مامۆستایانی بایكۆت هەڕەشەیەكی مەترسیدار دەكەن

:: PM:04:48:18/12/2016 ‌

رێكخەرانی خۆپیشاندانی مامۆستایانی سنووری پەروەردەی كەلار /ناوەندی یەكەی كارگێڕیی گەرمیان/، هەڕەشەی مەترسیدار و ناونووسینی ئەو مامۆستایانە دەكەن كە دەچنەوە دەوام و بە ناپاك "خائین" تۆمەتباریان دەكەن.
 
نەوزاد محەمەد مامۆستا لە سنووری پەروەردەی كەلار، بە"وشە"ی راگەیاند، "لەگەڵ هەنگاونانی حكوومەت بۆ چارەسەری گرفتی مامۆستایان و شكاندنی بایكۆت لە هەندێك ناوچەی كوردستان، مامۆستایانی سەربە یەكێتی و گۆڕان و پەكەكە هەنگاوەكانیان بۆ درێَژەدان بە بایكۆت و فشارخستنە سەر مامۆستایان دەست پێ كردووە و كار گەیشتووەتە ئەو ئاستەی بە هەموو جۆرێك شكۆی مامۆستایان بشكێنن و بە ئاشكرا ئەو مامۆستایانەی دەچنەوە دەوام، بە خیانەتكار پێناسەیان دەكەن".

حكوومەت مووچەی مامۆستایانی بۆ یەك لەسەر سێ كەم كردووەتەوە بەهۆی تەنگژەی دارایییەوە و لە كاتی خۆیشیدا مووچە نادات، بەو هۆیەوە ئەمساڵ 2016 لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین، دەوامی قوتابخانە دەستی پێ نەكردووەتەوە، هەرچەندە لە 1ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری رابردووەوە لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك دەوام بە ئاسایی دەڕوات.

محەمەد حەمید مامۆستایەكی ترە لە كەلار و بەگوتەی خۆی، "بەهۆی فشارەكانی ئەو مامۆستایانەوە نەیتوانیوە دەوام بكات"،  ئەوەیش دەخاتە ڕٍوو كە مامۆستایان زۆریان لە ترسی ناوزڕاندن و تۆمەتی ناڕەوا دەوام ناكەن، چونكە دەكەونە بەر هەڕەشەی مامۆستایانی بایكۆتكەر.

حەمید بۆ "وشە" زیاتر گوتی "بەهۆی كەمبوونەوەی رێژەی ئەو مامۆستایانەی بایكۆت دەكەن، ئەمڕۆ لە كەلار مامۆستایانی زانكۆ و ئامادەیی و بنەڕەتییەكان تێكەڵ بوون بۆ دەربڕینی ناڕەزایی، بەڵام بە هەموویانەوە نەگەیشتنە 100 مامۆستا".

مامۆستایانی سەرپەرشتیاری ناڕەزایەتییەكانی كەلار، لە رووی سیاسییەوە سەربە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانن و ئەمڕۆ دروشمی "مەترسیدار"یان بۆ هاوپیشەكانیان بەرز دەكردەوە.

پەیامنێری "وشە" لە كەلار رای گەیاند، ئەندامانی دەستەی ناڕەزایەتییەكان لە دروشمی ئەمڕۆدا لە بەردەم پەروەردەی كەلار، دەیانگوت هەر مامۆستایەك بایكۆت بشكێنێ، "ناوی بە خیانەتكار دەنووسین و لە تابلۆی گەورە لە بەردەم پەروەردە ناوی هەڵدەواسین".

ئەگەرچی وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێم، دەسەڵاتی بە پەروەردەی شارۆكەكان داوە بە تۆماركردنی ناوی مامۆستایانی ئامادە نەبوو لە دەوام. بەڵام بەشێك لە بەرپرسانی پەروەردەی گەرمیان و سلێمانی ئەو دەسەڵاتە لە ترسی ناوزڕاندن بەكار ناهێنن.

مامۆستا و فەرمانبەرانی كوردستان چوار مووچەی 2015 و لەمساڵیشدا تا ئێستە مووچەی مانگی تشرینی یەكەمیان وەرنەگرتووە، هەرچەندە لە كۆتای ساڵ نزیك دەبنەوە.

وشە/گەرمیان–سەبری هۆرینی 




وشە - ڕێبین فه‌تاح