بودجەی 2019ی حكوومەتی عێراق كە بە میراتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو ناسراوە و حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی بێ دەستكاری بۆ پەرلەمانی عێراقی ناردووە، هەموویان لیست و هێزە سیاسییەكان پێی رازی نین و داوای گەڕاندنەوەی بۆ حكوومەت دەكەن، چاوەڕوان دەكرێت لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بڕیاری گەڕاندنەوەی بۆ حكوومەت بدرێت.
كورد داوای 17% دەكات
دوای بڕیاری سەربەخۆی فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستان، پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا بە ئاستێك ناكۆكی تێكەوت، بەغدا تاك لایەنە بڕیاری كەم كردنەوەی پشكی هەرێمی كوردستانی لە بودجەی ساڵانە جێبەجێ كرد، بۆ ئەمساڵیش بودجەی 2019 كە میراتی حكوومەتەكەی عەبادییە بە هەمانشێوەی ساڵی رابردوو پشكی هەرێمی كوردستانی بە 12.67% دەستنیشان كردووە، بەمەش پێشێلی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا كراوە كە 17%ی پشكی هەرێمی كوردستان بەستراوەتەوە بە سەرژمێری.
میادە نەجاڕ پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەم شەشی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر، رای گەیاند كە كورد سازش لەسەر پشكی 17%ی خۆی ناكات، ئەمەیش دەستكەوتێكی دەستووری و یاساییە تا ئەنجامدانی سەرژمێری.
میادە ئەوەشی خستەڕوو كە پارتی دیموكراتی كوردستان پێداگیرە لەسەر 17% و سازشی لەسەر ناكات.
جەمال كۆچەر پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێ هێزە كوردستانییەكان هەر هەموویان رازی نین لە بودجەی 2019 و دەستنیشان كردنی 12% وەك پشكی هەرێمی كوردستان.
كۆچەر ئاماژەی بەوەدا جگە لە 17% كە پشكی هەرێمی كوردستانە، ئەوا بودجە بۆ هەموو هێزەكانی پێشمەرگە دەستنیشان نەكراوە تەنیا 40 هەزار نەبێت كە ئەمەش ناكاتە ژمارەی ئەو پێشمەرگانە مووچە وەردەگرن كە 243 هەزار پێشمەرگەن.
سوننە رەتی دەكاتەوە
هەرچی نوێنەرانی لیست و هێزە سوننەكانن لە پەرلەمانی عێراق، وێڕای ناكۆكیان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان حكوومەت، بەڵام بودجەی 2019 كۆیان دەكاتەوە و هاوڕان لەسەر زیاد كردنی پشكی پارێزگای نەینەوا لە بودجە، تەنانەت داوا دەكەن شارەكە وەك شارێكی كاول بوو لە بودجە ناو بهێنرێت و حكوومەتی عێراقی بەرپرسیاریەتی یاسایی و دارایی ئاوەدانكردنەوەی لە ئەستۆ بگرێت.
شێروان دووپردانی پەرلەمانتاری پارتی لەسەر پارێزگای مووسڵ، پێی وایە بودجەی 2019 كێشە و گرفتی زۆر لەنێوان پەرلەمان و حكوومەت دروست دەكات ئەگەر دەستكاری نەكرێت.
"وەك پەرلەمانتارانی مووسڵ یەك هەڵوێستین و بەیەكەوەش بودجە رەت دەكەینەوە، چونكە هیچ حیسابێكی بۆ مووسڵ نەكردووە، پشكی شارەكە تەنیا 1%یە، ئەگەرچی مووسڵ شارێكە هەموو دنیا دەزانێت وێرانە بووە و پێویستی بە بودجەیەكی زەبەلاح هەیە بۆ دووبارە ئاوەدان كردنەوەی كە نابێت لە 11% كەمتر بێت".
لای خۆیەوە ئوسامە نوجێفی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق رای گەیاند كە بودجەی 2019 شۆكی كردووە و پێویستە هەرچی زووە بگەڕێتەوە بۆ حكوومەت.
نوجێفی باسی لە مووسڵ و شارە رزگار بووەكانی دەستی داعش كرد كە هیچ گرنگییەكیان لە بودجە پێ نەدراوە بە ئامانجی چارەسەركردنی ئەو دۆخە كارەساتبارەی بەسەریان هاتووە، گوتی "ناكرێت مووسڵ و ئەنبار و سەلاحەدین و دیالە و پارێزگاكانی تریش كە زیانی داعشیان بەر كەوتووە وەك هەر پارێزگایەكی تر لێی بڕوانرێت، بەتایبەت مووسڵ كە لە هەموو پارێزگاكانی تر زیاتر زیانی بەركەوتووە". زیاتر گوتی "ئەگەر دەستكاری پشكی مووسڵ نەكرێت ئەوا پەنا دەبەنە بەر دادگای فیدڕاڵ و سكاڵا تۆمار دەكەن".
ئەگەرچی حكوومەت بودجەی 2019ی ناردووە بۆ پەرلەمان، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێشتا لیژنەكانی پەرلەمانی پێك نەهێنراون و سەرۆك و جێگر و بڕیاردەریان بۆ دەستنیشان نەكراوە، ئەوا پەرلەمان ناتوانێت گفتوگۆ لەسەر بودجە بكات، چونكە پێویستە پێشتر لەلایەن لیژنەكانی پەرلەمانەوە خوێندنەوەی بۆ بكرێت و راپۆرتی لەسەر ئامادە بكرێت.
پەرلەمانتارانی بابل بودجە رەت دەكەنەوە
مەنسووڕ بعێجی پەرلەمانتار لەسەر پارێزگای بابل "100 كم باشووری بەغدا"، دەڵێ پەرلەمانتارانی بابل بودجە رەت دەكەنەوە و دەنگی بۆ نادەن ئەگەر پشكی بابل زیاد نەكرێت.
ئەو گوتی "ژێرخانی بابل داتەپیوە بەهۆی پشتگوێ خستنی چەندان ساڵەی رابردوو، بۆیە پێویستە پشكی بابل جیاواز بێت لە ساڵی رابردوو، دەبێت زیاتر بێت، چونكە شارەكە لە دوای رووخانی بەعس تا ئێستە پشتگوێ خراوە، ژێرخانی خزمەتگوزاری و تەندروستی و پەروەردەی وێرانە بووە".
بەسڕاییەكان رەتی دەكەنەوە
زەهرە هەمزە بجاری پەرلەمانتاری پارێزگای بەسڕە داوا لە حكوومەتی عەبدولمەهدی دەكات كە بودجەی 2019 بگەڕێنێتەوە بۆ حكوومەت چونكە پێشتر لەلایەن حكوومەتی عەبادی دانراوە.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێ، پێویستە عەبدولمەهدی بە وردی خوێندنەوەی بودجە بكات، پشكی پارێزگاكان بە دادگەریەوە دابەش بكات بە تایبەت بەسڕە كە ژێرخانی ئەو شارە بە تەواوەتی وێران بووە.
"پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران پێش پەرلەمان بڕوانێتە بودجە تا بزانن چی تێدایە، چونكە دواجار ئەوان بەرپرسیاریەتیەكە هەڵدەگرن". بجاری وای گوت، ئەوەشی خستەڕوو پارێزگاكانی باشووری عێراق رووبەڕووی زیانی زۆر ژێرخانی زۆر بوونەتەوە، بەتایبەت كشتوكاڵ و ئاودێری و ئاوی خواردنەوەی ماڵان كە بەهۆی پیسبوونی رووباری شەتولعەرەب و بەرز بوونەوەی رێژەی خوێ تێیدا، گوتی "كەچی لە بودجە بەهیچ شێوەیەك باسی چارەسەری پیسبوونی ئاوی شەتولعەرەب نەكراوە، تەنانەت باسی پڕۆژەی ستراتیژیش لە شارەكە نەكراوە وەك هەوڵێك بۆ كەمكردنەوەی بێكاری".
وەزارەتی دارایی داوای گەڕاندنەوەی بودجە دەكات
فواد حوسێن وەزیری دارایی دوای دەستبەكار بوونی وەك وەزیر، لە یەكەم كۆبوونەوەی لەگەڵ تیمی وەزارەتی دارایی و فەرمانگە و بەڕێوەبەرە گشتییەكان، رای گەیاند دەیانەوێت بودجە بگەڕێننەوە بۆ حكوومەت بە مەبەستی جێكردنەوەی پلانی وەزارەتەكەی لە پێشخستنی سیاسەتی ئابووری عێراق و قۆناغی دووبارە بنیادنانەوە و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تاوتوێ كرد.
وەزیری دارایی عێراق دووپاتی لە گونجاندنی سیاسەتی ئابووری نوێی عێراق كردەوە كە بگونجێ لەگەڵ ئامانجەكانی گەشەپێدانی نیشتمانی و پێداگیری لەسەر سەرمایەگوزاری مرۆیی لە بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و كەمكردنەوەی بێكاری.
فوئاد حوسێن گوتی، "ئەو پرسە پێویستی بە كاری زۆر هەیە لە پێشخستنی كاری وەزارەت كە بەجۆرێك بێت لە خزمەتی گشتیدا بێت".
پێوەند بە هەرێمی كوردستانیش، وەزیری دارایی رای گەیاند كە پێویست دەكات لە پرسی بودجە و شەفافییەت لەگەڵ هەرێمی كوردستان، پێوەندییەكی باش هەبێت، هاوكات دەبێت چاودێری پێویستییەكانی هەموو پارێزگاكان بكرێت بەتایبەت بەسڕە كە شادەماری ئابووری عێراقە. گوتی "دەبێت گرنگی تایبەتیش بە مووسڵ بدرێت بەتایبەت لە دیوە شوێنەوارییەكەی كە رەنگدانەوەی شوێنەواری هەموو عێراقییەكانە".
كورتهێنان لە 19 ملیار دۆلارە
بودجەی 2019ی عێراق كە حكوومەتی حەیدەر عەبادی ئامادەی كردووە، لەلایەن كابینەی نوێی عادل عەبدولمەهدی بۆ پەرلەمان نێردراوە.
بودجەی 2019، 108 ملیار دۆلارە، لەو ژمارەیە 19 ملیاری كورتهێنانە و بەهای هەر بەرمیلێك نەوتیش بە 56 دۆلار خەملێنراوە، بە مەرجێك عێراق رۆژانە سێ ملیۆن و 880 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات، لەو ژمارەیە تەنیا 250 هەزار بەرمیل لەسەر هەرێمی كوردستان سەپێنراوە، بەرانبەر بە 17%، بەڵام لە بودجە پشكی كوردستان كراوە بە 12%.