پیسی و قه‌وزه‌یه‌كى زۆر له ناو ده‌ریاچه‌ى دووكان ده‌ركه‌وتووه به‌هۆى كه‌مبوونه‌وه‌ى ئاوى ده‌ریاچه‌كه، سه‌رچاوه‌یه‌كی ته‌ندروستى شاره‌كه‌كه رای ده‌گه‌یه‌نێت كه "ئاوى خواردنه‌وه‌ى دووكان تێكه‌ڵ به ئاوه‌ڕۆ (زێراب) ده‌بێت و ده‌درێته‌وه به هاووڵاتییان".
سه‌ره‌ڕاى پیسى ده‌ریاچه‌كه و بوونى قه‌وزه‌یه‌كى زۆر و پاشماوه و خۆڵ و زبڵ، سه‌رچاوه‌ى ئاوى خواردنه‌وه‌ى هاووڵاتییانى دووكان، تێكه‌ڵ به ئاوى ئاوه‌ڕۆ ده‌بێت.
سه‌عید ره‌سووڵ كارمه‌ندى ته‌ندروستى نه‌خۆشخانه‌ى دووكان، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م به"وشه"ى ڕاگه‌یاند، ئاوى دووكان یه‌كێكه له ئاوه پیسه‌كانى سنووره‌كه و به‌هۆیه‌وه ساڵانه به سه‌دان كه‌س و زیاتریش تووشى نه‌خۆشى ده‌بن و سه‌ردانى نه‌خۆشخانه ده‌كه‌ن, به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاوه‌كه پیسه.
ئه‌وه‌یشى گوت كه سه‌ره‌ڕای پیسی ناو ده‌ریاچه‌كه به‌هۆی پاشماوه‌ی پیس و ئاوى زێرابى دووكان، تێكه‌ڵ به ئاوى خواردنه‌وه‌ى هاووڵاتییانى شارۆكه‌كه ده‌بێت و هه‌ر ئه‌و ئاوه‌ش بۆ خواردنه‌وه به‌كار ده‌هێنرێت، ته‌نیا ده‌كرێته ناو حه‌وز و كلۆرى تێ ده‌كرێت و ده‌درێته‌وه به هاووڵاتییان. دووپاتی كرده‌وه "سه‌رچاوى ئاوى خواردنه‌وه‌ى دووكان پیسه و وه‌ك ئه‌و ئاوه نییه كه ده‌چێت بۆ سلێمانی و ده‌وروبه‌ری".
كارمه‌نده‌كه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى دووكان ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت كه ئه‌مساڵ كه‌مێك سه‌ردانى نه‌خۆش به‌هۆى ئاوى پیسه‌وه كه‌م بوو، به‌راورد به ساڵانى ڕابردوو كه به لێشاو هاووڵاتییان ده‌هاتنه نه‌خۆشخانه و تووشى نه‌خۆشى بووبوون به‌هۆى ئاوى پیس.
به‌هۆى كه‌مبونه‌وه‌ى ئاوى ده‌ریاچه‌كه، شاره‌وانى دووكان هه‌ڵمه‌تى پاككردنه‌وه‌ى پیسى ناو ده‌ریاچه‌كه‌ی ده‌ست پێ كردووه، به‌ڵام له ساڵێكدا ته‌نیا یه‌ك جار پیسییه‌كه پاك ده‌كرێته‌وه.
له‌لایه‌كى تره‌وه، زێراب تێكه‌ڵ به ئاوى خواردنه‌وه‌ى هاووڵاتییان ده‌بێت و به‌هۆیه‌وه نه‌خۆشى ته‌شه‌نه ده‌كات.
سلێمانى/ هۆشیار عه‌لى