كەسانی پێگەشتوو بەردەوام پێویستە ئاوی زیاتر بخۆنەوە و جەستەیان بە شێداری بهێڵنەوە، بەڵام
منداڵانی ساوا و تازە لەدایكبوو دەشێت تەنانەت بە خواردنەوەی ڕێژەیەكی زۆر كەمیش لە ئاو گیان لەدەست بدەن.
بەشێوەیەكی گشتی كەسێكی پێگەیشتوو 55-60%ی لاشەی لە ئاو پێكهاتووە، بەڵام لە منداڵانی ساوادا ڕێژەكە زۆر زیاترە و بەنزیكەیی 75%ی لەشیان لە ئاو پێكاهاتووە، هەر بۆیەش نابێت منداڵان تا بەلایەنی كەمەوە تەمەنیان نەبێتە شەش مانگ، ئاو بخۆنەوە.
گورچیلەی هەموو كەسێك لە رێژەیەكی سنووردار زیاتر ناتوانێت ئاو بپاڵێویت و هەركاتێك ئاوی زیاتر لەو سنوورە خورایەوە، ئەوا ئاوەكە دەگەڕێتەوە بۆ لوولەكانی خوێن و بەمەیش خوێ و سۆدیۆمی ناو خوێن دەتوێنێتەوە و تووشی نەخۆشی دەبیت و دەبێتە هۆی شپرزەبوون، ڕشانەوە و گرژبوونی ماسوولكەكان.
گورچیلەكانی منداڵانی ساوا نیوەی قەبارەی گورچیلەكانی كەسانی پێگەیشتووە، بۆیە ناتوانن ڕێژەیەكی زۆری ئاو هەڵبگرن و تەنیا چەند ئۆنسێك لە ئاو دەتوانێت گرفت بۆ تەندروستی منداڵەكە دروست بكات، سەرەڕای ئەوەیش گورچیلەی منداڵ هێشتا بەتەواوی پێ نەگەیشتووە و ناتوانن بە شێوەیەكی گونجاو ئاو بپاڵێوین، بۆیە هەر ئاوێك كە دەچێتە لاشەیانەوە ڕاستەوخۆ دەچێتە سیستەمی سووڕی خوێنیان و خوێنیان تەواو كاڵ دەكاتەوە.
ژەهراویبوونی بەهۆی ئاوەوە لەناو منداڵاندا مەرج نییە بەهۆی خواردنەوەی ئاوەوە بێت، بەڵكو زۆرجار بەهۆی بەكارهێنانی ڕێژەیەكی زۆری ئاو لە خواردنەوە ئامادەكراوەكانی منداڵی ساوا، یان بەهۆی یاریكردن بە منداڵ لەناو ئاودا، پزیشكان ئامۆژگاری دەدەن كاتێك منداڵ هەر نیشانەیەكی ژەهراویبوونی بەهۆی ئاوەوە لەسەر دەركەوت، پێویستە بەزووترین كات بنێردرێت بۆ نەخۆشخانە.
وشە/ محەمەد شابان