رۆناڵدۆی نوێ لەلایەن یانە گەورەكانی ئەوروپاوە داوا دەكرێ

:: AM:11:22:07/11/2018 ‌

ئەگەر ناوت رۆناڵدۆ بێت و رەگەزنامەشت پورتوگالی بێت، ئاساییە ئەركێكی قورس لەسەر شانت بێت تەنانەت ئەگەر لە رووی تەمەنیشەوە بچووك بیت.

رۆناڵدۆ كامارا كە هێشتا لەتەمەنی 15 ساڵیدایە، لەلایەن چەندان گەورە یانەی ئەوروپاوە داواكاری پێ گەیشتووە بەهۆی پێشكەشكردنی ئاستە بەرزەكەیەوە كە پێشبینی دەكرێ لە داهاتوودا ببێتە ئەستێرەیەكی گەورەی تۆپی پێی جیهان.

تۆڕی هەواڵی (ESPN)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: هەردوو گەورە یانەی ئەوروپا مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی و بەرشەلۆنەی ئیسپانی ركابەرییەكی توندیان بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ رۆناڵدۆ كامارای بە رەگەز كینی و خاوەن رەگەزنامەی پورتوگالی دەست پێ كردووە كە ئێستا لە ریزی تیپی لاوانی بەنفیكا یاری دەكات.

هەروەها لای خۆیانەوە یانەكانی چێڵسی و مانچستەر سیتیی ئینگلیزیش گرینگی بە گرێبەستكردن لەگەڵ ئەم یاریزانە دەدەن.

كامارا پێش گواستنەوەی كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنە بۆ یانەی مانچستەر یونایتد لە ساڵی 2003 لەدایك بووە، لە چەند یارییەكی هەڵبژاردەی پورتوگال بۆ خوار تەمەن 17 ساڵی بەشدار بووە و سەرەڕای بچووكی تەمەنییەوە ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كردووە و پێشبینیش دەكرێ لە داهاتوویەكی نزیكدا ببێتە یەكێك لە ئەستێرەكانی تۆپی پێی جیهان.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م