خامیس دوابڕیاری دا.. مانگی داهاتوو ریال مەدرید جێدێڵێ

:: AM:09:57:19/12/2016 ‌

خامیس رۆدریگیزی ئەستێرەی كۆڵۆمبی ئاشكرای كرد كە شیمانە زۆرە مانگی داهاتوو و لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا بەیەكجاری ریزی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی جێبێڵێ.

خامیس ماوەی دوو وەرزە لە بەشێكی زۆری یارییەكانی یانەی ریال مەدرید لەلایەن زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسی پشتگوێ خراوە و دوێنێ یەكشەمیش لە یاریی كۆتای جامی مۆندیالی یانەكان بەرامبەر یانەی كاشیمای ژاپۆنی بەشداری پێ نەكرا.

خامیس لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ناتوانم بەڵێن بدەم كە ئیتر لە یانەی ریال مەدرید دەمێنمەوە یان نا، بەڵام بە دڵنیاییەوە چەندان دەستەوارەی گرانبەهام لەلایەن یانە گەورەكانی ئەوروپاوە ئاراستە كراوە لە ماوەی داهاتوودا بیریان لێ دەكەمەوە.

زیاتر گوتی: ئەوەی راستی بێت لە مەدرید دڵخۆشم، بەڵام كێشەم لەگەڵ یارییەكانەوە و دەمەوێ یاریی زیاتر بكەم، هەرچەندە بە بەدەستهێنانی جامی مۆندیالی یانەكان دڵخۆش بووم كە 15مین ناسناو بوو لە ژیانی وەرزشیم، بەڵام لە هەمانكاتیشدا بە یاری نەكردنم دڵگران بووم.

خامیس لە هاوینی 2014 بە گرێبەستێكی 6 ساڵان لە یانەی مۆناكۆی فڕەنسییەوە پەیوەندی بە یانەی ریال مەدرید كرد، گرێبەستەكەش بڕی 80 ملیۆن یۆرۆ لەسەر یانەی شاهانە كەوت.

لای خۆیەوە رۆژنامەی (سەن)ی ئینگلیزی دوێنێ یەكشەم بڵاوی كردەوە: یانەی چێڵسیی ئینگلیزی لەسەر داوای راهێنەرەكەی ئەنتۆنیۆ كۆنتی ئیتاڵی، ئامادەیی خۆی پێشانداوە بڕی 75 ملیۆن پاوەن بدات بە یانەی ریال مەدرید بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ خامیس رۆدریگیز، ئەمە جگە لەوەی چەندان گەورە یانەی تری ئەوروپا لە ماوەی رابردوودا ئامادەییان پێشانداوە بۆ ئەوەی بێنە نێو ركابەرییەكانی گرێبەستكردن لەگەڵ ئەو ئەستێرەیە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م