ده‌گوترێ "رۆماننووسه گه‌وره‌كان له دوایین رۆژانى ته‌مه‌نیان رۆمانه نایابه‌كانیان ده‌نووسن". ئه‌مه گوته‌یه‌كى زۆر باوه كاتێك باس له ئه‌زموونى نووسه‌ره گه‌وره‌كان ده‌كرێت، به‌تایبه‌تیش كاتێك ده‌زانین له‌و روانگه‌یه‌وه ئه‌م قسه‌یه كراوه كه مرۆڤ هه‌رچه‌نده به ته‌مه‌نتر بێت، دنیابینى و ئه‌زموونى زیاتر ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌مه ماناى ئه‌وه نییه ئه‌وه‌ى گه‌نج بێت نه‌توانێ رۆمان بنووسێت، چونكه هه‌ر مێژووى نووسینى رۆمان پێمان ده‌ڵێت چه‌ندان رۆمانى به‌ناوبانگ له‌لایه‌ن گه‌نجانه‌وه نووسراون، دیارترینیان رۆمانى "فرانكشتاین"ـه كه له‌لایه‌ن مارى شیلى نووسراوه، كه له ته‌مه‌نى 21 ساڵی نووسی.
ره‌نگه ئه‌مه گه‌وره‌ترین هانده‌ر بێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌زموونى گه‌نج له نووسینى رۆمانى كوردى ره‌ت نه‌كرێته‌وه، چونكه چه‌ند ساڵێكه تێبینى ئه‌وه له كتێبخانه‌ى كوردى ده‌كرێت كه چه‌ندان رۆمان هه‌ن له‌لایه‌ن گه‌نجانه‌وه نووسراون، ئه‌گه‌ر ساده‌ش بن، به‌ڵام ده‌كرێ سه‌ره‌تایه‌ك بن بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنى ئه‌م بواره و له هه‌نگاوى داهاتوویان رۆمانى گرنگتر بنووسن.
یه‌كێك له‌م رۆمانانه، رۆمانى "فڕین له دۆزه‌خدا" كه له‌لایه‌ن نووسه‌رى گه‌نج وریا مه‌عرووف نووسراوه و له‌لایه‌ن خانه‌ى موكریانى له هه‌ولێر چاپ كراوه و دوو هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر بڵاو كرایه‌وه.
رۆمانه‌كه له شه‌ش به‌ش پێكهاتووه، هه‌ر به‌شێكى ناونیشانێكى تایبه‌تى بۆ دانراوه، له‌وانه قوتابخانه، مزگه‌وت و خوێندنى قورئان، خوێندن له شوێنێكى تر، رۆیشتن بۆ شار، زانكۆ، هاوسه‌رگیرى. كۆى به‌شه‌كانى رۆمانه‌كه له 221 لاپه‌ڕه پێكهاتووه.
كاره‌كته‌رى سه‌ره‌كیى رۆمانه‌كه، منداڵێكه به‌ناوى "به‌هێز"، ته‌واوى به‌شه‌كانى رۆمانه‌كه باس له به‌هێزیى "به‌هێز" ده‌كه‌ن، له میانه‌ى تێپه‌ڕبوونى به‌ناو ئه‌و دامه‌زراوانه‌ى كه ناوى هه‌ر یه‌كێكیان كراوه به ناونیشانى به‌شێكى رۆمانه‌كه. "به‌هێز" ته‌نیا نموونه‌ى منداڵێكه له هه‌زاران منداڵ كه رۆژانه له كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى، له‌لاى یه‌كێك له‌م دامه‌زراوانه "خێزان و مزگه‌وت و زانكۆ" و ته‌واوى دامه‌زراوه‌كانى تر و پانتایییه‌كانى تر‌ى كۆمه‌ڵگه رووبه‌ڕووى ئاسته‌نگ ده‌بنه‌وه، جا ده‌بێ هێنده هێزیان هه‌بێت وه‌ك پاڵه‌وانى رۆمانه‌كه به ناو دۆزه‌خێكدا بفڕن كه سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن خێزانه‌وه بۆیان دروست ده‌كرێت.
لێره‌وه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت وریا مه‌عرووف له‌م روانگه‌یه‌وه ئه‌م رۆمانه‌ى نووسیوه، بۆیه نووسه‌ر هێنده‌ى بایه‌خى به ساده‌یى نووسین داوه، بایه‌خى به ته‌كنیكى رۆمانه‌كه نه‌داوه، ره‌نگه بۆ ئه‌وه بێت په‌یامى رۆمانه‌كه بگات كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه پێشه‌كى بۆ نووسراوه، ئه‌مه‌ش كارێكه كه كه‌متر له رۆمان ئه‌نجام ده‌درێت.
له پێشه‌كیى رۆمانه‌كه‌دا هاتووه، "ئه‌م رۆمانه باس له سته‌مى خێزان و كۆمه‌ڵگه و نه‌ریت و په‌روه‌رده‌ى خراپ ده‌كات، كه چۆن ژیان له منداڵ ده‌كات به دۆزه‌خ و زیندان، له برى دروستكردن و پێگه‌یاندنى ئینسان، ئامێرێك دروست ده‌كه‌ن گه‌وره‌یى و به‌هاى ئینسان ده‌شكێنن".
خوێندنه‌وه‌ى رۆمانه‌كه له ته‌واوى لاپه‌ڕه‌كانى ئه‌ركه په‌روه‌رده‌یییه‌كانمان به‌بیر ده‌هێنێته‌وه، ده‌كرێ جیا له خوێنه‌رى گه‌وره، هه‌رزه‌كارانیش لێى سوودمه‌ند بن، چونكه پاڵه‌وانى كتێبه‌كه كه منداڵێك بووه له خێزانێك و هه‌میشه به په‌روه‌رده‌كه‌ى خۆى هه‌وڵى تێكشكاندنیان داوه، به‌ڵام ئه‌و كۆڵى نه‌داوه و به هه‌موو ئامانجه‌كانى خۆى ده‌گات. نووسه‌ریش ئه‌مه‌ى نه‌شاردووه‌ته‌وه و له پێشه‌كى كتێبه‌كه نووسیویه‌تى، "رۆمانى فڕین له دۆزه‌خدا فێرى ئازایه‌تى و بوێرى و یاخیبوون و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌مان ده‌كات، له هه‌مانكاتیشدا بایه‌خێكى زۆر به رێگرتن و خۆشه‌ویستى ده‌دات".