ئاسایشى ڕۆژئاواى سلێمانى ئاشكرای ده‌كات، له شارۆكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ باندێك گیران كه كاریان ده‌ستدرێژی سێكسى بووه بۆ سه‌ر منداڵى خوار ته‌مه‌ن 12 ساڵ و له به‌رده‌م دادوه‌ر ددانیان به تاوانه‌كه‌یان ناوه.
زمناكۆ عومه‌ر، گوته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئاسایشى ڕۆژئاواى سلێمانى به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، هێزه‌كانیان له ناو چه‌مچه‌ماڵ چه‌ندان كه‌سیان گرتووه كه تاوانبارن به كارى دزى و ماده‌ى هۆشبه‌ر و كارى به‌دڕه‌وشتى به‌رانبه‌ر به هاووڵاتییان و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ستگیراوه به‌سه‌ر دوو ملیۆن حه‌بى هۆشبه‌ر، له‌گه‌ڵ حه‌شیش و تلیاك.
روونیشی كرده‌وه، توانراوه چوار باندى تر بگیرێن كه كاریان دزیبووه له هه‌موو بوارێكدا و زۆر شتیان دزیووه، به تایبه‌ت كه‌لوپه‌لى ماڵان و ئۆتۆمبێل، كه ژماره‌یان 12 كه‌س بووه ددانیان به تاوانه‌كانیان ناوه.
به‌رپرسه‌كه‌ى ئاسایش گوتى، له هه‌ڵمه‌تێكیشدا له لایه‌ن مه‌فره‌زه‌كانى ئاسایش باندێكى دوو كه‌سى له ناو شاره‌دێى شۆڕش له ناو ماڵێكدا گیراون كه كارى ئه‌و بانده ده‌ستدرێژی سێكسى بووه بۆ سه‌ر منداڵانى خوار ته‌مه‌ن12 ساڵ و چه‌ندان حاڵه‌تیش تۆماركراوه.
سلێمانى/ هۆشیار عه‌لى