بۆ پەرلەمان دەرچووە و هێشتا لە قوتابخانە وانە دەڵێتەوە

:: PM:03:05:03/11/2018 ‌

گوڵستان نهێلی لە یەكێك لە گوندەكانی شارەدێی دێرەلووكی سەر بە شارۆكەی ئامێدی وەك مامۆستا كار دەكات، دوای ئەوەی بۆ پەرلەمانی كوردستان هاتە هەڵبژاردن.

گوڵستان باقی نهێلی كاندیدی دەرچووی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لە ساڵی 2008 وە تا ئێستە وەك ماموستا وانەی كیمیا لە قوتابخانەكانی سنووری شارەدیێ دێرەلووك و ئامادەیی نێهڵ دەڵێتەوە.

ئەو گوتی پێشتر هەرگیز بیرم لەوە نەدەكردەوە‌ رۆژێك لە رۆژان ببمە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام دوای ئەوە هەستم كرد كە دەتوانم ئەو بەرپرسیارێتییە‌ وەربگرم و خزمەت بە گەل و نیشتمان بكەم، ئەوا كاندیدبوونی خۆم پێشكەش بە لیستی پارتی كرد و سوپاس بۆ خوا و بە پشتیوانی خەڵكی كوردستان و ناوچەكە، توانیم متمانەی خەڵك بەدەست بێنم و ببمە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بو خولی پێنجەم و بە پشتیوانی خوا دەبمە جێی متمانەی خەڵك و بە رژدی كار بۆ خەڵكی كوردستان بەبێ جیاوازی ئاینی و نەتەوەیی و رەگەزی دەكەم.

لەبارەی ئەوەی بۆچی تا ئێستە وەك مامۆستا لەسەر كاری خۆی بەردەوامە لە كاتێكدا كە چەند رۆژی داهاتوو دانیشتنی خولی پێنجەم دەست پێ دەكات  بەشێك لە كاندیدە دەرچووەكان گەڕانەوە ماڵەوە، نهێلی گوتی، "مامۆستایەتی یەكێكە لە كارە هەرە گرنگ و پیرۆز لە هەموو كۆمەڵگاكانی دنیا، بۆیە ناتوانم زوو بە زوو لەو خزمەتكردنە دوور بكەومەوە،‌ تا ئێستە وەك مامۆستا بەردەوامم و بەوپەڕی دڵخۆشییەوە وانە بە قوتابییان دەڵێم بەتایبەتی مادەی كیمیا كە یەكێكە لە ماددە گرنگەكانی قۆناغی ئامادەیی. تا ئەو رۆژەی كە دەچمە پەرلەمان، ئەوا بەردەوام دەبم تەنانەت ئەگەر پێم بكرێت دوای چوون بۆ پەرلەمانیش بەردەوام دەبم"

گوڵستان لە ساڵی 1984 لە گوندی گوهەرزی سەر بە شارەدێی دێرەلووك لە دایك بووە و لە ساڵی 1997 لە ریزی یەكێتی قوتابییانی كوردستان خزمەتی بە قوتابییان كردووە.  دەرچووی بەشی زانستەكانی كیمیایە لە زانكۆی دهۆك لە ساڵی 2008، هەر لەو ساڵەوە وەك مامۆستا دامەزراوە و لە ساڵی 2018 دەبێتە كاندید لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان و بە دەنگی سێ هەزار و 551 كەس دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، خێزاندارە و لە گوندی گوهەرز نیشتەجێیە.

دێرەلووك/نەوزاد هلۆری:



وشە - سلێمان تاشان