خەزوورێك زاواكەی کوشت

:: AM:11:12:03/11/2018 ‌
لە شارۆكەی كۆیەی باكوری شاری هەولێر، خەزوورێك بەچەكی كڵاشینكۆف زاواكەی دەكوژێت و تا ئێستە هۆكاری كوشتنەكەی نادیارە.

ئەمڕۆ شەموو سێی تشرینی دووەم، نەوزاد جومعە كە خزمێكی نزیك كوژراوەكەیە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، شەوی ڕابردوو لەندی ئەمیر لەلایەن خەزووری كوژراوە و تا ئێستە هۆكاری كوشتنەكەی بۆ ئێمە ڕوون نەبووەتەوە.

ئەو خزمەی كوژراوەكە گوتی، لەندی كێشەی هیچی نەبووە، ئێمەش پێمان سەیرە خەزووری بۆ بەكڵاشنكۆف هێرشی كردووەتە سەری و كوشتوویەتی، چاوەڕوانی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیسین تا بۆمان ڕوون بێتەوە.

هاوكات عەلی عەبدوڵا بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆیە بۆ "وشە" هەواڵەكەی پشتڕاست كردەوە و گوتی، ئێستە سەرقاڵی لێكۆڵینەوەین و لە شوێنی ڕووداوەكەین.

لەندی ئەمیر لە شاری كۆیە بە بەلەندی وایرمەن ناسراوە و شەوی ڕابردوو بە بەركەوتنی سێ‌ فیشكە گیانی لە دەست داوە، تا ئێستە پۆلیس ڕوونكردنەوەی لەسەر هۆكاری كوشتنەكەی بڵاو نەكردووەتەوە.

شارۆكەی كۆیە سەربە پارێزگای هەولێرە لە باكوری ڕۆژهەڵات بەدووری 70 كیلۆمەتر، بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران لە 20/4/2002 بڕیاری بە شارۆكەبوونی دەرچووە و ژمارەی دانیشتووانی بەپێی مەزەندەی ساڵی 2018، 119 هەزار و 526 هاووڵاتییە.

دیاردەی كوشتن و خۆكوشتن لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2018 بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە و هۆكارەشەكی بەهۆی بوون زۆری چەك بۆ ماڵان دەگەڕێنرێتەوە.



وشە - رامیار جەواد