هەڵبژاردنی نیوەیی كۆنگرێسی ئەمەریكا بۆ ترەمپ یەكلاكەرەوە دەبێت

:: PM:10:20:04/11/2018 ‌

لەماوەی چەند رۆژی داهاتوو هەڵبژاردنی نیوەیی كۆنگرێسی ئەمەریكا بەڕێوە دەچێت و گرنگییەكی زۆری بۆ هەموو دنیا هەیە بەوەی ئەنجامەكەی كاریگەری زۆری بەسەر دۆناڵد ترەمپ و داهاتووی سیاسی ئەو دەبێت، سەرەڕای پێشبینییەكانی باسی دۆڕاندنی كۆمارییەكان بۆ زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەكەن، بەڵام كێبەركێی ئەنجوومەنی پیران یەكلا نەكراوەتەوە. 

هەڵبژاردنی كۆنگرێسی ئەمەریكا بۆ ئەمساڵ هەموو كورسییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی (435) كورسی و سێیەكی كورسییەكانی ئەنجوومەنی پیران (33) كورسی لەكۆی 100 كورسی دەگرێتەوە، لەوكاتەی كە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا چوار ساڵ جارێك بەڕێوە دەچێت، هەڵبژاردنی كۆنگرێس دوو ساڵ جارێك دەكرێت و سیستەمی هەڵبژاردنەكەیش بەو شێوەیە دانراوە بۆ رێگەدان بە بەرجەستەبوونی رای گشتی لە پەرلەمان بۆ هەردوو ساڵ جارێك، هاوكات رێگرتن لە روودانی گۆڕانكاری كتوپڕ لە ئەنجوومەنی پیران لە رێگەی نوێكردنەوەی سێیەكی ئەندامانی لە ماوەی هەر دووساڵدا، جیا لە هەڵبژاردنی پەرلەمان، هەڵبژاردنی فەرماندارەكانی 36 ویلایەتی ئەمەریكا دەكرێت كە بە وردی چاودێری دەكرێن ئاخۆ تیایاندا كەسایەتییەك وەك كاندیدی سەرۆكایەتی ئەمەریكا بۆ هەڵبژاردنی 2020 دیار دەكەوێت.

ئێستە زۆرینەیەكی پارتی كۆماری كۆنتڕۆڵی هەردوو ئەنجوومەنەكەی كۆنگرێس دەكەن، بەو پێیەی كۆنگرێس دەسەڵاتی دەركردنی یاساكانی و خەرجكردنی سەرچاوە داراییەكانی هەیە، بۆیە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە كاریگەری گەورەی بۆ سەر سیاسەتەكانی ئەمەریكا هەیە، لەوكاتەی كۆمارییەكان لەدوای بردنەوەی گەورەیان لە 1994 كە بە دەشت پێكردنی شۆڕشی كۆمارییەكان ناسرا، كۆنترۆڵی زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەكەن. جیا لەوەیش پارتی كۆماری توانی لەو ساڵە زۆرینەی ئەنجوومەنی پیرانیش بەدەست بێنێت، بەڵام لە 1996 ئەو كارە وای نەكرد كە ئەمەریكاییەكان دووبارە دەنگ بە بیل كلنتنی دیموكرات بدەن بۆ دووەم خولی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە.

كۆنترۆڵی كۆمارییەكان بۆ كۆنگرێس لە 2006 كۆتایی هات، ئەوكاتەی دیموكراتەكان زۆرینەی كورسییەكانی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانیان بەدەست هێنا، بەڵام كۆمارییەكان لە هەڵبژاردنی 2016 دووبارە كۆنترۆڵی هەردوو ئەنجوومەنەكەیان كردەوە و دۆناڵد ترەمپ گەیشتە دەسەڵات لەو وڵاتە.

سیستەمی سیاسی
سیستەمی سیاسی لە ئەمەریكا هەر لە سەرەتاوە بە شێوەیەكی روون و دیاریكراو دامەزرا و دامەزرێنەران چەند ساڵێكیان ویست بۆ تاوتوێكردنی دەستوور و دانانی بڕگەكانی، بۆیە ماوەی نێوان راگەیاندنی سەربەخۆیی ئەمەریكا لەدەستی بەریتانیا تا هەڵبژاردنی یەكەم سەرۆكی ئەو وڵاتە (جۆرج واشنتن)، 13 ساڵی خایاند (1776-1789)، كە زۆرینەی ئەو ماوەیە لە گفتوگۆكردن لەبارەی چۆنیەتی دانانی بناغەی سیاسییانە و سیستەمی فەرمانڕەوایی فیدراڵی هەر 13 ویلایەتی ئەمەریكا بەڕێ كرا. 

بۆیە ئەو ماوەیە بە نووسینەوەی دەستوورێكی زۆر كورت لە ناوەڕۆكدا (28 لاپەڕەی بچووك)، كۆتایی هات، بەڵام تا ئێستەیش ئەو دەستوورە هەر ماوە و جێبەجێ دەكرێت و تەنیا چەند بڕگەیەكی ناسەرەكی و گرنگی هەمووار كراوەتەوە، ئەگینا بڕگە سەرەكییەكانی هەر وەك خۆی ماوە لەبارەی ئازادی دەربڕین و هەڵبژاردنی ئاین (یەكەم بڕگەی دەستوورەكە)، كە لەو بڕگەیەدا هاتووە نابێت كۆنگرێس یاسا بۆ بەرژەوەندی ئاینێكی دیاریكراو دەربكات یان قەدەغەی هەر رێورەسمێكی ئاینی بكات هەرچییەك بێت یان ئازادی دەربڕین و رۆژنامەوانی یان ئازادی جەماوەر و گردبوونەوەی ئاشتیانە بەرتەسك بكاتەوە.

سیستەمی فەرمانڕەوایی ئەمەریكا فیدراڵی و سەرۆكایەتی و پەرلەمانی و دیموكراتی و كۆمارییە، سەربەخۆیی نیوچە تەواو دەداتە هەر ویلایەتێك بۆ بەڕێوەبردنی كارەكانی و سیستەمی فیدراڵیش لەسەر سێ كۆڵەكە وەستاوە، یاسادانان (كۆنگرێس) و جێبەجێكردن (كۆشكی سپی) و دادوەری (دادگای باڵا)، بە هاوشێوەیش سیستەمی فەرماڕەوایی هەر ویلایەتێك لە كۆنگرێس و فەرمانڕەوا و دادگای بالا پێك هاتووە، واتە سیستەمێكی دادوەری تایبەت بەو ویلایەتە.

هەڵبژاردنەكان لە ئەمەریكا تەنیا دوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن دەگرێتەوە، لەو كاتەی دادوەرە فیدراڵییەكان و لە پێشەوەیان ئەندامانی دادگای باڵا لەلایەن سەرۆكی ئەمەریكاوە كاندید دەكرێن و دەبێت ئەنجوومەنی پیران پەسندیان بكات و ئەو پرۆسەیەیش لێوردبوونەوەیەكی چڕی بۆ توانست و سیڤی ئەو كەسانە تیادایە لە رووی تۆماری زانستی و كەسێتی و بیروبۆچوون  و هەڵوێستەكانی لە بەرانبەر دۆسیە هەستیارەكان.

كۆنگرێسی ئەمەریكا لە هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران پێك هاتووە و ئەنجوونەی پیران پایە و دەسەڵاتی باڵاتری هەیە، درووشمی كۆنگرێسی ئەمەریكا بریتییە "لە گەل و لە رێگەی گەل و لەپێناو گەل"ە، سیستەمی كۆنگرێسی ئەمەریكا لە سیستەمی پەرلەمانی جیاوازە بەوەی سەربەخۆییەكی زیاتری بۆ ئەندامانی فەراهەم كردووە لەكاتی دەنگدان لەسەر هەر پڕۆژە یاسایەك، واتە پێشخستنی بەرژەوەندی دەنگدەر لە بەرژەوەندی پارتەكەی، بۆیە ئاساییە ئەگەر ئەندامی ئەنجوومەنی پیران لەدژی ئاراستەی پارتەكەی خۆی دەنگ لەسەر بڕیارەكان بدات. 

سێشەمی داهاتوو 6ی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر ئەمەریكا هەڵبژاردنی نیوەیی كۆنگرێس بەخۆیەوە دەبینێت كە گرنگییەكی زۆری هەیە، بەتایبەتی بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەو وڵاتە كە لەدەستدانی زۆرینە لە هەر یەكێك لە دوو ئەنجوومەنەكە دەیكاتە سەرۆكێكی ناكام لە دوو ساڵی داهاتوو فەرمانڕەوایەتییەكەی، چونكە رووبەڕووی سەختی لە تێپەڕاندنی هەر پڕۆژەیاسایەك دەبێتەوە ئەگەر زۆرینەی ئەنجوومەنەكان بكەوێتە دەستی حزبی نەیاری، هەروەها ئەگەری لادانیشی دەبێت ئەگەر لێكۆڵینەوەكان لەبارەی دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا لە 2016 گەیشتە كۆتایی و تێوەگلانی ترەمپ یان دەست تێكەڵاوكردنی لەو بارەوە هاتە سەلماندن.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل