مانچستەر یونایتد لە دواساتەكاندا یۆڤێنتۆسی بەعەرز دادا

:: AM:09:13:08/11/2018 ‌

یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی لە دواساتەكانی یارییەكەی شەوی رابردووی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا پشتی یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی بەعەرز دادا و سەركەوتنێكی گەورەی بەسەردا تۆمار كرد.

شەوی رابردوو یانەی مانچستەر یونایتد لە گەڕی چوارەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی ئەلیانز ستادیۆم بووە مێوانی یانەی یۆڤێنتۆس و یارییەكەشی بەئەنجامی 1-2 گۆڵ لێ بردەوە.

لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا هەردوو یانەكە بەبێ گۆڵ یەكسان بوون، بەڵام لە گێمی دووەمدا كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی لە خولەكی 65 یانەی یۆڤێنتۆسی كردە خاوەن گۆڵێك.

دوای چەند گۆڕانییەك كە جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتد بۆ تیپەكەی ئەنجامی دا، خوان ماتای ئەستێرەی ئیسپانی لە لێدانێكی راستەوخۆدا لە خولەكی 86 گۆڵی یەكسانبوونەوەی بۆ تیپەكەی تۆمار كردەوە.

هەروەها لە خولەكی كۆتایی یارییەكەدا ئەلێكس ساندرۆی بەرگریكاری بەڕازیلی بەشێوەی هەڵە گۆڵی دووەمی لەسەر یانەی یۆڤێنتۆس بۆ یانەی مانچستەر یونایتد تۆمار كرد و بەمەش 2 خاڵی گرینگی بۆ یانەكەی لەدەست دا.

هەرچەندە یانەی یۆڤێنتۆس یارییەكەی دۆڕاند، بەڵام بە كۆكردنەوەی 9 خاڵ هەر لە پێشەنگی یانەكانی كۆمەڵەی هەشتەمی خولەكە مایەوە، یانەی مانچستەر یونایتدیش بە 7 خاڵ پێگەی خۆی لە دووەمی یانەكان قایمتر كرد، یانەی ڤالێنسیاش 5 خاڵی هەیە و لە ریزی سێیەمە و یانەی یۆنگ بۆیزیش بە خاڵێك لە ریزی چوارەم و كۆتاییە.

ئەنجامی یارییەكانی تری شەوی رابردووی گەڕی چوارەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەمشێوەی خوارەوە بوو:-

ڤالێنسیا (ئیسپانیا) 3-1 یۆنگ بۆیز (سویسڕا)

سیسكا مۆسكۆ (رووسیا) 1-2 رۆما (ئیتاڵیا)

بایرن میونشن (ئەڵمانیا) 2-0 ئایك ئەسینا (یۆنان)

بەنفیكا (پورتوگال) 1-1 ئەیاكس ئەمستەردام (هۆڵەندا)

مانچستەر سیتی (ئینگلتەڕا) 6-0 شاختار دۆنیتیسك (ئۆكڕانیا)

لیۆن (فڕەنسا) 2-2 هۆڤنهایم (ئەڵمانیا)

ڤیكتۆریا بلزن (چیك) 0-5 ریال مەدرید (ئیسپانیا)





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م