بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق ڕای گەیاند، پێویستە كورد رێگە نەدات پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق رەوانەی پەرلەمان بكرێت تا هەموار دەكرێتەوە، چونكە بەجۆرێك بودجەكە ئامادەكراوە كە شەش ترلیۆن دیناری هەرێمی كوردستان كەم كراوەتەوە.
فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق لەسەر بنەمای پڕۆژە یاسای ساڵی ڕابردوو دانراوە و بەشێوەیەك دارێژراوە كە پشكی هەرێمی كوردستان كەم بكەنەوە، بۆیە پڕۆژەكە زیاتر سیاسییە لەوەی ئابووری بێت.
زیاتر گوتی، پشكی17% بۆ زیاتر لە 12% كەمكراوەتەوە و لە بودجەی سیادی پارەكەیان زیاد كردووە، بە جۆرێك پشكی كۆمپانیا نەوتییەكان كراوەتە 12 ترلیۆن و500 ملیار دینار ئەمەیش كاریگەری كردووەتە سەر بودجەی هەرێم و دوو ترلیۆنی كەم كردۆتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، پێش ئەوەی پشكی هەرێم دیاری بكەن لە بودجە چوار ترلیۆن و500 ملیاری تریان بۆ هەندێك پڕۆژە دەرهێناوە و ترلیۆنێك و 200 ملیار دیناریان وەك مافی بەڵێندەرەكان دیاری كردووە، بۆیە ئەگەر ئەو پارانە بگەرێندرێتەوە بۆ بودجە و پشكی هەرێمی لێ بدرێت نزیكەی شەش ترلیۆن دینار بۆ هەرێم دەگەرێتەوە.
د.فازل نەبی بە پێویستی زانی كورد هەوڵبدات بۆ ئەوەی پڕۆژە یاسای بودجە لە ئەنجوومەنی وەزیران رەوانەی پەرلەمان نەكرێت تا حكوومەتی نوێ پێكدەهێنرێت.
هەولێر/ بڵند ئیبراهیم