كەشوهەوا دەوامی لە كوێت و باشووری عێراق پەكخست

:: AM:10:18:06/11/2018 ‌
بەهۆی خراپی كەشوهەوا، دەوامی فەرمی لە تەواوی وەزارەتەكانی دەوڵەتی كوێت و بەشێك لە پارێزگاكانی باشووری عێراقیش وەستاوە، تەنانەت خوێندن و فڕۆكەخانەش پەكیان كەوت.
 
ئەمڕۆ سێشەم شەشی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر، ئەنجوومەنی وەزیرانی كوێت بڕیاری وەستانی دەوامی فەرمی لە سەرجەم وەزارەتەكان و دامەزراوەكانی دەوڵەت راگەیاند بەهۆی خراپی كەشوهەوا.

هاوكات وەزارەتی پەروەردەی كوێت رای گەیاند كە بۆ ئەمڕۆ سێشەم لە سەرجەم قوتابخانەكان و زانكۆكان دەوام نییە تا هێوربوونەوەی رەوشی كەشوهەوا.

پێوەند بە فڕۆكەخانەی ئەو دەوڵەتە، هێڵی ئاسمانی كوێتی لەسەر پێگەی تایبەتی خۆی لە تویتەر وەستانی سیستەمی دەوامی سەر لە بەیانی راگەیاند، بەمەش فەرمانبەرانی هێڵی ئاسمانی كوێتی ئەمڕۆ پشووی فەرمییانە، بەڵام فەرمانبەرانی سیستەمی ئێواران بەردەوام دەبن لە دەوامی فەرمی.

جێی باسە بەهۆی رەشەبایەكی بەهێزی خۆڵاوی كە خێراییەكەی 50 كیلۆمەتر لە سەعاتێك زیاترە، جار جار لەگەڵ خۆیدا بارانیش دەبارێت، بووەتە هۆی وەستاندنی دەوامی فەرمی.

هەر پێوەند بەو پرسە لە چەند پارێزگایەكی باشووری عێراقیش بەهۆی هەمان رەشەبای خۆڵاوی لە چەند پارێزگایەك دەوامی فەرمی وەستاوە.

هەریەكە لە پارێزگاكانی ئەنبار و دیوانیە و دیالە، دەوامی فەرمی تێیاندا وەستاوە بەهۆی بارینی بارانێكی زۆر و بوونی رەشەبایەكی بەهێز.


وشە - فه‌رمان سادق