شاندی پارتی گه‌یشته‌ مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی

:: AM:11:42:19/12/2016 ‌

شانده‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ بڕیار بوو له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێك كۆ ببێته‌وه‌، كه‌مێك به‌ر له‌ ئێسته‌ گه‌یشته‌ مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ سلێمانی.

ئه‌مڕۆ دووشه‌م، شاندی پارتی دیموكراتیی كوردستان، ده‌ست به‌ گه‌ڕێكی تری دانوستانه‌كانی ده‌كات كه‌ بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو حزبه‌ كوردستانییه‌كانی بكات، سه‌ره‌تای ئه‌م ده‌ستپێكردنه‌وه‌یه‌ش له‌ سلێمانی، ئه‌و شانده‌ له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان كۆ ده‌بێته‌وه‌.

ئێسته‌ شانده‌كه‌ له‌ناو باره‌گای یه‌كێتییه‌ كه‌ پێكهاتوون له‌ فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتیی كوردستان، هه‌روه‌ها عیزه‌ت به‌رواری، مه‌حموود محه‌مه‌د و كاكه‌مین نه‌جار ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و ئه‌حمه‌د كانی و دلشاد شه‌هاب ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌.

نه‌رمین عوسمان ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دوێنێ یه‌كشه‌م به‌ "وشه‌"ی ڕاگه‌یاند، یه‌كێتی ئاماده‌كاری بۆ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی پارتی كردووه‌ و چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ ده‌كات بزانێت پرۆژه‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان چییه‌ و تا چه‌ند ڕژده‌‌ له‌ جێبه‌جێ كردنی.
 
ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو كه‌ هه‌ر دوو باڵه‌كه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، كه‌ باڵی زۆرینه‌، هێرۆ ئیبراهیم و باڵی ناوه‌ندی بڕیار به‌شداری ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ده‌كه‌ن و پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتی داده‌نیشن و بڕیاریش له‌وه‌ دراوه‌.
 
سەردانی شاندی پارتی دیموكراتیی كوردستان بۆ لای لایەنە كوردستانییەكان دوای پەیامەكەی رۆژی شەموو 20 تشرینی دووەم/نۆڤێمبەر سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دێ، كە ئاراستەی ڕای گشتی كوردستان كرا، تێیدا بارزانی داوای كرد، حزبەكان بكەونە گفتوگۆ و پەرلەمان كارا بكەنەوە و سەرۆكایەتییەكی نوێ هەڵبژێرن، دواتر پێویستە حزبەكان رێك بكەون حكوومەتێكی نوێ پێكبهێنن و بەڕێزێكیش بۆ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان تا كاتی هەڵبژاردن دەستنیشان بكەن و منیش بەهەموو توانایەكەوە یارمەتی ئەو پرۆسەیە دەدەم.

دوای بڵاوكردنەوەی ئەم پەیامە حزبە سیاسییەكانی كوردستان پێشوازیان لە ناوەرۆكی پەیامەكە كرد و بە هەنگاوێكی باشیان زانی بۆ دەست كردنەوە بە دانوستاندن و كۆتاییهێنان بە تەنگژەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان.


وشە - كوردۆ شابان