دوو ساڵی تر هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە.. دیموكراتەكان عەرشی ترەمپ دەهەژێنن

:: PM:04:56:07/11/2018 ‌
دیموكراتەكان براوەی هەڵبژاردنی كۆنگرێس بوون و دوو پەیامیان بۆ ترەمپ نارد كە دەتوانن رێگری لە سیاسەتەكانی بكەن و هەمیش هەڵبژاردنی دادێ بۆ سەرۆك كۆماری بەڕەی لە ژێر پێ دەربهێنن. دیموكراتەكان لەم هەڵبژاردنەدا زۆرترین ژنیان ناردە پەرلەمان كە دووانیان بە رەچەڵەك مسوڵمانی عەرەبن، بەڵام كۆمارییەكان براوەی ئەنجوومەنی پیران بوون و لەوێ دەتوانن ترەمپ لە متمانە لێ سەندنەوە بپارێزن.

چی لە بارەی كۆنگرێسی ئەمەریكی دەزانیت؟
كۆنگرێسی ئەمەریكا لە دوو بەش پێكدێت، ئەنجوومەنی پیران "سیناتۆر" كە هەر ویلایەتێكی ئەمەریكا بە هاوبەشی دوو ئەندامیان لەو ئەنجوومەنە هەیە بەمەش ژمارەی ئەندامانی 100 سیناتۆرە. هەرچی پەرلەمانە كە پێكدێت لە 435 ئەندام، هەر ویلایەتێك بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووانی ئەندامی دەبێت لە پەرلەمان.

ویلایەتی كالیفۆڕنیا زۆرترین ئەندامی دەنێرێت بۆ پەرلەمان كە 53 ئەندامە، پاش ئەو نیویۆرك دێت بە 31 ئەندام، ئینجا تكساس 30 ئەندام، بەڵام ویلایەتەكانی ئالاكسا، داكۆتای باشوور، داكۆتای باكور، دیلاوێر، فیرمۆنت، مۆنتانا و وایومنگ، هەریەكەیان یەك ئەندامیان هەیە لە پەرلەمان.

دوای ساڵی 1781 ئەمەریكا بیرۆكەی كۆنفیدڕاڵی پەسند كرد و بەهۆیەوە ویلایەتەكان یەك خران و لە ژێر دەستی بەریتانیا رزگار كران، ساڵی 1787 كۆنگرێسی فیدڕاڵی ئەمەریكی دامەزرا كە پێكدێت لە دوو ئەنجوومەن، ئەنجوومەنی پیران كە هەر ویلایەتێك دوو ئەندامی جێگیری هەیە، پەرلەمان بەپێی ژمارەی دانیشتووان.

ئەنجوومەنی پیران لە ناوخۆیدا دابەشی سەر سێ بەش دەبێت، بەشێكیان هەموو دوو ساڵ جارێك دێنە هەڵبژاردن و هیچ ئەندامێكیش بۆی نییە لە شەش ساڵ زیاتر ئەندامی ئەنجوومەنی پیران بێت.

جێگری سەرۆكی ئەمەریكا ئەركی سەرۆكی ئەنجوومەنی پیران رادەپەڕێنێت و بۆی نییە دەنگ بدات، تەنیا ئەگەر لەسەر پرسێك هەردوو بەرەی ژمارەی دەنگەكانیان یەكسان بێت.

باڵاترین دەسەڵاتەكان لای ئەنجوومەنی پیرانە، بۆی هەیە پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان واژوو بكات یان رەتی بكاتەوە كاتێك سەرۆكی ئەمەریكا گفتوگۆی لەسەر دەكات.

ئەنجوومەنی پیران تاكە دامەزراوەیە بۆی هەیە لە سەرۆك بپرسێتەوە كاتێك تۆمەتێكی دەخرێتە پاڵ، لەوێدا لێپرسینەوە لە سەرۆك دەكرێت.

پەرلەمانی ئەمەریكی كە ژمارەی ئەندامانی 435 كەسە، لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان دابەشی سەر ویلایەتەكان دەكرێت. هەموو دوو ساڵ جارێك هەڵبژاردنی بۆ دەكرێت و هیچ مەرجێكیش دانەنراوە كە ئەندامانی دەتوانن چەند خول ئەندامی پەرلەمان بن.

دیارترین دەسەڵاتی پەرلەمان، تۆمەت خستنە پاڵ سەرۆكی وڵاتە بۆ لێپرسینەوەی لە ئەنجوومەنی پیران، هەروەها هەموو پڕۆژە یاسایەك كە پێوەندی بە زیادكردنی داهاتەوە هەبێت، دەبێ لە پەرلەمانەوە دەربچێت.

ئەگەر لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریدا هیچ كاندیدێك براوە نەبوو، ئەوا پەرلەمان ئەو پرسە یەكلا دەكاتەوە و دەنگ بە كاندیدێك لە كاندیدەكان دەدات، بەڵام لەم كاتەدا هەر ویلایەتێك یەك دەنگی هەیە.

دیموكراتەكان براوەی پەرلەمان بوون.. دەتوانن چی بكەن؟
لە هەڵبژاردنی دوێنێ سێشەم شەشی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر، دیموكراتەكان براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان بوون، بەمەش دەسەڵاتی ئەوەیان دەبێت چاودێری دەسەڵاتەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بكەن، بەو پێیەش بێت دەتوانن كاریگەری لەسەر ئەجێندای كۆشكی سپی دابنێن لە تێپەڕاندنی چەندان دۆسیەی گرنگ و بنەڕەتی، لەوانە پرسی كۆچبەران و هاتنیان بە لێشاو بۆ ئەمەریكا و دۆسیە پێوەندارەكان بە ئابووری.

دیارترین دۆسیە كە دیموكراتەكان دەتوانن لە پەرلەمان بیجووڵێنن، دۆسیەی دەستوەردانی رووسیایە لە هەڵبژاردنی 2016ی سەرۆك كۆماری كە دۆناڵد ترەمپ لەوێدا براوە بوو، ئێستەش سەرۆكی ئەمەریكایە، ئەمەش وا دەكات دوو ساڵەی تەمەنی حوكمڕانی ترەمپ وەك سەرۆك كۆمار زۆر قورس بێت و پڕ ئاستەنگ بێت بەتایبەت لە وەرگرتنی بڕیار كە رووبەڕووی ئۆپۆزسیۆنی زۆرینە دەبێتەوە لە پەرلەمان.

بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەكان دیموكراتەكان 222 كورسی پەرلەمانیان بە دەستهێناوە و كۆمارییەكانیش 199 لە كۆی 435 كورسی، بەمەش دوای هەشت ساڵ یەكەمجارە دیموكراتەكان براوەی پەرلەمان دەبن، ئەمەش پێشبینی كراو بوو بەپێی راپرسییە سەرەتاییەكانی ناوەندەكانی راپرسی لە ئەمەریكا.

كۆمارییەكان پارێزگارییان لە ئەنجوومەنی پیران كرد
ئەگەرچی لە پەرلەمان دۆڕان، بەڵام كۆمارییەكان براوەی ئەنجوومەنی پیران بوون بە بەدەستهێنانی 51 كورسی بەرانبەر بە 45 كورسی بۆ دیموكراتەكان. 

ئەمە پرسێكی ئێجگار گرنگ بوو بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، چونكە لە رێی ئەنجوومەنی پیرانەوە، سەرۆكی ئەمەریكا دەتوانێ بەردەوامی بە دەستپێشخەرییەكانی و پڕۆژە یاسا گرنگەكان بدات بەرانبەر بە دیموكراتەكان، بەتایبەت لە بەستنی پەیماننامەی نێودەوڵەتی و تەنانەت لە پرسی لێپرسینەوەش رزگاری دەكات ئەگەر تۆمەتێكی ئێجگار گەورەی پێوەند بە خیانەتی نیشتمانی نەدرێتە پاڵ سەرۆك.

ترەمپ لێدوانی دا.. دوو ژنە پەنابەر چوونە مێژووی ئەمەریكا
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە یەكەم تویتدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، رای گەیاند كە سەركەوتنێكی گەورەیان بە دەستهێناوە و سوپاسی هەموو لایەكی كرد.

هەر لە هەڵبژاردنی دوێنێی ئەمەریكا، ئیلهان عومەر بووە یەكەم ژنە مسوڵمانی سۆماڵی كیشوەری ئەفریقا كە بەهۆی شەڕی ناوخۆی وڵاتەكەی لە حەفتاكانی سەدەی رابردوو خێزانەكەی بەرەو ئەمەریكا كۆچیان كردووە كە لەو كاتەدا ناوبراو تەمەنی تەنیا هەشت ساڵان بوو، ئێستە كە تەمەنی 36 ساڵە لەسەر ویلایەتی مینیسوتا بووە ئەندامی پەرلەمانی لەسەر پشكی دیموكراتەكان.

جگە لە ئیلهان، رەشیدە تەلیب یەكێكی ترە لە ژنە مسوڵمانەكان لەسەر ویلایەتی میشیگان دەبێتە ئەندامی پەرلەمان. رەشیدە ژنە مسوڵمانێكی بە رەچەڵەك فەلەستینییە و ساڵی 1976 لە ئەمەریكا لە دایك بووە، باوكی لە كۆمپانیای فۆڕد بۆ دروستكردنی ئۆتۆمبێل كار دەكات.

جگە لەو دوو ژنە، لەم هەڵبژاردنەدا ئەمەریكییەكان 116 ژنیان گەیاندە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پیران، بەمەش یەكەمجارە ژمارەی ژمارەی ژنان لە پەرلەمامی ئەمەریكی هێندە زیاد بكات.

واشنتن پۆست.. دەبێت دیموكراتەكان پێنج كار لە 100 رۆژ بكەن
رۆناڵد كڵاین نووسەر لە رۆژنامەی واشنتن پۆست لە وتارێكیدا دەڵێ، پێویستە دیموكراتەكان پێنج ئیشی سەرەكی هەیە لە 100 رۆژی یەكەمی دەستبەكاربوونیان لە مانگی كانوونی دووەمی 2019 كە دەستبەكار دەبن، ئەنجامی بدەن.

كڵاین روونی كردەوە كە دەبێت دیموكراتەكان لێكۆڵینەوە لە پێشێلكارییەكانی ترەمپ لەسەر زیادكردنی كرێی خانوو، باشتركردنی یاسای چاودێری تەندروستی، پاراستنی یاسای مافەكانی دەنگدان، دەركردنی یاسایەكی تایبەت بە ئاسانكاری بۆ كۆمەككردنی پڕۆژەكانی ژێرخانی، هاوكات دەرچووانی یاسایەك كە بە روونی و بێ پێچ و گرێ رێ بە منداڵانی ئاوارە بدرێت تا لە ئەمەریكا بمێننەوە.

زیاتر گوتی "دیموكراتەكان 630 رۆژیان لە بەردەمدایە بۆ ئەوەی بتوانن كاری گرنگ ئەنجام بدەن، بەڵام هەڵەیەكی گەورە دەكەن لێكۆڵینەوەیەكی هاوشێوەی رۆبەرت مۆلەر بكەن لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی 2016، ئەمە دەبێتە هۆی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ كۆمارییەكان كە زۆرینەن لە ئەنجوومەنی پیران".

هەڵبژاردنی 2020.. ترەمپ بەرانبەر بیلۆسی یان كلنتن
چاودێران كۆكن لەسەر ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی كۆنگرێس وەك فیكە لێدانی دەستپێكردنی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمارە كە بڕیارە لە 2020 ئەنجام بدرێت.

نانسی بیلۆسی سەركردەی دیموكراتەكان كە دەبێتە سەرۆكی پەرلەمان، بەمەش دەبێتە یەكەمین سەركردەی ئۆپۆزسیۆنی دیموكرات بەرانبەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بوەستێتەوە.

دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن، بیلۆسی رای گەیاند كە دیموكراتەكان بردنەوەیان لە پەرلەمان دەقۆزنەوە بۆ جێبەجێكردنی خشتەی كارێك كە پشتگیری هەردوو حزبەكە بەدەست بهێنێت بۆ بەرژەوەندی ئەمەریكا. گوتی "نامانەوێ لەوە زیاتر دابەش ببین".

بیلۆسی كە پێشتر و لە ساڵی 2007 تا 2011 سەرۆكی پەرلەمان بووە و یەكەم ژنیش بووە ئەو پۆستە وەربگرێت، چاودێران پێیان وایە زەنگێكی بەهێزە بۆ ترەمپ بەوەی پەرلەمان دەتوانێ ئەجێندای سیاسی سەرۆك كۆمار ئیفلیج بكات.

دۆناڵد ترەمپ لەماوەی دوو مانگی رابردوودا بەشداری 50 گردبوونەوە و بۆنەی جەماوەی كۆمارییەكانی كرد بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن، دۆناڵد ترەمپ دەڵێ سێ بەشی ئەوانەی دەنگیان بە كۆمارییەكان داوە، دەنگیان بە دۆناڵد ترەمپ داوە، ئەگەر "پشتگیری من نەبووایە، ئەوا كۆمارییەكان رووبەڕووی شكستێكی زۆر گەورە دەبوونەوە، تەنانەت لە ئەنجوومەنی پیرانیش دەدۆڕان".

بە پێچەوانەوە، دیموكراتەكان پێیان وایە هەبوونی ترەمپ بووە پاڵنەری ئاسانكاری بردنەوەیان لە هەڵبژاردن، دەڵێن ئەو هەڵبژارنە وەك راپرسییەك وابوو لەسەر سیاسەتەكانی ترەمپ.

ئەگەرچی هێشتا زووە قسە لەسەر هەڵبژاردنی 2020ی ئەمەریكا بكرێت، بەڵام لە ئێستەوە قسە لەسەر سیناتۆر شیرود براون و سیناتۆر جیلبراند دەكرێت كە بەرانبەر دۆناڵد ترەمپ ركابەری بكەن، بەڵام هێشتا هیلاری كلینتن و بیرنی ساندرز-یش هەن كە بەرانبەر ترەمپ كاندید بكرێن.



وشە - فه‌رمان سادق