ئەو رێنوێنییە هەڵانەی لەبارەی كێش دابەزاندنەوە دەكرێن

:: PM:10:42:07/11/2018 ‌

كێش دابەزاندن ئامانجی زۆرێك لە خەڵكییە، بەڵام بەدەستهێنانی رەنگە تا ئاستێكی زۆر گران بێت، ئەمەیش دەكرێت بەهۆی بەهەڵەتێگەیشتنێكی زۆر و رێنوێنی هەڵەوە بێت لەبارەی كێش دابەزاندنەوە.

بە پلەیەكی زۆر ئەو قسە باوانەی بیستووتن لەسەر كێش دابەزاندن بەرەو رێگەیەكی ناكامی كێش دابەزاندنت دەبەن، ئەمانەی خوارەوە نموونەی ئەو قسە و رێنوێنیانەن:

یەكەم/ كاربۆهیدرات خراپە، لە راستیدا وازهێنان لە كاربۆهیدرات بەتەواوی دەكرێت سەر بكێشێت بۆ كەموكوڕی لە پێكهاتە خۆراكییەكانی جەستە.

دووەم/ كەمخواردن وا دەكات كێش دابەزێنیت، لە راستیدا خۆ بەدوورگرتن لە كالۆری بەهۆی كەمخۆرییەوە كرداری هەڵوەشاندنەوەی خواردن بۆ دروستكردنی وزە و پڕۆتین، یان بۆ دەركردنی پاشەڕۆ، هێواش دەكاتەوە و سەرەنجام لەجیاتی كێش كەمكردنەوە، دەبێتە هۆی زیادكردنی كێشت.

سێیەم/ دەبێت بەبێ دوودڵی تەنیا خواردنی "بێ چەوری" بخۆیت، لە راستیدا زۆرجار ئەو خواردنانەی چەوریان تێدا نییە هەمان بڕ لە كالۆرییان تێدایە وەك لەوانەی پڕ لە چەورین.

چوارەم/ دانانی سیستەمێك بۆ خواردنەوە ئاسانترین رێگەیە بۆ دابەزاندنی كێش، لەوانەیە تەنیا پێڕەوكردنی سیستەمی خواردنەوە ببێتە هۆی دابەزاندنی كێش بەخێرایی، بەڵام بەتەواوی وازهێنان لە خواردنی ئەو خۆراكانەی كالۆرییان تێدایە دواجار دەبیتە هۆی هێواشكردنەوەی كرداری مێتابۆڵیزم، واتە هەڵوەشاندنەوەی خۆراك بۆ دروستكردنی وزە و پڕۆتین، یان بۆ دەركردنی پاشەڕۆ.

پێنجەم/ كێش دابەزاندن و چەوری دابەزاندن هەمان شتن، لە راستیدا كێش دابەزاندن دەكرێت كەمكردنەوەی ئاو، ماسوولكە یان چەوری بێت لە جەستەدا.

شەشەم/ راهێنانی وەرزشی قەرەبووی سیستەمێكی خۆراكی خراپ دەكاتەوە، لە راستیدا گەر سیستەمی خۆراكییەكەت خراپ و ناتەندروست بێت، هەرچەندە زۆریش راهێنان و مەشقی وەرزشی بكەیت، زۆر گران دەبێت بتوانیت كێشت دابەزێنیت.

وشە/ محەمەد شابان



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل