتن لەگەڵ وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا بۆ سفركردنەوەی رسووماتی گومرگی لە نێوانیان لە بوارەكانی پیشەسازی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل