بڕیار لەسەر پشووی ڕۆژانی شەموو درا

وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، ڕۆژانی شەموو بەهیچ شێوەیەك ناكرێت بە پشوو و دەوامكردن لە قوتابخانەكان بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 24ـی تشرینی یەكەم، پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، پشووی ڕۆژانی شەموو ناگەڕێتەوە و قوتابییان و مامۆستایان لە ڕۆژانی شەموو دەوامی ئاسایی خۆیان دەكەن.

وەزیری پەروەردە گوتی، بڕیاری‌ پشوو بۆ ڕۆژانی‌ شەموو تەنیا بۆ ساڵی‌ ڕابردوو بوو، بەهیچ شێوەیەك بۆ ئەمساڵی‌ خوێندن كاری‌ پێ ناكرێت و ئەو پشووە بۆ خوێندكاران هاوشێوەی‌ ساڵی‌ ڕابردوو نایەتە گەڕاندنەوە.

لە كابینەی‌ داهاتووی حكوومەتی‌ هەرێمدا سیستمی‌ پاشەكەوتی‌ مووچە لادەبرێت و دۆخی‌ دارایی هەرێمی كوردستان باشتر دەبێت و مووچەی‌ مامۆستایانیش وەك خۆی لێ دەكرێتەوە. پشتیوان سادق وای گوت.

هەفتەی ڕابردوو لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی تەنفیزی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان داواكارییەك بەرز كرایەوە بەمەبەستی گەڕانەوەی پشووی ڕۆژانی شەموو بۆ ناوەندەكانی خوێندن.

ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاندبوو، ئێمە لەگەڵ وەزیری پەروەردە كۆ دەبینەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە دەكەین.



وشە - رامیار جەواد


AM:11:31:24/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 7960 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌