پێكەنین یەكێكە لە نیشانەكانی دڵخۆشی و شادی و ئارامی دەروونی، هاوكات سوودی یەكجار گرنگیشی بۆ تەندروستی مرۆڤ و میزاج و مێشكی مرۆڤەوە هەیە و لە خوارەوە پێنج سوودی گرنگی پێكەنین بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ دەخەینە ڕوو.
یەكەم: دژە پێكەنین، كاتێك سەیری كەسێك دەكەن كە پێدەكەنێ و خەندە لەسەر لێویەتی، ئێوەش ڕاستەوخۆ پێدەكەنن، بەگوێرەی توێژینەوەكان ئەمە دژە پێكەنینە و هەركاتێك مرۆڤ كەسێك دەبینێ كە پێدەكەنێت، ڕاستەوخۆ مێشك ئاماژەكان وەردەگرێ لە ڕێی چاوەوە و فەرمان بە كەسەكە دەكات ئەویش پێكەنین و بزە بكات، ئەمەش زۆر بە سوودە، چونكە پێكەنین یارمەتی زۆرتان دەدات بۆ ڕزگاربوون لە شەكەتی و نیگەرانی.
دووەم: دوودڵی كەم دەكاتەوە و ئارامی بە دڵ دەبەخشێت، زۆر سەختە كەسێك بتوانێ پێبكەنێت، ئەگەر لە ژێر فشاری دەمارگرژی و تووڕەییەكی توند بێ، بەڵام كاتێك مرۆڤ پێبكەنێت، گرژی لە مێشك و دەروونی نامێنێ و دوودڵی كەم دەبێتەوە و پەستان لەسەر دڵ دروست نابێ و تەواوی جەستە ئارام دەبێت.
سێیەم: مادەی كیمیایی ئەندرۆفینات، مرۆڤ بۆ دەردانی ئەو مادە كیمیایییە لە مێشكی كە بەرپرسە لە هەستكردن بە بەختیاری و خۆشبەختی، پێویستی بە ڕاكردنی زۆر و ئەنجامدانی وەرزشی زۆر دەبێ، بەڵام ئەگەر ڕۆژانە پێبكەنن، پێكەنین باشترین یاریدەدەرە بۆ دەردانی ئەمجۆرە مادەیە، ئەمەش وا دەكات بەردەوام دڵخۆش و شاد بن.
چوارەم: سیستەمی بەرگری جەستە بەهێز دەكات، پێكەنین یارمەتیدەرە بۆ بەرهەمهێنانی زیاتری خڕۆكە سپییەكانی خوێن، ئەمەش بەرپرسە لە بەرگریكردن لە جەستە و رێگریكردن لە تووشبوون بە نەخۆشییەكان، بۆیە بەرزبوونەوەی ئاستی خڕۆكە سپییەكانی خوێن یامەرتیدەرێكی زۆر بەهێزە بۆ چالاكبوون و بەهێزبوونی سیستەمی بەرگری لەشی مرۆڤیش، بەتایبەت بۆ منداڵ زۆر گرنگە، چونكە ئەو تازە هاتووەتە دنیا و هێشتا خڕۆكە سپییەكانی بەو ئاستە نین، كە یارمەتی سیستەمی بەرگری لەش بدەن تا ڕووبەڕووی نەخۆشییەكان ببێتەوە.
پێنجەم: توانای مێشك و یادگە بەهێز دەكات، پێكەنین بەردەوام كارێكی ئەرێنی و گرنگە بۆ ئەوەی باشتر بیر بكەنەوە و تووشی كێشەی لەبیرچوونەوەش نەبن، ئەگەر زۆر پێبكەنن ڕۆژانە، هەرچەند ئیشەكانتان ئاڵۆز و ماندووكەر بێ، ئەوا دەتوانن بە توانا هزرییەكانتان بەسەریدا زاڵ بن و دوای تەواوبوونی كارەكانیشتان بە ئارامی بمێننەوە.
بەگشتی توێژینەوەكان دەریان خستووە، كە پێكەنین دەبێتە هۆی باشبوونی تەندروستی دڵ و سوڕی خوێن و ماسولكەكانی دڵ چالاك دەكات، بۆ سیییەكان و هەوكردن و هەستەوەری و رەبۆ و زۆرێك لە نەخۆشییەكانی تر سوودی یەكجار زۆری هەیە.
سەرچاوە/العربیە.