ماسكى نیشاسته‌ و هێلكه‌ چ سوودێكى هه‌یه‌ بۆ پێست؟

ئه‌م ماسكه‌ به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو پێست ده‌پارێزێت و كونیله‌كانى پێست ده‌كاته‌وه‌، ئه‌م دوو پێكهاته‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كى ئاسان ده‌ستده‌كه‌وێت و شێوه‌ى دروستكردنى ئاسانه‌، ته‌نیا پێویستت به‌سپێنه‌ى هێلكه‌ و نیشاسته‌ى گه‌نمه‌شامى ده‌بێت.

چۆنییه‌تى دروستكردنى:
به‌هێواشى سپێنه‌ى هێلكه‌كه‌ له‌ ده‌فرێكدا تێكه‌ڵ بكه‌ دواتر كه‌وچكێك نیشاسته‌ى بۆ زیاد بكه‌ تا ده‌بێت به‌ گیراوه‌یه‌كى سپى ته‌واو پاشان گیراوه‌كه‌ بۆ پێستت به‌كاربهێنه‌ و بۆماوه‌ى 20 خوله‌ك به‌جێى بهێڵه‌، دواتر به‌ئاوى شیله‌تێن بیشۆ.

سوده‌كانى ئه‌م ماسكه‌:
ئه‌م ماسكه‌ واده‌كات پێست توندتر ببێته‌وه‌ و گه‌نجتر ده‌ربكه‌وێت و نیشاسته‌ چه‌ندان سوودى هه‌یه‌ بۆ پێست، چونكه‌ له‌ ناوه‌رۆكى گه‌نمه‌شامیه‌وه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت هه‌رچى سپێنه‌ى هێلكه‌ش هه‌یه‌ به‌هه‌مانشێوه‌ پێست باشتر ده‌كات و رێگه‌ له‌ ده‌ركه‌وتنى خه‌تى ته‌مه‌ن ده‌گرێت و یارمه‌تى تووند كردنه‌وه‌ى پێست ده‌دات.

سپێنه‌ى  هێلكه‌ چه‌ندان سوودى هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ش هه‌ندێكن له‌ سووده‌كانى:
1: ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ پرۆتین.
2: برێكى زۆر ڤیتامین B تێدایه‌ له‌گه‌ڵ ڤیتامین B ئاڵۆز، ئه‌گه‌ر گرفتى كه‌مى وزه‌ت بوو یان به‌رهه‌مهێنانى خرۆكه‌ سوره‌كانت كه‌م بوو ئه‌وه‌ كه‌مى ڤیتامین B ئاڵۆزت هه‌یه‌.
3: سپێنه‌ى هێلكه‌ جۆره‌ كانزایه‌كى تێدایه‌ وه‌ك سیلینۆیم كه‌ ئه‌م كانزایه‌ یارمه‌تى پته‌وكردنى خوێنبه‌ره‌كان ده‌دات و له‌ش ده‌پارێزێت دژى هه‌ندێك جۆرى نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌.
تێكه‌ڵ كردنى ئه‌م دوو پێكهاته‌یه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ واده‌كات پێست باشتر بكات و رێگه‌ له‌ زۆر حاڵه‌تى پێست ده‌گرێت و یارمه‌تى روناككردنه‌وه‌ى پێست ده‌دات و ته‌ندروستى پێست باشتر ده‌كات.



وشە - ئاوات ئازاد


PM:09:04:06/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 947 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌