ئەمساڵ گۆرانیبێژێکی ئەمەریکایی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبە

:: PM:05:00:13/10/2016 ‌
گۆرانیبێژی ئەمەریکایی بۆب دیلان، بووە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەب بۆ ساڵی 2016، بە هۆی داڕشتنی گوزارشتە شیعرییە نوێکانی لە بواری گۆرانیی ئەمەریکایی.

ئەکادیمیای سویدی لە ستۆکهۆڵم، کە تایبەتمەندە بە بەخشینی ئەو خەڵاتە، ئەمڕۆ بردنەوەی خەڵاتەکەی بۆ ساڵی 2016 لەلایەن بۆب دیلانەوە ئاشکرا کرد.

بۆب دیلان، گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر و شاعیر، ناوی راستەقینەی رۆبێرت ئالن زیمرمانە، لە 24ی مەی/ئایاری 1941 لە ئەمەریکا لە دایک بووە و زیاتر لە پەنجا ساڵە لە بواری هونەریدا کار دەکات.

سەردەمی زێڕینی ناوبانگی دیلان، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوو، بە هۆی ئەوەی بە گۆرانییەکانی پاڵپشتیی لە بزووتنەوە مەدەنییە چالاکەکانی ئەو کاتی وڵاتەکەی دەکرد، هاوکات بە زۆرێک لە شێوازە موزیکییەکانی ریف و گۆسبڵ و بلووز و رۆک گۆرانی گوتووە، شیعرەکانیشی کاریگەریی بەرچاویان لەسەر دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەلسەفی و ئەدەبی کۆمەڵگەی ئەمەریکایی دروست کردووە.

وشە/ سپوتنیک. و: ئەهمەد کەیفی




وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی