داعش لە مووسڵ خەندەقێکی 130 کیلۆمەتری بە منداڵان لێدەدات

:: PM:04:43:13/10/2016 ‌
رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، دەستی کردووە بە ناچارکردنی منداڵان و گەنجانی شاری مووسڵ، بە مەبەستی دروستکردنی خەندەقێککە نزیکەی 130 کیلۆمەتر درێژییەکەیەتی لە سنووری شارەکەدا.

سەرچاوەیەک لەناو شاری مووسڵ بە ئاژانسی سپوتنیکی رووسیایی راگەیاندووە، خەندەقەکە 130 کیلۆمەتر درێژاییەکەیەتی و لە شارۆکەی تلکێفی باکووری شارەکە دەست پێ دەکات و لە نزیک شارەدێی گوێڕ کۆتایی دێت.

بە گوێرەی سەرچاوەکە، قووڵایی ئەو خەندەقە زیاتر لە چوار مەترە و سێ مەتریش بەرینە، مەبەستی داعش لە دروستکردنی خەندەقەکە بەرەنگاربوونەوەی هێرشی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانانە، کە بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا بە مەبەستی رزگارکردنی شارەکە لە دەست ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە دەست پێ بکات.

لە هەواڵەکەی سپوتنیکدا ئەوەش هاتووە، کە بە هۆی ئەوەی هیچ بەڵێندەرێک ئامادە نەبووە، دروستکردنی خەندەقەکە بۆ داعش بگرێتە ئەستۆ، بۆیە رێکخراوە تیرۆریستییەکە هەڵستاوە بە ناچارکردنی گەنجان و منداڵانی تەمەن (13-30) ساڵ، بە مەبەستی دروستکردنی ئەو خەندەقە.

پێشبینی ئەوەش دەکرێت، تێچوونی دروستکردنی هەر 100 مەترێکی خەندەقەکە، بڕی چوار هەزار دۆلاری ئەمەریکایی بێت.

لە 10ی جوون/حوزەیرانی 2014ەوە داعش دەستی بەسەر شاری مووسڵدا گرتووە و خەلافەتی ئیسلامی تێیدا راگەیاندووە.

وشە/ سپوتنیک. و: ئەهمەد کەیفی


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی