لبنان.. حزبوڵا پێكهێنانی حكوومەت پەك دەخات

:: PM:08:02:06/11/2018 ‌

دوای نزیكەی شەش مانگ لە راسپاردنی سەعد حەریری بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی لبنان، تا ئێستە نەیتوانیوە بگاتە پێكهاتەیەكی حكوومەت كە هەموو لایەنە سیاسییەكان رازی بكات، ئەوەیش وای كرد كە پێكهێنانی حكوومەت بگاتە ئاستێكی نوێی ئاڵۆزی و بەو شێوەیە هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی ئەو تەنگژەی ئێستە لە لبنان هەیە بەناوی "گرێی سوننە" یان "سوننەی 8ی ئازار"، بگاتە رێگایەكی داخراو بەهۆی رەتكردنەوەی حزبوڵا بۆ دیاریكردنی وەزیرەكانی حكوومەت بەر لە تەرخانكردنی وەزیرێك لە پشكی سوننە بۆ پەرلەمانتارانی سوونەی سەر بەخۆی. 

میشال عەون، سەرۆكی لبنان لەبارەی ناكۆكییەكان لەبەردەم پێكهێنانی حكوومەتی یەكێتی نیشتیمانی نوێ لە وڵاتەكەی گوتی، كارێكی ئاسان نییە و لەگەڵ حزبوڵا لەبارەی تاكە بەربەستی بەردەم پێكهێنانی حكوومەتەكە ناكۆكین، ئاماژەی كرد، ئەو بەربەستانەی دروستكراون بێ پاساون كە داواكاری سوننەكانی سەر بە حزبوڵا بەربەست و هۆكاری دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەتن كە دواخستنێكی تەكتیكی سیاسییە و لێدانە لە ستراتیجیەتی باڵامان. 

عەون زیاتر گوتی، سوننەكانی سەر بە حزبوڵا كەسایەتین نەوەك فراكسیۆن و ئێمە لە حكوومەت نوێنەرایەتی بۆ فراكسیۆنەكان بە پێوەری دیاریكراو دادەنێین و ئەوان بەم دواییە كۆبوونەتەوە و داوای نوێنەرایەتی دەكەن، بۆیە وریایی دا بەوەی هەر خولەكێك لە دواكەوتنی پێكهاتنی حكوومەت بارگرانییەكی گەورەمان بۆ زیاد دەكات، دووپاتیشی كردەوە كە پێویستە پێكهاتنی حكوومەت بە پێوەری دیاریكراو بێت و ئەگەر هەمووان بە نوێنەرایەتی خۆیان رازی بن هیچ كێشەیەكمان بۆ دروست نەدەبوو.  
سەرەڕای ئەوگەشبینییەی لەدوای لاچوونی بەربەستێكی سەرەكی دروست بوو، ئەوكاتەی كێشەكانی پێوەست بە نوێنەرایەتی كریستیان لەگەڵ پارتی هێزەكانی لبنان و نەیار بۆ حزبوڵا چارەسەر كرا، كە سازشی بۆ عەون و رەوتی نیشتیمانی ئازاد كرد، حزبوڵا سوورە لەسەر پێویستی نوێنەرایەتیكردنی سوننەیەكی لایەنگری لەو حكوومەتەی لە 30 وەزیر پێكهاتووە، ئەوەیش وەك بەرجەستەكردنی دەستكەوتیان لە هەڵبژاردنی دوایی پەرلەمانی ئەو وڵاتە. 

لای خۆیەوە سەعد حەریری، راسپێردراو رەتی دەكاتەوە سوننەی 8ی ئازار و سەر بە حزبوڵا نوێنەرایەتیان لە حكوومەت هەبێت، بەوپێیەی یەك فراكسیۆنی پەرلەمانیان نییە، بەڵكو لە هەڵبژاردنی ئایار/ مایۆی رابردوو لەگەڵ چەند فراكسیۆنێكی تر بەشداری هەڵبژاردنیان كردووە كە ئەوان نوێنەرایەتی خۆیان لە حكوومەت وەرگرتووە، بۆیە وەك رۆژنامەكانی لبنان دەڵێن، پێكهێنانی حكوومەتی لبنان گەڕاوەتەوە یەكەم خانە.

فوئاد سەنیورە، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری لبنان دووپاتی دەكاتەوە كە خواستی بەشێك لە پەرلەمانتارانی سوننە بۆ نوێنەرایەتیكردنیان لەناو حكوومەتی نوێ، كێشەیەكی دروستكراوە بۆ سەپاندنی نەریت و بیرۆكەیەك كە لە دەستووردا بوونی نییە و ئەو بابەتەیش قبووڵ نەكراوە و ئەو پەرلەمانتارانەیش بەكردەنی سەر بە حزبوڵان. بۆیە ئەو قسەی باسی ئەوە دەكات كە بۆ هەر پێنج پەرلەمانتار نوێنەرێكی ویزاریان لە حكوومەت هەبێت، بوونی نییە لەناو دەستووردا.

راشد فاید، سەركردە لە رەوتی موستەقبەل بە سەرۆكایەتی سەعد حەریری لەو بارەوە دەڵێت، داواكارییەكی حزبوڵا كتوپڕ و بەمەبەستە و لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەت لە ماوەی مانگی رابردوودا نەبووە.

لای خۆی فەیسەڵ كەرامی، پەرلەمانتارێكی سوننەی سەر بە حزبوڵا دەڵێت، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو (سەعد حەریری)، دەیەوێت نوێنەرایەتی تایفەی سوننە بۆخۆی قۆرخ بكات، بۆیە ئێستە رەوتی موستەقبەل نوێنەرایەتی زۆرینەی رەها لەناو شەقامی سوننە ناكات، لەو كاتەی ئەسعەد درغام پەرلەمانتاری سەر بە عەون دەڵێت، پێكهێنانی حكوومەتی نوێی لبنان ئێستەیش لە دوا خانە چەقی بەستووە لە دوای تێپەڕاندنی هەردوو گرێی دورزییەكان و كریستیانەكان، بۆیە گرێی سوننەكان تا ئێستە نەگەیشتووەتە چارەسەری. 

لەو كاتەی مستەفا عەلووش، سەركردە لە رەوتی موستەقبەل دەڵێت، پێكهێنانی حكوومەت تا كاتێكی نادیار سڕكراوە و بەرپرسیارەتەكەیش لە ئەستۆی حزبوڵادایە، وەلید سوكەرییە پەرلەمانتاری سوننەی سەر بە حزبوڵا روونی كردەوە، هیچ چارەسەریەك بۆ پێكهێنانی حكوومەت جگە لە پێدانی پۆستێكی ویزارە بە ئێمە نەبێت، لەوكاتەی سەعد حەریری بەدووری زانی دەستبەرداری پۆستێكی ویزاری تایبەت بەخۆیان بێت و چارەسەریش ئەوەیە كە عەون یەكێك لەو وەزیرانەی بۆی هەیە دیاریان بكات لەو سوننانە بێت كە سەر بە حزبوڵان، ئەو كارەی عەون رەتی دەكاتەوە.

رۆژنامەكانی لبنان ئاماژە دەكەن كە حزبوڵا بەربەست دەخاتە پێش پێكهێنانی حكوومەتی نوێی لبنان بۆ بەدەستهێنانی مسۆگەری بۆ بوونی وەزیرێكی سوننەی سەر بەخۆی لە پشكی سوننەكانی سەر بە رەوتی موستەقبەل كە پێنج وەزارەتی بەركەوتووە، لەو هەڵبژاردنەی لە ئایاری رابردوو هاتە سازكردن و تیایدا لە كۆی 128 كورسی پەرلەمان، حزبوڵا و هاوپەیمانەكانی توانیان 70 كورسی بەدەست بێنن، لە یەكەم هەڵبژاردن كە لە ماوەی نۆ ساڵ لە لبنان دەكرێت و تیایدا رەوتی موستەقبەلی سەعد حەریری سێیەكی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی لەدەست دا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل