ئەمڕۆ چوارشەم سەعات 11ی شەو یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی رووبەڕووی یانەی ڤیكتۆریا بلزنی چیكی دەبێتەوە لەنێو یاریگەی سترۆنكۆفی لە چوارچێوەی ركابەرییەكانی گەڕی چوارەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.
یانەی ریال مەدرید لەم یارییەدا جگە لە سەركەوتن هیچ بژاردەیەكی تری لەبەردەمدا نییە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە هەلی سەركەوتن بۆ قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بكات بەهۆی ئەوەی لە گرووپی حەوتەمدا ركابەرییەكی توندی لەگەڵ یانەكانی رۆمای ئیتاڵی و سیسكا مۆسكۆی رووسیدا هەیە.
لەم یارییەدا لە ریزی یانەی ریال مەدرید 5 یاریزانی سەرەكی بەهۆی تووشبوونیان بە پێكانەوە یاری ناكەن كە ئەوانیش برێتین لە رافایێل ڤاران، خیسۆس ڤاییخۆ، مارسێلۆ، دانی كارڤاخال لەگەڵ ماریانۆ دیاز.
ئەم یارییە دەبێتە یەكەم تاقیكردنەوەی سانتیاگۆ سۆلاری راهێنەری كاتی یانەی ریال مەدرید لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا كە دەیەوێ سێیەم سەركەوتنی لەسەریەك بۆ یانەكە بەدەستبێنێ دوای ئەوەی لە جامی شای ئیسپانیا لە یانەی مێلیا و لە خولی ئیسپانیاش لە یانەی بەلەد وەلیدی بردبووەوە.
یانەی ریال مەدرید هاوشانی یانەی رۆما بە كۆكردنەوەی 6 خاڵ لە پێشەنگی یانەكانی كۆمەڵەی حەوتەمی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا دێت، یانەی سیسكا مۆسكۆش لە ریزی سێیەمە بە 4 خاڵ.