ماوریسیۆ پوچیتینۆی ئەرجەنتینی و راهێنەری یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی داوایەكی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و سەرۆكەكەی فلۆرنتینۆ پێرێزی رەت كردبووەوە سەبارەت بە چوونی بۆ نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
رۆژنامەی (زە سەن)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: یانەی شاهانەی پاڵەوانی ئەوروپا دەستەوارەیەكی بە مووچەی ساڵانەی 17.2 ملیۆن یۆرۆ پێشكەش بە پوچیتینۆ كردبوو لەبەرامبەر راهێنەرایەتیكردنی تیپەكەیاندا، بەڵام راهێنەرە ئەرجەنتینییەكە بەهۆی چەند هۆكارێكەوە رەتی كردبووەوە.
گرینگترین هۆكار كە پوچیتینۆ بەهۆیەوە راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدریدی رەت كردبووەوە چارەنووسی راهێنەرەكانی پێشووی یانەكە بووە كە بەهۆی دەستوەردانی بەردەوامی سەرۆك و كارگێڕی یانەكەوە دوورخراونەتەوە.
پوچیتینۆ بە یەكێك لە بژاردە سەرەكییەكانی سەرۆكایەتی یانەی ریال مەدرید دادەنرا بۆ وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەتی تیپەكەی لە شوێنی جولین لۆپیتیگی كە چەند رۆژێك پێش ئێستا بەهۆی ئەنجامە خراپەكان و شكستە گەورەكەی یاریی كلاسیكۆ بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە لە پۆستەكەی دوور خرایەوە.
یانەی شاهانە ئێستا لەلایەن راهێنەری دووەم سانتیاگۆ سۆلاری ئەرجەنتینی بەڕێوە دەبرێ و ئەو راهێنەرە لە دوو یاریی رابردوودا لە جامی شای ئیسپانیا و خولی ئیسپانیا سەركەوتنی بۆ یانەی شاهانە بەدەستهێناوە.
جێی باسە پوچیتینۆ چەند مانگێك پێش ئێستا گرێبەستێكی نوێی لەگەڵ سەرۆكی یانەی تۆتنهام ئیمزا كردبوو و تێیدا رازی ببوو بۆ ماوەی 5 ساڵی تر تا 2023 هەر لە یانەكەی شاری لەندەن بمێنێتەوە.