ئەمشەو سەعات 11 بەكاتی كوردستان، لە چوارچێوەی ركابەرییەكانی گەڕی چوارەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی لەنێو یاریگەی ئەلیانز ستادیۆم دەبێتە مێوانی یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی.
هەر لە چوارچێوەی یارییەكانی گرووپی هەشتەمدا لە یارییەكی تردا یانەی ڤالێنسیای ئیسپانی دەبێتە مێوانی یانەی یۆنگ بۆیزی سویسڕی.
یانەی یۆڤێنتۆس بە كۆكردنەوەی 9 خاڵ لە ریزبەندی یەكەمی یانەكانی گرووپی هەشتەمدایە، یانەی مانچتسەر یونایتدیش 4 خاڵی هەیە و لە ریزی دووەمە، دوای ئەویش یانەی ڤالێنسیا دێت بە 2 خاڵ و یانەی یۆنگ بۆیزیش بە تەنیا خاڵێك لە ریزی كۆتایی و چوارەمە.
یانەی یۆڤێنتۆس لە یارییەكەی ئەمشەودا پێویستی بەسەركەوتنە بۆ ئەوەی گەیشتن بە قۆناغی 16ی خولەكە مسۆگەر بكات بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی خاڵەكانی بۆ 12، بەڵام لەبەرامبەردا رووبەڕووی ركابەرییەكی سەرسەختی یاریزانانی یانەی مانچستەر یونایتد دەبێتەوە كە ئەوانیش دەیانەوێ سەركەوتن بەدەستبێنن و تاڕادەیەك لە گەیشتن بە قۆناغی داهاتوو نزیك ببنەوە.
یانەی یۆڤێنتۆس لەم وەرزەدا تا ئێستا ئاستێكی نموونەیی پێشكەش كردووە، لە خولی ئیتاڵیا هیچ یارییەكی نەدۆڕاندووە و لە كۆی 11 یارییدا 10 سەركەوتن و یەكسانبوونێكی هەیە، لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپاش لە هەرسێ یاریی رابردوویدا براوە بووە.
لەبەرمبەریشدا یانەی مانچستەر یونایتد و راهێنەرەكەی جۆزێ مۆرینۆی پورتوگالی ئەركی ئەم وەرزەیان لە خولی ئینگلیزی و خولی پاڵەوانانی ئەوروپا تا ئێستا بە قورسی بەڕێ كردووە، یانەكە لە خولی پاڵەوانان لە كۆی 3 یاریی رابردوودا تەنیا یەك سەركەوتنیان بەسەر یانەی یۆنگ بۆیز بەدەستهێناوە و بەرامبەر یانەی ڤالێنسیا بەبێ گۆڵ یەكسانبوونە و لە یاریی رابردووشدا لەناو یاریگە و لەبەردەم هاندەرانیان بە گۆڵێكی خاوێن بەرامبەر یانەی یۆڤێنتۆس دۆڕا بوون.
لەلایەكی تریشەوە كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی كە ئەمساڵ پەیوەندی بە یانەی یۆڤێنتۆسەوە كردووە لە هەوڵی ئەوەدایە یەكەم گۆڵی ئەم وەرزەی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەگەڵ یانە نوێیەكەی تۆمار بكات دوای ئەوەی لە دوو یاریی رابردوودا بەرامبەر یانەكانی ڤالێنسیا و مانچستەر یونایتد نەیتوانیبوو بەم خەونەی بگات.