پۆلیسی دارستان خواردن بۆ ئاژەڵ و باڵندەی کێوی دابین دەکات

:: AM:11:44:19/12/2016 ‌

ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و بارینی بەفر، تیمەکانی سەر بە پۆلیسی دارستان و ژینگە هەڵدەستن بە دابینکردنی خۆراک و دانەوێڵە بۆ ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان، لە چیا و دۆڵ و پێدەشتەکانی ناوچە جیاجیاکان، ئەمەش چونکە لەو وەرزەدا ئەو ئاژەڵ و باڵندانە خۆیان بە ئەستەم دەتوانن خواردنی خۆیان دەردەست بکەن.

لەو بارەیەشەوە عەقید هێمن کمرخان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رای دەگەیەنێت، ساڵانە لەگەڵ بارینی بەفردا ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان، بە زەحمەت دەتوانن خۆراکی خۆیان دابین بکەن، بەو هۆیەوەش لە ناوچە ئاوەدانەکان نزیک دەبنەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانیان، چونکە لەلایەن ڕاوچییەکانەوە دەکرێنە ئامانج، هەر بۆیە ساڵانە لەو کاتانەدا تیمەکانمان لە سەرجەم بەش و بنکەکاندا، هەڵدەستن بە دانان و بڵاوکردنەوەی دانەوێڵە و خۆراکی پێویست لە چیا و دۆڵ و پێدەشتەکاندا، تا ئاژەڵ و باڵندەکێویەکان بەشێویەکی ئاسان خۆراکی پێویستیان دەست بکەوێت و لە دەستی ڕاوچییەکانیش پارێزراو بن .

جێی ئاماژەیە، ژینگە و سروشتی کوردستان دەوڵەمەندە بە ژمارەیەک ئاژەڵ و باڵندەی کێویی سەرنجڕاکێش و دەگمەن، کە لەلایەن پۆلیسی دارستان و ژینگەوە هەوڵی پاراستنیان دەدرێت لە مەرسیی راوکردن.


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی