ئەمڕۆ دەنگدەرانی ئەمەریكا روویان لە سندووقەكانی دەنگدان كرد بەمەبەستی هەڵبژاردنی ئەندامانی نوێی كۆنگرێس كە لە 435 كورسی ئەنجوومەنی نوێنەران و 33 كورسی ئەنجوومەنی پیران لە كۆی 100 كورسی پێك دێت، لەو كاتەی پارتی كۆماری هەوڵی پارێزگاریكردن لە زۆرینەی كۆنگرێس دەدات، دیموكراتەكان چاویان لەوەیە كورسی زیاتر لە كۆنگرێس ببەنەوە بەمەبەستی كارتێكردن لە سیاسەتەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەو وڵاتە،
بەڵام ئەگەر ترەمپ زۆرینەی ئێستە لەدەست بدات چی دەبێت؟.
لە حاڵەتی یەكلابوونەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بۆ بەرژەوەندی دیموكراتەكان و بەدەستهێنانی زۆرینە لە هەردوو ئەنجوومەن، دەستی ترەمپ كورتتر دەبێتەوە و بۆ دوو ساڵی داهاتوو كۆنترۆڵی بەڕێوەبردنی وڵات لەدەست دەدات، وەك تۆڕی هەواڵی (بی بی سی) باسی لێوە دەكات.
جیا لە كێبەركێی نێوان هەردوو حزبی، هەڵمەتی هەڵبژاردنی نیوەیی كۆنگرێسی ئەمەریكا چەندان دیمەنی شێواندنی بەخۆیەوە بینی كە هەوڵیان دا كار لە هەڵبژاردنەكان بكەن وەك بڵاوكردنەوەی دەنگۆی كوژرانی چەند پۆلیسێكی ئەمەریكایی بەدەستی كۆچبەرانی نایاسایی، جیا لەوەی رەگەزپەرستەكان هەوڵیان دا كانیدانی رەشپێست لە هەردوو ویڵایەتی فلۆریدا و جۆرجیا بكەنە ئامانج.
لە ماوەی چەند هەفتەی دواییدا ترەمپ لە وتارەكانیدا گرنگی بە چەند كێشەیەكی گرنگ و كێشەدار دا وەك كۆچ و دەنگدەرانی وریا كردەوە چەپڕەوی دیموكراتەكان لەو بارەوە، جیا لەوەی ئەوانی لەو داگیركارییە وریا كردەوە لەو تاوانكارانەی لە رێگەی كۆچەوە لە ئەمەریكای ناوەڕاست دێنە وڵاتەكەی.
ترەمپ روو لە لایەنگرانی گوتی، ئەگەر دیموكراتەكان زۆرینەی كورسییەكانی كۆنگرێس ببەنەوە، ئەمەریكا دەكەوێتە ژێر لێشاوێكی گەورەی كۆچبەران و بڵاوبوونەوەی تاوان، ئەو ئاماژەی كرد كە ئەگەر دیموكراتەكان دەسەڵات لە كۆنگرێس بگرنە دەست، ئابووری ئەمەریكا وێران دەكەن.
لە بەرانبەردا زۆرینەی كاندیدانی دیموكرات رەوتێكیان گرتە بەر و خۆیان لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ ترەمپ بەدوور گرت و لە هەڵمەتەكانیان زیاتر گرنگیان بە چەند پرسێك دا لەوانە پێوەست بە ژیانی رۆژانەی خەڵك وەك چاودێری تەندروستی و دادوەری ئابووری. بۆیە پارتی دیموكرات خواستی هەیە كە وتاری توندڕۆی ترەمپ ئەنجامی پێچەوانەی لە هەڵبژاردنەكان هەبێت و خۆی و حزبەكەی تووشی زیانی گەورە بن و بتوانن دەنگدەرانی لاو و میانڕەو و كەمینەكان بۆخۆیان رابكێشن.
جیا لەوەیش دیموكراتەكان بەهێزترین كارتی خۆیان بەكار هێنا ئەو كاتەی پەنایان بۆ باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا برد كە لە ویلایەتی ڤێرجینیا بەشداری بانگەشەی بۆ بەرژەوەندی پارتی دیموكرات كرد، لەو كاتەی راپرسییەكان ئاماژە بۆ پێشكەوتنی دیموكراتەكان دەكەن لە چەندان بازنەی هەڵبژاردندا.
لەوكاتەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا چوار ساڵ جارێك بەڕێوە دەچێت، هەڵبژاردنی كۆنگرێس دوو ساڵ جارێك دەكرێت و سیستەمی هەڵبژاردنەكەیش بەو شێوەیە دانراوە بۆ رێگەدان بە بەرجەستەبوونی رای گشتی لە پەرلەمان بۆ هەردوو ساڵ جارێك، هاوكات رێگرتن لە روودانی گۆڕانكاری كتوپڕ لە ئەنجوومەنی پیران لە رێگەی نوێكردنەوەی سێیەكی ئەندامانی لە ماوەی هەر دووساڵدا، جیا لە هەڵبژاردنی پەرلەمان، هەڵبژاردنی فەرماندارەكانی 36 ویلایەتی ئەمەریكا دەكرێت كە بە وردی چاودێری دەكرێن ئاخۆ تیایاندا كەسایەتییەك وەك كاندیدی سەرۆكایەتی ئەمەریكا بۆ هەڵبژاردنی 2020 دیار دەكەوێت.
ئێستە زۆرینەیەكی پارتی كۆماری كۆنتڕۆڵی هەردوو ئەنجوومەنەكەی كۆنگرێس دەكەن، بەو پێیەی كۆنگرێس دەسەڵاتی دەركردنی یاساكانی و خەرجكردنی سەرچاوە داراییەكانی هەیە، بۆیە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە كاریگەری گەورەی بۆ سەر سیاسەتەكانی ئەمەریكا هەیە، لەوكاتەی كۆمارییەكان لەدوای بردنەوەی گەورەیان لە 1994 كە بە دەست پێكردنی شۆڕشی كۆمارییەكان ناسرا، كۆنترۆڵی زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەكەن. جیا لەوەیش پارتی كۆماری توانی لەو ساڵە زۆرینەی ئەنجوومەنی پیرانیش بەدەست بێنێت.
كۆنترۆڵی كۆمارییەكان بۆ كۆنگرێس لە 2006 كۆتایی هات، ئەوكاتەی دیموكراتەكان زۆرینەی كورسییەكانی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانیان بەدەست هێنا، بەڵام كۆمارییەكان لە هەڵبژاردنی 2016 دووبارە كۆنترۆڵی هەردوو ئەنجوومەنەكەیان كردەوە و دۆناڵد ترەمپ گەیشتە دەسەڵات لەو وڵاتە.
ئەمڕۆ ئەمەریكا هەڵبژاردنی نیوەیی كۆنگرێس دەكات كە گرنگییەكی زۆری هەیە، بەتایبەتی بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەو وڵاتە كە لەدەستدانی زۆرینە لە هەر یەكێك لە دوو ئەنجوومەنەكە دەیكاتە سەرۆكێكی ناكام لە دوو ساڵی داهاتوو فەرمانڕەوایەتییەكەی، چونكە رووبەڕووی سەختی لە تێپەڕاندنی هەر پڕۆژەیاسایەك دەبێتەوە ئەگەر زۆرینەی ئەنجوومەنەكان بكەوێتە دەستی حزبی نەیاری، هەروەها ئەگەری لادانیشی دەبێت ئەگەر لێكۆڵینەوەكان لەبارەی دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا لە 2016 گەیشتە كۆتایی و تێوەگلانی ترەمپ هاتە سەلماندن.