ناوەندەكانی سیاسی و جەماوەری عێراق چاودێری راگەیاندنی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق دەكەن كە بڕیارە سبەی لەلایەن عادل عەبدولمەهدی راسپێدراوی پۆستی سەرۆك وەزیرانەوە بێتە راگەیاندن، لەناو زانیاری دزەپێكراوی دژ بە یەك لەبارەی دابەشكردنی پۆستە ویزارییەكانەوە.
دوای چەند مانگێك لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 2ی ئەم مانگە عادل عەبدولمەهدی وەك كاندیدی رێككەوتن لەسەر كراوی هەردوو هاوپەیمانی ئیسڵاح و بینا، بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق هاتە راسپاردن و تا 3ی مانگی داهاتوو بواری هەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەتەكەی.
بەپێی نوێترین زانیاری نزیك لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، بڕیارە سبەی بەشێك لە ئەندامانی كابینەكەی عەبدولمەهدی ئاشكرا بكرێت، لەو كاتەی پارتە شیعەكان هەوڵی پاراستنی دەستگرتنیان بەسەر هەردوو پۆستی وەزارەتەكانی ناوخۆی و نەوت دەدەن لە كابینە نوێیەكە، چونكە یەكەمیان پێوەندیدارە بە چەند دۆسیەكی هەستیار كە ترسی لە ئاشكرابوونیان هەیە، دووەمیشیان پێوەندیدارە بە داهاتی دارایی دەوڵەت، لەوكاتەی پێ دەچێت عەرەبی سوننە پۆستی وەزارەتی بەرگریان مسۆگەر كردبێت، هاوكات كێبەركێی كورد دەكەن بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ.
سەرچاوەكانی ئاگەدار لەو بارەوە بە "
ئەلعەرەب"یان گوت، چەند پارتێكی شیعەی دەسەڵاتدار و نزیك لە ئێران پلانەكانی عەبدولمەهدیان بۆ راسپاردنی ئەفسەرێكی دیاری سوننە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ناوخۆیی لەبار برد، هەروەها رەتیان كردەوە كە پۆستەكە بە كەسایەتییەكی سەربەخۆ بدرێت، تەنانەت تا ئێستەیش ئەو پارتانە سوورن لەسەر كاندیدكردنی فالح فەیاز بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ، كە سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبییە و لەلایەن عەبدولمەهدییەوە رەت دەكرێتەوە.
سەرچاوەكان دەڵێن، پارتە عێراقییەكانی نزیك لە ئێران دەستبەرداری پۆستی وەزارەتی ناوخۆ نابن، ئەوەیش بەهۆی ئەو دۆسیە هەستیارانەی بە پۆستەكەوە پێوەستن كە ئەگەر بێنە ئاشكرابوون ترازانێكی گەورە لە نێوان عێراقییەكان دروست دەكات. هەرچی پۆستی نەوتە تا رادەیەك جیاوازە و عەبدولمەهدی دەتوانێت كەسایەتییەكی سەربەخۆی بۆ دیاری بكات بەمەرجی شیعەبوونی.
سەرەڕای ئەوەی عەبدولمەهدی بوارێكی زۆری لە سەربەخۆیی بۆ دیاریكردنی كابینەی حكوومەتەكەی بەدەست هێنا، ئەوەیش دوای دەستبەرداربوونی چەند لایەنێك لە پۆستەكانیان لە حكوومەتی نوێ وەك موقتەدا سەدر و عەمار حەكیم، بەڵام تا ئێستەیش بەشبەشێنە زاڵە بەسەر پڕۆسەی سیاسی لە عێراق و عەبدولمەهدی ناچاری پابەندی بەهێڵە سوورەكانی شیعە دەكات لەبارەی پۆستە ویزارییەكانەوە.
سەرچاوەكان دووپاتی دەكەنەوە كە سیاسییە شیعەكان ناتوانن لە عێراق دەستبەرداری سێ پۆست بن، ئەوانیش سەرۆك وەزیران و هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و نەوت، جیا لەوانە دەتوانرێت ئەوانیتر بە گفتوگۆ بێتە چارەسەركردن. بۆیە پارتە شیعەكانی سەر بە ئێران ئەگەر نەشتوانن راستەوخۆ ئەو پۆستانە بەدەست بێنن، ئەوە سوورن لەسەر پێدانیان بە كەسانێك كە ناكرێت لە بەرژەوەندییەكانی سیاسی شیعەی عێراق بدەن.
چاودێران پێیان وایە كە ئەو خاڵانە تەواو عێراقی نین و ئێران دەستی هەبووە لە داڕشتن و دانانیان تا رادەیەك بووەتە عورفێكی جێگیر و بووەتە یاسایەكی جێبەجێكراو، بۆ ئەوەیش چەند سیاسەتوانێكی عێراقی ئاشكرایان كرد كە عەبدولمەهدی بۆ دەربازبوون لەو كێشانە چەند كەسایەتییەمی نزیك لە ئێران و دوور لە رووناكایی لەخۆی نزیك كردووەتەوە وەك ئەبو جیهاد هاشمی، سەركردەی پێشووی رێكخراوی بەدر و بەرپرسی كردەنی گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكانی تر. بۆیە سیاسەتوانانی نزیك لە گفتوگۆكان دەڵێن كە ئەو هەنگاوە باشترین مسۆگەرییە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئێران لەناو حكوومەتی نوێی عێراق.
چاودێرێكی سیاسی لەو بارەوە دەڵێت، هەموو ئاماژەكان دووپاتی دەكەنەوە كە حكوومەتی داهاتوو ناتوانێت هیچ گۆڕانكاریەك لەسەر ئاستی بەپیرچوونی داواكاری جەماوەری بكات و ئاماژەی كرد كە پۆستە وزیراییەكان بەپێی پلانێكی پێشتر دانراو بەسەر پارتە سیاسییەكان دێتە دابەشكردن بۆ ئەوەی ببێتە تەنیا رووكەشێك بۆ شاردنەوەی بەرژەوەندی و ئەجیندای حزبەكانی دەسەڵاتدار لەسەر ئاستەكانی سیاسی و ئابووری.
چاودێران لەو بارەوە دەڵێن، ئێران چارەنووسی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و نەوتی عێراق دیاری دەكات، چونكە پارتەكانیش وا راهاتوون كە ئەوانە بوونەتە پرسێكی تەواو ئێرانی و دووپاتی دەكەنەوە كە دۆسیە هەستیارەكانی وەزارەتی ناوخۆ ئاست و جۆری دەستوەردانەكانی ئێران لە كاروباری ناوخۆی عێراق و بەڵگەنامەكانی تێوەگلانی سوپای پاسدارانی ئێران لە كوشتنی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە و رەوتی تایفەیی حكوومەتەكەی نووری مالیكی دەشارنەوە.
هاوكات ئێران ئێستە زۆر پێویستی بە كۆنترۆڵكردنی سامانی نەوتی عێراق هەیە بەتایبەتی بۆ قۆناغی داهاتوو كە بەهۆی سزاكانی ئەمەریكاوە هەناردەكردنی نەوتی ئێران تووشی كێشەی گەورە دەبێتەوە، بۆیە پێویستە كۆنترۆڵی وەزارەتی نەوتی عێراق بكات. چاودێران پێیان وایە پێكهێنانی حكوومەتێك كە چارەنووسی شكستهێنانە ئامانجێكە و هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق لەسەری رێككەوتوون، ئەو شكستەی لەسەر عەبدولمەهدی حسێب ناكرێت، چونكە ئەو بە سودفە دیاری كراوە و بەڵێنی هیچیشی نەداوە و تا ئێستە پڕۆگرامی حكوومەتی خۆی بەرەو گۆڕانكاری دیاری نەكردووە، هەروەها كەسایەتی ئەو گونجاو نییە بۆ چوونە ناو ململانێكان تا رێگە بە هەڵۆكانی تایفەیی بدات بۆ بەردەوامی باڵادەستیان.
لە كۆتادا و لەناو كێبەركێی بەهێزی ژێربەژێری پارتە سیاسییەكان لەسەر پۆستە وزیراییەكانی عەبدولمەهدی و لەناو نەبوونی هیچ باسێكی پڕۆگرامی حكوومەتی نوێی عێراق كە پێویستە عەبدولمەهدی لە پەرلەمان ئەویش بخاتە روو، تا كابینەكەی متمانەی پێ نەدرێت ناتوانرێت بگوترێت كە عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراقە، تەنانەت ئەگەر كابینەی حكوومەتەكەی متمانەیشی وەرگرت، بوونی لە ترووپكی دەسەڵاتی جێبەجێكاری لەژێر هەڕەشەیە و پێوەستە بە دۆخی دەوروبەریەوە، چونكە ئەو نووسراوی دەستلەكاركێشانەوەی لە گیرفانیدا هەڵگرتووە.