تا دێت تەواوكردنی كابینەی حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی بەربەستی گەورەتری دێتە بەردەم بەهۆی ناكۆكی قووڵی نێوان لیستە سیاسییەكان لەسەر هەشت وەزارەتەكە، بەتایبەت ئەو لیستانەی هیچ وەزارەتێكیان لە 14 وەزارەتەكە بەر نەكەوتووە. باڵی شیعەی نزیك لە ئێران پێداگرن لەسەر كاندیدكردنی فالح فەیاز بۆ وەزارەتی ناوخۆ، موقتەدا سەدریش تا ئێستە دژی وەستاوەتەوە و رێككەوتوون ئەو پرسە بۆ دەنگدانی پەرلەمانتاران جێ بهێڵدرێت.
ناكۆكی هێزە سیاسییەكان و پێك نەهاتن لەسەر هەشت وەزارەتەكە وای كرد خستنەڕووی كاندیدانی ئەو وەزارەتانە لە كارنامەی دانیشتنی دوێنێی پەرلەمان لا بدرێت، بەتایبەت پێش دانیشتنەكەی پەرلەمان زۆرێك لە لیستەكانی ناو پەرلەمان نەیان شاردەوە كە دەنگ بەو كاندیدانە نادەن كە عادل عەبدولمەهدی بۆ هەشت وەزارەتەكە ئامادەی كردوون.
قووڵی
ناكۆكییە سیاسییەكان لەسەر ئەو هەشت وەزارەتە، یەكەم ئاماژەی نەرێنی دەبێت بە رووی حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی، ئەمەیش هێزی عەبدولمەهدی و كابینەكەی بەرانبەر دۆسیە قوڕسەكان و كێشەكان لاوازتر نیشان دا كە پێویستە بە زووترین كات چارەسەریان بكات، چونكە كات لە بەرژەوەندی سەرۆك وەزیران نییە و تێپەڕ بوونی كاتیش دۆسییەكان ئاڵۆزتر دەكات.
ئەگەرچی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق پێنج مانگی خایاند تا پەرلەمان متمانەی بە بەشێك لە وەزیرەكان بدات، بەڵام ناكۆكی لەسەر وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری بەهۆی جۆری ئەو دۆسیانەی لەو وەزارەتانە هەن و گرنگیان لەسەر رێڕەوی حوكمڕانی لە عێراق، بوونەتە گەورەترین بەربەست، بەتایبەت وابەستەبوونی هاوپەیمانی فەتح بە فالح فەیاز سەرۆكی پێشتری دەستەی حەشدی شەعبی بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ.
فەیاز كە ئێران پشتگیری تەواوی لێدەكات و بە كەسایەتیەكی نزیك لە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دادەنرێت، لەلایەن موقتەدا سەدر، سەركردەی هاوپەیمانی سائیروون نەك هەر پشتگیری ناكرێت، بەڵكو دژایەتیشی دەكات و هۆكاریش بوو لە دانیشتنی یەكەمی متمانەدان بە حكوومەت، فەیاز دەنگی پێویست نەهێنێت.
تا دێت موقتەدا سەدر رۆڵی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق بەهێزتر دەبێت، ئەو توانی عادل عەبدولمەهدی بكاتە بە سەرۆك وەزیران و رۆڵی هەبوو لە دانانی زۆرێك لە وەزیرەكانیش، بەڵام ئێستە بەرانبەر بە هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانی فەتح لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران وەستاوەتەوە و دوور نییە، فەیاز جارێكی تر درز بخاتە ناو ماڵی شیعەكان و بەهۆیەوە عەبدولمەهدیش دەستلەكار بكێشێتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان ئێران پێداگیرە لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ لەلایەن فەیاز یان هەر كەسێكی تر كە سەر بە ئێران بێت بەهۆی هەستیاری پێگەی ئەو وەزارەتە بەسەر جومگەكانی تری دەسەڵات، چونكە لایەنی كەم ئەو وەزارەتە راسپێردراوە بە پاراستنی سنوور كە ئێران ئێستە لەلایەن ئەمەریكاوە سزای ئابووری لەسەرە، دەتوانێت رۆڵ ببینێت لە نەگواستنەوەی كەلوپەلی پێویست بۆ ئێران ئەگەر وەزیرەكە كەسایەتییەكی نزیك و دۆستی ئێران نەبێت.
سەرچاوەكە دەڵێ ئێران پێداگری زۆر لەسەر ئەو پۆستە دەكات ئەگەر لەسەر حیسابی ناسەقامگیری عێراقیش بێت و بەغدا ببێتە گۆڕەپانێكی كراوەی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمەریكایش، گرنگ لای ئێران شەڕەكە خۆی نایكات، بەڵكو بەكرێگیراوە عێراقییەكان بۆی دەكەن و لەسەر خاكی خۆیشی نییە.
ئەگەرچی پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی دوێنێ سێشەم شەشی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر، پرسی تەواوكردنی كابینەكەی عەبدولمەهدی لە كارنامەی دانیشتنەكەدا باس نەكرد بوو، بەڵام دوای تەواوبوونی دانیشتنی پەرلەمانیش بەهیچ شێوەیەك دەستنیشانی كاتێك نەكرا بۆ سەرۆك وەزیران كە هەشت وەزیرەكە بباتە پەرلەمان بۆ پێدانی متمانە پێیان.
هەموو سیناریۆكان بۆ عادل عەبدولمەهدی ناخۆشن بەهۆی ئەو گوشارە زۆرەی خراوەتەسەری، رەنگە عەبدولمەهدی ناچار بە دەستلەكار كێشانەوە بكات، بەمەیش دۆخی عێراق دەكەوێتە تەنگژەیەكی سیاسی خنكێنەر، مەترسییەكەشی زۆر لەوە گەورەترە كە هەندێك بیری لێدەكەنەوە. مەترسی دەستلەكاركێشانەوەی عەبدولمەهدی ئەگەری بەریەككەوتن و تەنگژەی بێكاری و پیسبوونی ئاوی خواردنەوە و كەمبوونەوەی پشكی عێراق لە ئاوی فوڕات و دیجلە و پرسی كارەبا و دۆخی تەناهی لێ بكەوێتەوە و لەگەڵ سزا سەرپێنراوەكانی سەر ئێران بەریەك بكەون.
حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی لە دەستپێكدا رووبەڕووی گەورەترین ئاڵنگاری بووەتەوە، ئەویش دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیان لێككەوتووەكانی شەڕی داعشە، جگە لەمە پرسی كارەبا و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی كە رۆژ دوای رۆژ لە پەرەسەندندایە.
ناكۆكی و ململانێیەكان بە جۆرێك گەیشتوونەتە بنبەست، هەردوو هاوپەیمانی چاكسازی و بنیادنانەوەی ناچار كرد لەسەر یەك مێز كۆ ببنەوە و گفتوگۆ لەسەر دوورخستنەوەی كاندیدانی وەزارەتەكانی داد، پەروەردە، پلاندانان، رۆشنبیری و بەرگری بكەن لە كێبڕكێیەكاندا. ئەمە لە كاتێكدایە عادل عەبدولمەهدی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی ئاگادار كردووەتەوە كە ئامادە نییە بەشێك لەو هەشت وەزیرە بنێرتە پەرلەمان و بەڵێنی ئەوەی داوە هەر هەموویمان بەیەكەوە رەوانەی پەرلەمان بكات.
سەرچاوەیەك لە
هاوپەیمانی سائیروون ئاشكرای كرد كە جووڵانەوەیەك لەنێوان هێزە سیاسییە جیاوازەكاندا هەیە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن بۆ تێپەڕاندنی ئەو هەشت وەزارەتە، دەڵێ ئەوەی ماوەتەوە رێككەوتنی لەسەر بكرێت وەزارەتی بەرگرییە كە پشكی سوننەكانە تا لەنێوان خۆیاندا رێككەوتن لەسەر كاندیدێك بكەن.
ئەو سەرچاوەیە گوتی، "عەبدولمەهدی هەوڵ دەدات لە دانیشتنی سبەی پەرلەماندا كاندیدانی هەشت وەزارەتەكە بخاتە بەردەم پەرلەمانتاران، دوای گۆڕانكاریكردن لە پۆستی وەزیرەكان كە هەندێكیان دەدرێن بە پێكهاتەكان بە ئامانجی تێپەڕاندنی لە پەرلەمان".
ئاماژەی كرد، "دانوستاندنەكان بەو ئاستە گەیشتوون كە كاندیدانی وەزارەتەكانی داد و پەروەردە و پلاندانان و رۆشنبیری و خوێندنی باڵا بگۆڕدرێن، بەڵام هاوپەیمانی فەتح پێداگیرە لەسەر كاندیدكردنی فالح فەیاز بۆ وەزارەتی ناوخۆ، هاوپەیمانی چاكسازیش داوای كردووە پرسی دەنگدان بەو هەشت وەزیرە دوا بخرێت تا سوننەكان لەسەر كاندیدێك بۆ وەزارەتی بەرگری رێك دەكەون".
حامد موسەوی، لە هاپەیمانی بنیادنانەوە دەڵێ، هاوپەیمانیەتییەكەیان فالح فەیاز وەك كاندیدی وەزارەتی ناوخۆ و قوسەی سوهێل وەك كاندیدی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەخاتەڕوو و زیاتر گوتی، "ئەو پرسە بۆ پەرلەمانتاران جێهێڵدراوە كە دەنگی پێدەدەن یان نا".
ئەگەرچی گفتوگۆ و دانوستاندنەكانی دوو رۆژی رابردوو بەو ئاراستەیە رۆیشتوون كە لە دانیشتنی سبەی پێنجشەم هەشتی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر، كاندیدانی هەشت وەزارەتەكە بخرێنە بەردەم پەرلەمانتاران، بەڵام لە كارنامەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ سبەی، پرسی دەنگدان بە هەشت وەزیرەكەی تێدا نییە، ئەوەیش وەك ئاماژەیەك دەخوێنرێتەوە كە هێشتا رێككەوتنی كۆتایی لەنێوان هێزە سیاسییەكان نەكراوە.