بزانە لۆكاكۆ ئەمشەو بەرامبەر یۆڤێنتۆس یاری دەكات؟

:: AM:11:07:07/11/2018 ‌

جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی هەڵوێستی هێرشبەری تیپەكەی رۆمیلۆ لۆكاكۆی بەلجیكی لە یارییەكەی ئەمشەویان بەرامبەر یانەی یۆڤێنتۆس ئاشكرا كرد.

ئەمشەو سەعات 11ی شەو بەكاتی كوردستان، یانەی مانچستەر یونایتد لەنێو یاریگەی ئەلیانز ئەرینا لە شاری تۆرینۆی ئیتاڵیا لە گەڕی چوارەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا دەبێتە مێوانی یانەی یۆڤینتۆس.

لۆكاكۆی هێرشبەری یانەی مانچستەر یونایتد لە یاریی ئەم هەفتەیەی خولی نایابی ئینگلیزی لە گەڕی 11 بەرامبەر یانەی ئێڤەرتۆن یاری نەكرد بەهۆی تووشبوونی بە پێكانەوە.

سەبارەت بە بەشداریكردنی لە یارییەكەی ئەمشەویش مۆرینۆ بە رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی راگەیاند: لۆكاكۆ پێكانی هەیە، تا ئێستاش لە پێكانەكەی چاك نەبۆتەوە، بەهۆیەوە بەشداریی لە یارییەكەی ئەمشەو بەرامبەر یانەی یۆڤێنتۆس ناكات.

راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتید ئاشكراشی كرد كە تا ئێستا دیار نییە ئەم هێرشبەرەیان بە یارییە بەهێزەكەی یەكشەمی داهاتوویان بەرامبەر یانەی مانچستەر سیتی لە خولی نایابی ئینگلیزی رادەگا یان نا.

بەگوێرەی رۆژنامەكە پێشبینی دەكرێ لە شوێنی لۆكاكۆ، مۆرینۆ وەك سەری رم لە هێڵی هێرشبەردا بۆ یارییەكەی ئەمشەو بەرامبەر یانەی یۆڤێنتۆس یاریی بە راشفۆردی هێرشبەری لاوی تیپەكەیان بكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م