شەرارە: بەر لەوەی كاری مۆدێل بكەم ئەكتەر بووم

:: PM:06:25:23/10/2018 ‌
ژنە ئەكتەر و نمایشكاری ڕۆژهەڵاتی كوردستان زەینەب نەقشبەندی ناسراو بە "شەرارە" كە لە دایكبووی شاری مەلایەرە لە پارێزگای هەمەدان. ماوەیەكە بە مەبەستی ئەنجامدانی پڕۆژەكانی لە بارەی مۆدێل و نواندنی جلوبەرگ هاتووەتە هەولێر. 
شەرارە بەكالۆریۆسی لە بیناسازی و دیزاینی ناوماڵدا هەیە و یەكێك بوو لە بەشدارانی هەفتەی نمایشی جلوبەرگی كوردستان لە هەولێر. لەم دیمانەیەدا وەڵامی چەندان پرسیاری "وشە" دەداتەوە.

ماوەیەكە لە باشووری كوردستانیت، هۆی چییە؟
نزیكەی ساڵێكە بۆ كار و پڕۆژەكانم لەبارەی مۆدێل و نواندنی جلوبەرگ هاتوومەتە باشووری كوردستان و لە هەولێر نیشتەجێم. ئامانجمە بتوانم ژیانی پڕۆفیشناڵی خۆم لەو بابەتەی ئیشی تێدا دەكەم لە هەولێر درێژە پێ بدەم، چونكە ئەو بوارەی من ئیشی تێدا دەكەم، لە ئێران تا ئاستێك ڕێ پێنەدراوە و گرفتی بۆ دروست دەكرێ، بەڵام هەولێر وەك شوێنێكی ئاوەڵاتر و ئازاد‌تر دەتوانێ ببێت بە سەنتەرێكی باش بۆ ئیشی مۆدێلینگ و فاشیۆن.

ماوەی چەند ساڵە وەك مۆدێلیست كار دەكەی؟
هەوڵ و چالاكی من لە بواری مۆدێلینگ لە ساڵی ٢٠١٤ لە تاران دەستی پێ كرد. دوای تێپەڕكردنی خولی پڕۆفیشناڵ و بەتایبەتی مۆدێلینگ، بەشداری چەندان چالاكی وەك پێشانگەی نواندنی جلوبەرگ و وێنەگریم بۆ پێشاندان و ڕێكلامی جلوبەرگ كرد، دوای سێ ساڵ كاركردن لەم بوارەدا لە تاران، هاتمە هەولێر.

تا ئێستە چەند جار بەشداریی نمایشی جلوبەرگت كردووه؟
جیا لە چالاكی بەردەوامم بۆ ماوەی سێ ساڵ لە تاران، بەشداری پێنج پێشانگەی مۆدێلینگ و نواندنی جلوبەرگم لە ھەولێر و دھۆك كردووە، هەروەها چالاكی تریشم ھەبووە لە بارەی نواندن و رێكلامدا.

چۆن بوو كە بەشداریت لە هەفتەی نمایشی جلوبەرگی كوردستان لە شاری هەولێر كرد؟
ساڵێك لە مەوبەر كاتێك لە تاران دەژیام، هاوڕێیەكی خۆشەویستم هەواڵی چالاكی "هەفتەی نمایشی جلوبەرگی كوردستان"ی پێم دا، منیش لەڕێی پەیجەكەیانەوە ناوم تۆمار كرد و دواتر هاتمە باشووری كوردستان و ماوەی هەشت مانگ بۆ قۆناغە جیاوازەكانی هەڵبژاردن خەریكی ئامادەكاری بووین و بەسەركەوتوویی بەشداریمان لە چالاكییەكەدا كرد.

هەفتەی نمایشی جلوبەرگی كوردستان لە شاری هەولێر بەراورد بە وڵاتانی تر لە چ ئاستێكدا بوو؟
بێگومان مێژووی دوور و درێژی ئەم ھونەرە لە وڵاتانی خاوەن ئەزموون، لەگەڵ وڵاتانێك كە تازە پێیان لەو رێیەدا ناوە بەراورد ناكرێ، بەڵام سەرەڕای ئەمەش "هەفتەی نمایشی جلوبەرگی كوردستان" لە شاری ھەولێر لە ئاستێكی باش و جێی سەرنجدا بەڕێوە چوو، لەگەڵ ئەوەشدا خاڵی نەرێنی ئەم چالاكییە ئەوەبوو كە نەیتوانی بەپێی پێویست كاریگەری لەسەر كۆمەڵگە هەبێت، سەرەڕای ئەوەی كەناڵەكان و ڕۆژنامە و گۆڤارەكان ڕێكلامێكی بەهێزیان بۆ ئەم چالاكییە كردبوو.

جگە لە كاری مۆدێلیست، پێشتر لە چ بوارێكی تری هونەری كارت كردووە؟
بەر لەوەی دەست بە كاری مۆدێلینگ بكەم، پێشتر وەك ئەكتەر لە ساڵی ٢٠١٢ لە بواری نواندن كاری هونەریم كردووە، هەروەها لە مەهاباد خولی فیلمسازیشم لە ئەنجوومەنی سینەمای لاوانی مەھاباد تێپەڕ كرد، دوای فێربوون وەك ئەكتەر بەشداری ھەندێك لە پڕۆژە شانۆیییەكانی ئەنجوومەنی شانۆی مەھاباد كرد و لە چەندان كورتە فیلمی ئەنجوومەنی سینەمای لاوانی مەھاباددا ئەكتەر بووم. ھەروەھا لە دوو زنجیرە درامای كەناڵی مەھاباددا كاری نواندنم ئەنجام داوە.

تۆ وەك ئەكتەرێكی ژن ئامادەی بەشداری هەندێك دیمەنی ڕۆمانسی و بابەتی هەستیار بكەیت ئەگەر دەرهێنەر داوات لێ بكات؟
تا ئێستە بەشداری هیچ فیلمێكی سینەمایی لەم جۆرەم نەكردووە و بڕواش ناكەم لە داهاتوودا بەشداری بكەم، لەبەر ئەوەی فیلمی سینەمایی كوردی ئێستە جێ و پێگەی دیار و بەرچاوی هەیە لە دنیا و تا ئێستەش هیچ دیمەنێكی ڕۆمانسی و ڕووتبوونەوەی تێدا نەبووە، بۆیە من پێم وانییە سینەما تەنیا بە دیمەنی ڕۆمانسی و ماچكردن و ڕووتبوونەوەی ئەكتەر نیشانەی پێشكەوتنی دیار بێت لە هەر وڵاتێكدا.

بۆ داهاتوو چ پڕۆژەیەكت هەیە كاری لەسەر بكەی؟
وەرزی پایز لە دنیای مۆدێلینگدا قۆناغێكی تایبەتی و گرینگە، بۆیە چالاكیم لەم بوارەدا زیاتر دەبێ. منیش ئێستە خەریكی ھاوئاھەنگی و ئامادەكاریم بۆ چەند پڕۆژەیەكی سەر ستێج و وێنەگری كە ھیوادارم بەمزووانە پێشكەشیان بكەم.

خەون بەچییەوە دەبینی؟
یەكێك لە ئاواتە مێژینەكانم ئەوەیە كە دەرفەتێكم بۆ بڕەخسێ بتوانم بە ئاكادیمی مۆدێلینگ بخوێنم، بەتایبەت لە بواری دیزاینی جلوبەرگدا. هاوكات درێژە بە چالاكییەكانم بدەم كە رۆژێك وەك مۆدێلێكی كورد وێنەكانم لەسەر بەرگی گۆڤارە ناودارەكانی مۆد و فاشیۆن وەك voge ببینرێ.

وشە/دیمانەی محەمەد جەمال







وشە - تایبه‌ت