ئەلیگری ئاواتەخوازە ئەمشەو رۆناڵدۆ بەرامبەر مانچستەر یونایتد ئەم كارە بكات؟

:: AM:10:54:07/11/2018 ‌

ماسیملیانۆ ئەلیگری راهێنەری یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی هیوای خواست لە یارییەكەی ئەمشەویاندا بەرامبەر یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی، هێرشبەرە پورتوگالییەكەیان كریستیانۆ رۆناڵدۆ بتوانێ گۆڵ تۆمار بكات.

ئەمشەو سەعات 11 بەكاتی كوردستان، یانەی یۆڤێنتۆس لەنێو یاریگەی ئەلیانز ئەرینا لە گەڕی چوارەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا مێوانداری یانەی مانچستەر یونایتد دەكات.

راهێنەری یانەی یۆڤێنتۆس لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی یارییەكەدا رایگەیاند: ئامانجی سەرەكیمان لە یارییەكەی ئەمشەودا سەركەوتنە بۆ ئەوەی بەفەرمی سەركەوتن بۆ قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەدەستبێنین.

زیاتر گوتی: ئەمشەو دەبێت باشترین ئاست پێشكەش بكەین باشتر لەوەی كە لەنێو یاریگەی ئۆڵد ترافۆرد پێشكەشمان كردبوو، چونكە یانەی مانچستەر یاریزانی زۆری باشیان هەیە و راشفۆرد و سانچێز و مارسیال دەتوانن مەترسی بۆ سەر گۆڵمان دروست بكەن.

ئەلیگری هیواشی خواست رۆناڵدۆ بتوانێ لە یارییەكەی ئەمشەودا بەرامبەر یانەی مانچستەر یونایتد گۆڵ تۆمار بكات و هاوكاری یاریزانەكانی تربێت بۆ بەدەستهێنانی سەركەوتن.

لای خۆشییەوە رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالیش كە ئەمساڵ پەیوەندی بە یانەی یۆڤێنتۆسەوە كردووە لە هەوڵی ئەوەدایە ئەمشەو یەكەم گۆڵی ئەم وەرزەی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەگەڵ یانە نوێیەكەی تۆمار بكات دوای ئەوەی لە دوو یاریی رابردوودا بەرامبەر یانەكانی ڤالێنسیا و مانچستەر یونایتد نەیتوانیبوو بەم خەونەی بگات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م