بۆچی واشنتن هەشت دەوڵەتی لە سزاكانی سەر ئێران بەخشی؟

:: PM:06:35:06/11/2018 ‌

لەو ساتەی ئێران بانگەشەی ئەوە دەكات كە لە جەنگی سزاكانی نەوتی كە لەلایەن واشنتنەوە بەسەریدا سەپێنراوە، سەركەوتوو بووە بەوەی سزاكانی كۆدەنگی نێودەوڵەتیان لەسەر نییە و بەخشینی هەشت دوڵەتیش لە جێبەجێكردنی سزاكان زیانە بۆ ئەمەریكا، شارەزا و شرۆڤەكارانی ئابووری پێیان وایە كە ئەمەریكا زۆر زیرەكانە كاری كردووە لەو هەنگاوەدا.

ئەوان دەڵێن كە كە واشنتن بەخشینی ئەو دەوڵەتانەی مەرجدار كردووە بە كەمكردنەوەی بەهەنگاوی هاوردەكردنیان بۆ نەوتی ئێران، ئەویەش مانای ئەوەیە كە ئەمەریكا پارێزگای لە نرخی نەوت كرد لە بەرزبوونەوە، لەلایەكی تر ئێرانی لە داهاتی نەوتەكەی بێبەش كرد و لە لایەنی سێیەمیش كار بۆ رێكخستنی میكانیزمی بەخشینەكە دەكات و راكێشانی بەڕەكە لەژێر پێی ئەوروپا بۆ دۆزینەوەی میكانیزمی تر بۆ سووڕانەوە بەدەوری سزاكان.

دوێنێ مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە وڵاتەكەی هەشت دەوڵەتی جیهانی لە جێبەجێكردنی سزاكان بۆ سەر كەرتی نەوتی ئێران بەخشیوە و رێگەیان پێ دەدات بۆ بەردەوامبوون لە كڕینی نەوتی خاوی ئێران بە شێوەیەكی كاتی، لەوكاتەی واشنتن دەستی كرد كە سەپاندنەوەی سزاكان بەسەر كەرتەكانی وزە و بانك و باركردنی ئێران، لای خۆیەوە ستیڤن منوشین، وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە سەپاندنی سزا داراییەكانی بێ وێنە بەسەر تاران پێویستە بۆی روون بكەنەوە كە رووبەڕووی دابڕانی زیاتری دارایی و داتەپینی ئابووری دەبێتەوە تا ئەو ساتەی چالاكییەكانی خۆی بە شێوەیەكی ریشەیی دەگۆڕێت. 

وەك لە "رۆیتەرز" هاتووە، سزا نوێیەكان 50 بانك و قەوارەی بانكی دەگرێتەوە، هەروەها زیاتر لە 200 كەسایەتی و كەشتی لە بواری باركردنی دەریایی، جیا لە هێڵی ئاسمانی ئێران و زیاتر لە 65 فڕۆكەی مەدەنی ئەو وڵاتە. ئەو هەنگاوەیش بەشێكە لە هەوڵی فرەوانتری سەرۆكی ئەمەریكا بە مەبەستی ناچاركردنی ئێران بۆ كەمكردنەوەی جموجۆڵ و چالاكییە ئەتۆمییەكانی و وەستاندنی پڕۆگرامی مووشەكی و پاڵپشتییەكانی بۆ ئەو هێزانەی جەنگی بە وەكالەتی بۆ دەكەن لە یەمەن و سووریا و لبنان و چەند شوێنێكی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەو دەوڵەتانی ئەمەریكا لە سزاكانی سەر ئێرانی ئەوانی بەخشیوە بریتین لە چین و هیندستان و یۆنان و ئیتاڵیا و تایوان و ژاپۆن و توركیا و كۆریای باشوور كە زیاترین نەوت لە ئێران دەكڕن لە ناو رێكخراوی ئۆپێك، پۆمپیۆ لەوبارەوە دەڵێت، زیاتر لە 20 دەوڵەت بە كردەنی كڕینی نەوتی ئێرانیان كەمكردووەتەوە و بەو شێوەیە فرۆشتنی نەوتی ئێران بە زیاتر لە ملیۆن بەرمیلی رۆژانە كەمی كردووە. 

دكتۆر سادق روكابی، بەڕێوەبەری سەنتەری راگەیاندن بۆ توێژینەوەی پەرەپێدان لە لەندەن دەڵێت، هەناردنی نەوتی خاوی ئێران پێش سزاكان گەیشتبووە دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل، بەڵام لەگەڵ سەپاندنی سزاكان ئێستە ئێران ملیۆنێك و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات كە دەكاتە 40%ی داهاتی ئێران، بۆیە زیانی دارایی ئێران لە ساڵێك دەگاتە 30 ملیار دۆلار و ئەوەیش ژمارەیەكی گەورەیە بۆ ئابووری ئێران كە 60%ی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، جیا لە زیانی كەرتەكانی تر. بۆیە ئێران لەسەر ئاستی ناوەند و دوور زیانی كردووە، جیا لەوەی خاوبوونەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت كار دەكاتە سەر توانای بەرهەمهێنانی بیرە نەوتەكانی.

ئەو شارەزایە دەڵێت، لەوكاتەی ئێران بەخشینی هەشت دەوڵەت لە جێبەجێكردنی سزاكانی سەری بە سەركەوتن بۆخۆی و دۆڕاندن بۆ ئەمەریكا پێشان دەدات بەوەی كۆدەنگی جیهانی لەگەڵ ئەمەریكا نییە، بەڵام راستییەكەی ئەمەریكا لەو بەخشینەی زۆر زیرەكانە بووە كاتێك مەرجی بۆ دەوڵەتانە داناوە بە كەمكردنەوەی بە هەنگاوی هاوردەكردنی نەوتی ئێران تا دەگات بە ئاستی سفر، بەوەیش ئەمەریكا لەلایەك پارێزگای لە نرخی نەوت كرد بۆ ئەوەی بەرز نەبێتەوە، لەلایەكی تر ئێرانی لە 40%ی سەرچاوەی داهاتەكەی بێبەش كرد و بۆ داهاتوو زیاتریش دەبێت. بۆیە لایەنی ئێران لە حیساباتەكانی هەڵەیە و وتارەكەی حەسەن رووحانی سەرۆكی ئێران بەوەی "لە فرۆشتنی نەوت و پێشێلكردنی سزاكان بەردەوام دەبین"، ئاراستەكراوە بۆ ناوخۆی ئەو وڵاتە.

لەلایەكی تر خەتار ئەبو زیاب، مامۆستای پێوەندی نێودەوڵەتی لە زانكۆی سۆربۆن لە پاریس دەڵێت، ئەو بەخشینەی واشنتن بۆ چەند دەوڵەتێك لە سزاكانی بۆ سەر ئێران بەڕەكە لەژێر پێی ئەوروپا و رووسیا و چین دێننە دەرەوە لە ئەگەری سووڕانەوەیان بەدەوری سزاكانی، ئەوەیش مانای ئەوەیە كە ئەو هەنگاوەی ئەمەریكا لە راستیدا هەوڵێكە بۆ رێكخستنی میكانیزمی بەخشینەكان.

جیا لەوەیش وەك لە راپۆرتێكی كەناڵی حەوتی ئیسرائیلیدا هاتووە، رێكخراوێكی جووەكان لە ئەمەریكا بەناوی "جی ستریت"، سەپاندنی سزا نوێكان بۆ سەر ئێران رەت دەكاتەوە كە دۆخەكە بۆ بەرژەوەندی توندڕۆیانی ئێران دەشكێنێتەوە و سەركەوتننێكی گەورەیە بۆ باڵی توندڕۆ لەناو حكوومەتی ئێران لەوانەی هەوڵ دەدەن بۆ زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی، جیا لەوەی ئەو سزایانە دەبێتە هۆی داگیرسانی جەنگێكی لەناوبەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل