دوای ئەوەی جەلال پەرێشان كاندیدی دەرچووی پەرلەمانی كوردستان بە پایسكیل چووە پەرلەمان، هاتوچۆی هەولێر ئاشكرای دەكات كە دەبوو جەلال پەرێشان پابەندی یاسا و ڕێنوێنییەكان بێت.
ئەمڕِۆ چوارشەم حەوتی تشرینی دووەم، فازڵ حاجی حوسێن بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی بڵاوی كردووەتەوە، لێخوڕینی پایسكیل لەلایەن جەلال پەرێشان سادەیی خۆیەتی، بەڵام لەگەل ئەوەشدا دەبوو هەندێك پابەندی یاسا و رێنوێنییەكان بێت، لە كاتی رێكردنی بەم شێوەیە ناسەلامەتانە نیوەی شەقامی داگیر نەكات.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر ئاشكرای كردووە، ئەو بەكارهێنانە ئەو نموونەیەیە كە خەڵك چاوی لێ دەكەن، هەروەها پێویست بوو ئەوەی پایسكیل لێدەخوڕێت هەموو پیداویستییەكانی سەلامەتی بەكار بهێنایە.
فازڵ ئاماژە داوە، هیوادارم لەماوەی كاری پەرلەمانیدا كار لەسەر ئەوە بكات كە بەیاسا لەكاتی دروستكردنی شەقامەكان لەمەودوا، بەشێكی تایبەت بكرێت بەپایسكل و شوێنی تایبەتی بۆ بكرێت.
دوێنێ سێشەم یەكەمین دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو، تێیدا ئەندامانی پەرلەمان سوێندنی یاساییان خوارد و پاپەندبوونیان بە یاسا و ڕێنوێنییەكان دووپات كردەوە.