نەهامەتی ئاوارەكان دەروازەیەك بۆ گەندەڵی رێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوەخۆیییەكان

:: PM:03:12:18/12/2016 ‌

سەرۆكی لیژنەی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رەخنە لە كاری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دەگرێت لەبارەی بەهاناهاتنی ئاوارە و راگوێزراوانەوە و دەڵێت كە رێكخراوەكە 70%ی پارەی تەرخانكراو بۆ ئاوارەكان بۆ كارمەندانی خۆی تەرخان دەكات، چالاكانی كۆمەڵی مەدەنیش داوا لە باڵوێزخانە و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكەن بە وەستاندنی پاڵپشتی دارایی بۆ ژمارەیەك لە رێكخراوە ناوخۆیییەكان. 

رەعد دەهلەكی ئەمڕۆ یەكشەم رای گەیاند كە خەریكە ژمارەی ئاوارەكان لە عێراق چوار ملیۆن كەس تێپەڕ دەكات و ئەو كاتەی باسی ئەو پارەیە دەكرێت كە لەلایەن وڵاتانی كۆمەكبەخش دەدرێتە نەتەوە یەكگرتووەكان، بۆ خەرجی ئەوان ژمارەكە كەم نییە.

زیاتر گوتی، بەڵام ئەو كاتەی دێیتە ناو ئەرزی واقیع و ئەو بڕە پارەی بۆ خزمەتگوزاری و حەوانەی ئاوارەكان خەرج دەكرێت لە رێگەی پڕۆژەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، دەبینین بەشی تێركردنی ئەوان لە برسێتی ناكات و ئەوەش شتێكی روون و ئاشكرایە.

روونی كردەوە، رێژەی 70%ی پارەی دراو بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەچێتە مووچە كارمەندانی رێكخراوەكە و پارەی ئیفاد و كردە لۆجیستی و كارگێڕییەكان و تەنیا 30%ی دەمێنێتەوە بۆ دابینكردنی پێویستی و خزمەتگوزاری بۆ ئاوارەكان خەرج دەكرێت.

دەهلەكی دووپاتی كردەوە كە بەڵگەكان لەسەر ئەو راستییە روونن و دەتوانرێت لە رێگەی سەردانیكردنی ئەو شوێنانەی كە نەتەوە یەكگرتووەكان سەرپەرشتی كردوون و بە بەراوردكردنیان لەگەڵ ئەو پارەی لەلایەن وڵاتانی كۆمەكبەخش خەرج كراوە جیاوازییە زۆرەكە دەبینین.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای دەكات كە نووسراوی فەرمییان بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە و داوایان كردووە داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان بكرێت هەموو ئەوەلیاتی كار و چالاكییەكانیان لە عێراق لە 2014ەوە بخاتە روو بۆ دیاریكردنی ئەو پارەی لە ئاوارەكان خەرج كراوە و ئەوەشی لەلایەن وڵاتانی كۆمەكبەخش دراوەتە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە.

لای خۆیانەوە ژمارەیەك لە چالاكانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و راگەیاندنكاران هەڵمەتێكی هۆشیاركردنەوەیان راگەیاند و داوایان لە باڵوێزخانە و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كرد كە پارە بۆ ئاوارەكان و نەهێشتنی توندوتیژی لەدژی ژنان و منداڵانی بێ باوك و دایك و مافی ئافرەت و رزگاربووان لە دەستی داعش خەرج دەكەن، كە چیتر پارەكە نەدەن بە ژمارەیەك لە رێكخراوە ناوخۆیییەكانەوە. 

خاتوو زەینەب كەعبی چالاكوان و راگەیاندنكار لەوبارەوە گوتی، چەندان حاڵەتی بازرگانیكردن بە پرسی نەهامەتییە مرۆیییەكانی ناو كۆمەڵگە تۆمار كراون كە پارەی تەرخانكراو بۆ ئەو پرسانە لە رێگەی بەشێك لە رێكخراوەكانەوە پارەی تەرخانكراو بۆ پڕۆژەی حەواندنەوە و نەهێشتنی توندوتیژی بۆ مەبەستی بازرگانیكردن و قازانجكردن و كڕینی خانوو و ئۆتۆمبێلی گرانبەها و زێڕ خەرج دەكرێت، ئەو پێشێلكارییانەش لە رێگەی شانەیەكی كاری پشكنین و سەردانیكردن و قسەكردن لەگەڵ ئاوارەكان و ئافرەتانی توندوتیژ لەگەڵكراو و ئەو كەسانەشی لەو رێكخراوانە دوور خراونەتەوە.

زیاتر گوتی، چەندان حاڵەتی لەو شێوە تۆمار كراوە كە لەلایەن رێكخراوە ناوخۆیییەكان و بەڕێوەبەرانیان ئەنجام دراوە كە تیایدا یاری بە ژمارە و كەیسەكان كراوە بەمەبەستی جووڵاندنی سۆزی رێكخراوە كۆمەكبەخشەكان و دەستخستنی پارە لێیان، بۆیە وەك پەیامێكی بەپەلە روو لە باڵوێزخانە و وڵاتان و رێكخراوە نێودەوڵەتییە كۆمەكبەخشەكان دەكەین بۆ وەستاندنی پاڵپشتیان و چاوخشاندنەوەیان بەكارەكانیان. دووپاتی كردەوە كە ئەو لایەنە كۆمەكبەخشانە بێزاری خۆیان لەو گەندەڵییانە پێشان داوە.   

كەعبی داوای كرد كە هەموو ئەوانەی بایەخدارن بەو پرسە و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و راگەیاندنكاران، پاڵپشتی لە هەڵمەتی نەهێشتنی ئەو گەندەڵییە بكەن لە رووی مایەكی و بەهەموو هێزێكیان بۆ دەركردنی ئەو رێكخراوانە كە بازرگانی بە نەهامەتییەكانی كۆمەڵگە دەكەن و دەركردنیان. ئاشكرای كرد كە بۆ ئەو مەبەستەش سوپایەكی ئەلیكترۆنی و رێكخراوە پاڵپشتەكانیان پێك هێنراوە بۆ گوتنی نەخێر بەڕووی ئەوانەوە.  

ئەو چالاكە ئاماژەی كرد كە رێكخراوە مرۆیییە پێوەندیدارەكان بە فایلی پێشێلكارییە مرۆیییەكان لەناو كۆمەڵگەی عێراقی، زۆرینەیان بۆ بازرگان و مافیا گۆڕاون كە بازرگانی بەو فایلانەوە دەكەن و متمانە و ناوبانگی خۆیان لە دەست داوە، بۆیە ئەو بانگەشەی رای گشتی ناوەخۆیی و دەرەوەی كرد بۆ توندكردن لەو رێكخراوانە و سنوورداركردنی رۆڵیان كە تا ئێستە چەندان ملیار دۆلاریان لە سایەی نەهامەتی و كارەساتباری عێراقییەكان قازانج كردووە.

وڵاتانی كۆمەكبەخش و رێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان ساڵانە چەندان ملیۆن دۆلاری ئەمەریكایی وەك كۆمەك بۆ ئاوارەكان تەرخان دەكەن، ئەوان بۆ گەیاندنی ئەو كۆمەكە بۆ ئاوارەكان و بەشێكیشیان وەك پاڵپشتی لە پرسەكانی ئافرەتان پشت بە رێكخراوە ناوخۆیییەكان دەبەستن.

سەرچاوە: غەد پرێس، مەوازین نیوز


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل