بەهۆی ئەشكەنجەدانی منداڵێكیان، دایك و باوكێك لەلایەن دادگاوە بە 12 ساڵ زیندانی سزا دران و بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژیش ڕووداوەكە ئاشكرا دەكات.
ئەمڕۆ پێنجشەم یەكی تشرینی دووەم، هێمن عەلی لێپرسراوی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە چەمچەماڵ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد، دادگا بڕیاری داوە بە زیندانیكردنی ئەو دایك و باوكە بۆ ماوەی ١٢ ساڵ، كە لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٦دا منداڵەكانیان بەشێوەیەكی "توند و نامرۆڤانە" ئەشكەنجە دابوو.
عەلی لێپرسراوی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە چەمچەماڵ گوتی، ئێستە سكاڵاكەرەكان كە منداڵەكانی ئەو دایك و باوكەن، لەلای مامیان دەژین و تەندروستییان باشە و گرنگییان پێ دەدرێت.
لە ساڵی 2016 پۆلیسی توندوتیژی ئاشكرای كرد، دایك و باوكێك ئەشكەنجەدانی سێ منداڵیان كردووە بە خووی ڕۆژانەیان و دایكەكە دایكی ڕاستەقینەی منداڵەكان نییە بەڵكو زڕدایكە.
ئاشكرابوونی چیرۆكی ئەشكەنجەدانی ئەو منداڵانە دوای هەڵهاتنی یەكێك لە منداڵەكان هات بۆ ماڵی خزمێكیان بەهۆی بێزاربوون و بەرگە نەگرتنی ئەو هەموو ئەشكەنجە و لێدانەی بۆیان دەكرێت.