چەکداران هێرش دەکەنە سەر قووتابخانەیەک و 78 قووتابی دەفڕێنن

:: PM:10:31:05/11/2018 ‌

بەرپرسان ڕای دەگەیەنن کە 78 قووتابی لە قوتابخانەیەکی شاری بامێندای وڵاتی کامیروون لە ئەفریقای ناوەڕاست فڕێنراوە.

لەگەڵ قووتابییەکاندا بەڕێوبەر و شۆفێرێکی قوتابخانەکەیش فڕێنراوە لە میانەی هێرشەکە لەلایەن گرووپێکی چەکدارییەوە لە گوندێکی نزیک شاری بامێندا لە وڵاتی کامیروون.

ڕووداوەکە لە ناوچەیەکدا ڕوویداوە کە دانیشتوانەکەی بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن و لە هەوڵی ڕاگەیاندن و ڕێکخستنی وڵاتێکی سەربەخۆدان بۆ خۆیان بەناوی ئەمبازۆنیا، نازاندرێت قووتابییە فڕێنراوەکان بۆ کوێ براون و لە گرتە ڤیدیۆییەکدا دەرکەوتووە چەکدارەکان بە قووتابییەکان دەڵێن، " ئێمە تەنیا دوای کێشمەکێشەکە ئازادتان دەکەین. لەمەودوا لێرە دەچن بۆ قووتابخانە... هەموومان لێرە دەمێنینەوە."

بە سەدان کەس کوژراون بەهۆی ناکۆکی و پێکدادانی نێوان هێزە سەربازییەکان لەدوای سەرکوتکردنەکانی خۆپیشاندەران لەلایەن حکوومەت بە سەرۆکایەتی پاوڵ بیا، شایەنی باسە بەرپرسان و لایەنگرانی حکوومەت زۆرینە بە فەڕەنسی قسە دەکەن و خۆپیشاندەرانیش بە ئینگلیزی قسە دەکەن و داوای وڵاتی سەربەخۆ دەکەن بەهۆی ئەوەی دەڵێن کە پشتگوێ و پەراوێز خراون لەلایەن حکوومەتەوە.

دیبێن تچۆفۆ پارێزگاری ناوخۆ ڕای دەگەیەنێت کە بەلایەنی کەمەوە 78 قووتابی فڕێنراون و ئاژانسی هەواڵی ڕویتەرزیش بڵاوی کردووەتەوە کە سەرچاوەیەکی سەربازی دووپاتی کردووەتەوە کە 81 کەس، بە بەڕێوبەری قوتابخانەکەشەوە فڕێنراون.

شایەنی باسە وەک لە ماڵپەڕی فەرمی قوتابخانەکەوە بڵاوکراوەتەوە قوتابخانەکە زیاتر لە 700 قووتابی نێر و مێی سەر بە جۆرە جیاوازەکانی ئاین و زمانەکانی لەخۆ گرتووە.

ڕاپۆرتەکان دەری دەخەن کە ئەمە یەکەم جارە قووتابیان بە ژمارەیەکی وا زۆر فڕێنرابن.

وشە/ محەمەد شابان


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان