لە سلێمانی 21 قومارچی گیران

:: AM:11:48:05/11/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای دەكات، لە هەڵمەتێكدا توانراوە 21 كەس بگرن كە قوماریان کردووە.

ئەمڕۆ دووشەم پێنجی تشرینی دووەم، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكیدا هاتووە، بەفەرمانی عەمید ئاسۆ شێخ تەها بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و لە درێژەی هەڵمەتەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس بۆ گەراِن و پشكنینی كافتریا و یانە شەوانەكان و گرتنی ئەو كەسانەی كە سەرپێچی یاسا دەكەن ، هێزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرا بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 389 لە یاسای سزادانی عێراقی، توانییان 21 تۆمەتبار بگرن كە لەناو كافتریایەكدا لە شاری سلێمانی قوماریان کردووە .

لە ڕاگەیەنراوەكە ئاشكرا كراوە كە تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 389 گیران و دەستیش گیرا بەسەر بڕێك پوولی قوماركردن و چەند پارچە چەقۆ و بۆكس خەنجەرێكدا.

لە كۆتاییدا ئاماژە دراوە كە هەڵمەتەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بۆ گەڕان و پشكنینی كافتریا و یانە شەوانەكان، بەردەوامییان هەیە و هەركەسێك سەرپێچی یاسا بكات، بیگرن و لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد