كۆمەڵ: هێشتا زووە بڵێین بەشداری حكوومەتی داهاتووی كوردستان ناكەین

:: PM:08:09:23/10/2018 ‌
ئەندامێكی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی نایشارێتەوە حزبەكەی چاوەڕوانی بەرنامەی داهاتووی حكوومەتی نوێی كوردستان دەكەن و ئەوكاتە بڕیار لەسەر بەشداری كردن یان نەكردن دەدەن. هەروەك دووپات لەوە دەكاتەوە لە ئێستەوە زووە تا بڵێن بەشداری حكوومەتى داهاتووى كوردستان ناكەن.

ئەمڕۆ سێشەم 23ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، مەڕوان گەڵاڵی ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بەردەوام لە هەوڵی خزمەتكردنی هاووڵاتییان و جەماوەرەكەیەتی، بۆیە لەهەر شوێنێك بێ‌ كۆمەڵ كاری خۆی دەكات.

لە بارەی بەشداریكردن لە حكوومەتی داهاتووی كوردستان ئەو بەرپرسەی ناو كۆمەڵی ئیسلامی گوتی، ئەگەر حكوومەتی داهاتوو لەسەر بنەمای خزمەتی هاووڵاتیی دروست بێت و بەرنامەیەكی گونجاو هەبێ‌، ئەوكات كۆمەڵی ئیسلامی قسەی تری هەیە بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی داهاتوو و هێشتا زووە بڵێین بەشداری حكوومەت ناكەین.

ڕوونیشی كردەوە كە سەركردایەتی كۆمەڵ چاوەڕوانی ئەوە دەكەن كە ڕای لایەنی دەسەڵات ببینین لەسەر حكوومەتی داهاتوو، بۆیە لەگەڵ كۆبوونەوەكاندا كۆمەڵ بۆچوونی خۆی ئاشكرا دەكات.
 

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم