ئاوارەكان خۆیان بۆ تۆڵەكردنەوە ئامادە دەكەن

:: PM:04:45:13/10/2016 ‌
بەرپرسی نووسینگەی ئاوارەكانی فەلووجە رای دەگەیەنێت، لەگەڵ ئازادكردنەوەی ئەو ناوچانەی داعش داگیری كردوون، ئاوارەكان پەیتا پەیتا بۆ زێدی خۆیان دەگەڕێنەوە.

عبدولباست عەلوان بەرپرسی نوسینگەی ئاوارەكانی فەلووجە لە شاری هەولێر بە "وشە"ی راگەیاند، ئێستە پەیتا پەیتا ئاوارەكانی عێراق كە لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن، بۆ زێدی خۆیان دەگەڕێنەوە، بەتایبەت پاش ئازادكردنی ئەو ناوچانەی پێشتر لەلایەن داعشەوە داگیر كرابوون، بەتایبەت خەڵكی گوندنشین و دانیشتووانی شارەدێیەكان خۆیان ناونووس دەكەن بۆ ئەوەی بەزوویی بگەڕێنەوە.

عەلوان دەڵێ‌، "لەناو ئاوارەكاندا كەسانێك هەن كە هێشتا ناوچەكانیان ئازاد نەكراوە، بەڵام دەیانەوێت بگەڕێنەوە سنوورەكانی نزیك لە زێدی خۆیان و ئەوەش هۆكاری تایبەتی هەیە".

روونی كردەوە، "ئێستە بەشێك لە ئاوارەكانی مووسڵ دەیانەوێت بۆ ناوچەكانی نزیك لە مووسڵ بگەڕێنەوە، بۆ ئەوەی لەكاتی ئازادكردنی شارەكەدا بەزوویی خۆیان بگەیەننە ناو شار، بەشێكیان بۆ تۆڵەسەندنەوە خۆیان ئامادە دەكەن، لەكاتێكدا كە لەهەولێر ژیانێكی ئارام دەژین و دەتوانن لەكاتی گونجاودا بە ئاسایی بگەڕێنەوە".


بەرپرسی نووسینگەی ئاوارەكانی فەلووجە هۆشداری لەوە دەدات، "ئەگەرێكی زۆر بەهێز هەیە كە ئاژاوەگێڕی و تاڵانكردن لەهەردوو شاری مووسڵ و حەویجە رووبدات، بەتایبەت ئەوانەی پێشتر لە دەست داعش هەڵاتوون و موڵك و ماڵیان تاڵان كراوە، ئێستە دەیانەوێت تۆڵەی خۆیان بكەنەوە".


بەگوێرەی ئامارەكانی كۆچ و كۆچبەرانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نزیكەی یەك ملیۆن و 800 هەزار ئاوارە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە كە 28%ی كۆی گشتی دانیشتووانی كوردستان پێك دێنن.

بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئاژانسەكان پێشبینی دەكەن لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شاری مووسڵ، شەپۆلێكی گەورەی ئاوارە لە نێوان  700 هەزار تا یەك ملیۆن ئاوارەی تر روو لە هەرێمی كوردستان بكەن و بەهۆی نزیكی لە سەنتەری مووسڵ، بەشی زۆری ئاوارەكان روو لە پارێزگای دهۆك دەكەن و رێژەیەكیشیان بۆ هەولێر دێن.

وشە /هەولێر-رامیار جواد
پێداچوونەوە: ر. ف


وشە - رامیار جەواد