میلان دەستی بە كارەكانی گەڕانەوەی ئیبراهیمۆڤیچ كردووە

:: AM:11:19:06/11/2018 ‌

یانەی میلانی ئیتاڵی بەرەسمی دەستی بە كارەكانی كرد بۆ گێڕانەوەی هێرشبەرەكەی پێشووی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی سوێدی كە ئێستا لە خولی تۆپی پێی ئەمەریكا و لە ریزی یانەی لۆس ئەنجلۆس گالاكسی یاری دەكات.

یانەی میلان دەیەوێ لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا كارەكانی گەڕانەوەی ئیبراهیمۆڤیچ تەواو بكات.

ئیبراهیمۆڤیچ /37 ساڵ/ پێشتر بۆ ماوەی 2 وەرز لەنێوان ساڵانی 2010-2012 ریزی یانەی میلان یاری كردووە.

ماڵپەڕی (كالچیۆ میركاتۆ)ی ئیتاڵی ئاشكرای كرد: بەرپرسانی یانەی میلان رژدن لەسەر گەڕانەوەی ئیبراهیمۆڤیچ بۆ ریزی یانەكەیان تا لە نیوەی دووەمی وەرزدا كێشەكانی هێڵی هێرشبەریان پێ چارەسەر بكەن.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد كە یانەی میلان بە كردار دەستیان بە هەوڵەكانیان كردووە و سەرەتا پەیوەندییان بە مینۆ رایۆلای بەڕێوەبەری كارەكانی ئیبراهیمۆڤیچ كردووە بۆ ئەوەی لەسەر خاڵەكانی گرێبەستكردن رێككەون.

جێی باسە ئیبراهیمۆڤیچ لەماوەی ئەو 2 ساڵەی یاریكردندا لە ریزی یانەی میلان بەشداریی لە 85 یاریی یانەكەدا كردبوو و توانیبووی 56 گۆڵ تۆمار بكات لەگەڵ دروستكردنی 24 گۆڵی تر.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م